Smiley face
Smiley face
Smiley face

خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرایە ژینگەپارێزێکى خۆبەخش

2018-02-20 15:33:43



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامى

 

لەبەرامبەر چالاکییە ژینگەییە خۆبەخشانەکانیدا، خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرایە ژینگەپارێزێکى بەتەمەنى هەڵەبجە، کە لەماوەى ١٠ ساڵدا سەرقاڵى ناشتنى نەمام و پاراستنى ژینگە بووە.

 

ئەمڕۆ لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى ڕێنمایى کشتوکاڵى هەڵەبجە، بەئامادەبونى بەرپرسانی حکومی و ژینگەدۆستانى شارەکە، بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى هەڵەبجە مەراسیمێکى ڕێزلێنانى بۆ بەخشینى خەڵات بە ژینگەپارێزکى خۆبەخشى شارەکە ساز ڕێکخست.

 

لەوبارەیەوە ئومێد ئەحمەد، بەرپرسى بەشى ڕێنمایى کستوکاڵى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کشتوکاڵى هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزى وت:"ئامانجمان لەم چالاکییە خستنەڕووى ئەرک و ماندوبوونى ژینگەپارێزێکى خۆبەخشە، کەماوەى زیاتر لە ١٠ ساڵە خۆبەخشانە سەرقاڵى سەوزکردن و ناشتنى نەمامە لەسەر ئەرکى خۆى و پارێزگاریان لێ دەکات، دەمانەوێت بەم مەراسیمە هانى خەلکانى تر بدەین چاو لەم ژینگەپارێزە بکەن و هەوڵى پاراستنى ژینگە بدەن".

 

 

عومەر کەریم-ی ژینگەپارێز کارى ژینگەیى دەکات و توانیویەتى شەش ژوور لەنێوان هەڵەبجە تا گوندەکانى چنار و مۆردین دروست بکات بۆ پشودان و مانەوەى گەشتار و هاوڵاتیان لەکاتى گەرما و سەرمادا، وە بەدرێژایى ئەو ڕێگە و بەچواردەورى ژورەکان نەمامى ناشتوە و هەر خۆشى ئاویان دەدات و خزمەتیان دەکات، لەگەل ئەوانەشدا ساڵانە ٤٠ دۆنم دارستانى سروشتى لە بەڕوو و قەزوان و گۆیژ هەڵپاچیوە و خزمەتى کردوون و لەسوتان و لەناوچوون پاراستونى.

 

 

عومەر کەریم بۆ ڕۆژنیوز دوا و، وتى:"هەرچەندە تەمەنێکم کردووە، بەڵام خولیام بۆ پاراستنى ژینگە واى لێکردووم کە بیر لەماندویەتى نەکەمەوە و ئەوەى لەتوانامدا بێت ئەنجامى بدەم بۆ زیاتر سەوزکردنى شارەکەم، و تاوەکو تەمەنم مابێت و بتوانم زیاتر هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەى ژینگە بپارێزم و زیاتر سەوزى بکەم".

 

عومەر، وتیشى:"خۆم بەتەنها ڕۆژانە سەرقاڵى کارەکەم دەبم و جارى واهەیە بە دەبە ئاو دەبەم بۆ ئاودانى درەختەکان و گوێ بەماندوبوونیش نادەم و تا کۆتایى تەمەنم لەگەڵ خزمەت کردن بەژینگە بەردەوام دەبم".

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin