Smiley face
Smiley face
Smiley face

لافاو لە گەرمیان.. بە وێنە

2018-02-18 10:14:53



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 


بەهۆی بارانی بەردەوامەوە لە زۆر ناوچەی گەرمیان لافاو دروست بووە، قائیمقامیەتى کەلار و هاتوچۆی گەرمیانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، ئاگاداری خۆیان بن و بۆ کاری زەروور نەبێ نەچنە دەرەوە. 


لە زۆربەى چەم و دۆڵەکانى سنوری ئیدارەى گەرمیان بە هۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەوە، لافاوى تێدا دروست بووە و بە هۆی  بەردەوامى  باران بارینیشەوە، هۆشداری لەمەترسی دروستبوونى لافاوى مەترسیدار دەدرێت، بۆیە پشووی فەرمی لە گەرمیان ڕگەیەندراوە. 


هەڤاڵ ئیبراهیم، وتەبێژى ئیدارەى گەرمیان بە ڕۆژنیوزى وت: بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتى پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێم، کە ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کراوە و تیایدا پیشبینی باران بارینی زۆر و ئەگەر ڕوودانی لافاوی کردووە، ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (۱۸ی شوباتی ۲٠۱۸) لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە سنورەکە پشوی فەرمی بێت، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.

 


لە لایەکى تریشەوە، سیروان حەسەن وتەبێژى قائیمقامییەتى شارۆچکەى کەلار بۆ ڕۆژنیوز وتى: هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان ئامادەن بۆ ڕووبەڕوبونەوەی هەر ئەگرێکی نەخوازراو، لەگەڵ ئەوەی لەحاڵەتی ئامادەباشیداین بەڵام هۆشداری دەدەینە هاوڵاتیان، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشبینى ده‌کرێت بارانێکى زۆر ببارێت مه‌ترسى دروست بوونى لافاو هه‌یه‌.

 


ئەوەشی وت: بۆیه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌ک و ماڵانه‌ى له‌ ساڵانى ڕابردوودا به‌ر لافاو و گردبوونه‌وه‌ى ئاوى باراناو که‌وتن، له‌ مه‌ترسى لافاو ئاگاداریان ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێوشوێنى گونجاو بگرنه‌به‌ر.

هەروەها سیروان حەمە ساڵەح، شارەزا لە بواری کەشناسی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە نیوەشەوی ڕابردوەوە تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانی بەخوڕ دەباریت لەگەڵ هەورە بروسکە، بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژە باران دەبارێت، زەوی ئاوی خواردووە، بۆیە مەترسی دروستبوونی لافاوی زۆر هەیە لە زۆرینەی ناوچەکانی گەرمیان، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان نەڕۆنە شوێنە نزماییەکان و چاڵەکان، چونکە ئەو ناوچانە مەترسی زۆریان لەسەرە بەهۆی لافاوەوە. 

 


لە لایەکی تریشەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، داوا لە هاوڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێ، نەچنە دەرەوەی ماڵەکانیان.


لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیاندا، کە بۆ کۆپیەکی ڕۆژنیوز نێردراوە، باس لەوە کراوە: بە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانەی، کە ڕووی لە ناوچەی گەرمیان کردوە، پێشبینی دروستبونی لافاو لە بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان (بەتایبەت ناوچە نزمەکان) دەکرێت، ھاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان بە ئامانجی پاراستنی سەر و ماڵی ھاوڵاتیان، ھۆشداری دەداتە ھەموو لایەک لەکاتی زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان دەرنەچنە دەرەوە و خۆیان بپارێزن لە لافاو.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin