Smiley face
Smiley face
Smiley face

سوپای تورک لە دژی عەفرین گازی کلۆری بەکارهێناوە.. نوێکراوەتەوە

2018-02-18 14:14:23



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


ئەنجومەنی تەندروستی کانتۆنی عەفرین، بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لەلایەن سوپای تورک لە دژی هاوڵاتیانی عەفرین پشتڕاست کردەوە.


ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەی ئاڤرین لە ناوەندی عەفرین، ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد و ئاشکرای کرد، کە سوپای تورک لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی گازی کلۆری بەکارهێناوە.


دکتۆر خەلیل سەبری، وتەبێژی ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەمان کرد لەسەر ئەو هاوڵاتییانەی بەبهۆی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لەلایەن سوپای تورکەوە لە گوندی ئەرەندی سەربە شارۆچکەی شییە نەخۆش کەوتبوون.


ڕاشیگەیاند: پزیشکە پسپۆڕەکانمان لە تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاڤرین لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیاندا بەو دەرئەنجامە گەیشتن، کە کاریگەری مادەی کیمیاوی لەسەر ئەو بریندارانە هەبووە و گازی کلۆر لە دژیان بەکارهێنراوە.


لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ هەموو ناوەندە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێرین.


ناوی ئەو هاوڵاتیانەشی کە بەهۆی چەکی کیمیاوییەوە بریندار بوون بریتییە لە: عەبدوڕەحمان شەلیل، مەحمود ڕەشید حەسون، ئەحمەد محەمەد حەمۆ، عەدنان شەلیل عوسمان، محەمەد عارف حەقی.


ڕۆژی هەینی ڕابردوو، سوپای تورک هێرشی کردە سەر گوندی ئەرەندی سەر بە شارۆچکەی شییەی عەفرین، پزیشکەکان وتبوویان دۆخی بریندارەکان ئەوە نیشان دەدات، کە سوپای تورک گازی ژەهراویی لە دژی هاوڵاتییان بەکارهێناوە.


هەر بەو مەبەستەش لە نەخۆشخانەی ئاڤرین لەسەر شەش برینداری ئەو هێرشە لێکۆڵینەوە ئەنجامدرا و ئەمڕۆ ئەنجومەنی تەندروستی کانتۆنی عەفرین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ڕاگەیاند.


گازی کلۆر جۆرێکە لە جۆرەکانی چەکی کیمیایی و جەستەی مرۆڤ دەسوتێنێت، ئەو گازە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گازێکی قەدەغەکراوە، بەڵام سوپای تورک و چەتەکانی سەر بە تورکیا لە هێرشیان بۆ سەر عەفرین بەکاریان هێناوە.


ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی پێشوی عێراق گازی کیمیایی لە دژی هاوڵاتیانی هەڵەبجە بەکارهێنا و بەهۆیەوە پێنج هەزار هاوڵاتی شەهید بوون.


دوای ٣٠ ساڵ و لە ناوچەیەکی دیکەی کوردستان جۆرێکی دیکەی چەکی کیمیایی لە دژی هاوڵاتیانی کورد بەکاردەهێنرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێدەنگن.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin