Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی، لە بەڕێوبەرایەتییەک چەندین ملیارد دینار دیارنامێنێت

2018-02-20 08:25:37



ڕۆژنیوز- سەمیرا شەهابی

 

لە بەڕێوبەرایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکاری سلێمانی، چەندین ملیارد دیناری هاوڵاتیان دیار نامێنێت و بەرپرسانی ئەو بەڕێوبەرایەتیەش هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نادەن.

 

بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکاری سلێمانی، کە تایبەتە بە وەرگرتن و پێدانی نەفەقەی ئەو ژنانەی، کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە لەگەڵ منداڵەکانیان، لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە پارەی دابەش نەکردووە، لەئەنجامی سکاڵای هاوڵاتیانیش دەرکەوتووە، کە بڕی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی لەو بەڕێوبەرایەتییە دیار نەماوە.

 

ئەو هاوڵاتیانە لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانسکاڵایان تۆمارکردووە و  ئێستا لەدادگای سلێمانی لێکۆڵینەوە لە کەیسی دیار نەمانی پارەکە دەستیپێکردووە.

 

باخان ئازاد، یەکێک لە سکاڵاکەران بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمە مانگانە سەردانی بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردنی سلێمانی-مان دەکرد بۆ وەرگرتنی  ئەو بڕە پارەرەی، کە بۆمان دیارییکراوە، بەڵام دەیانوت پارە نییە و بە کۆمەڵێک قسەی دوور لە ڕاستی بە ڕێیان دەکردین".

 

 

باخان، وتیشی:"لە ئەنجامی هەموو ئەو بێ وەڵامییە ناچار سکاڵامان لە داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکیی تۆمار کردووە و لە هەولێریش داواکاریمان پێشکەش بە وەزیری داد کردووە، دەرکەوتووە کە ئەوان گەندەڵیان کردووە هیچ پارەیەک لە حسابی بانکیەکەیاندا نییە".

 

باخان ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، لە دادگا وتەیان لێوەرگیراوە و هەموو گەندەڵییەکانیان بۆ دادوەر خستووەتە ڕوو، لەڕێگای دەستەی دەستپاکی هەرێمیشەوە ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە، کە نزیکەی دوو ملیار ٥٠٠ ملیۆن دینار لەو بەڕێوبەرایەتیە دیار نەماوە.

 

ئاشتی سەباح، یەکێکی دیکە لە سکاڵاکارانی سەر بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردنی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت:"لەسەر ئەم بابەتە ١٢ کەس دەستگیرکراون، ئەمانە حەقی ئێمەیە هی مناڵەکانمانە و دەبێت بدرێت".

 

 

ئاشتی، وتیشی:"بێجگە لەوەی وەڵاممان نادەنەوە سووکایەتیشمان پێدەکەن و دەڵێن کە کەس نییە فایلی ئەوان ئاشکرا بکات".

 

ڕۆژنیوز سەردانی بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکاری سلێمانی کرد، بۆ ئەوەی وتەی بەرپرسان وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin