Smiley face
Smiley face
Smiley face

بریندارانی شەڕی داعش داواکارییەکیان گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان

2018-02-20 17:44:58



ڕۆژنیوز - ڕێبین یوسف

 

بریندارانی شەڕی داعش ڕایدەگەیەنن، کە بەهۆی برینەکانیانەوە پێویستیان بە چارەسەریی بەردەوام هەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەڵام داخستنی ‌‌فڕۆکەخانەکانی هەرێم کێشەی بۆ دروستکردوون، داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، فشار لەسەر بەغدا دروستبکات.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، بەشێک لە بریندارانی شەڕی داعش، بەهۆی خراپی باری تەندروستی و جەستەییانەوە، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئەنجامدا.

 

قودسی عەلی قادر، سەرۆکی کۆمەڵەی شەهیدانی زیندووی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی: بەهۆی شەڕی چەتەکانی داعش-ەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، ئێمە لە سەنگەرەکانی بەرگریی لەبری جیهان شەڕمانکرد و توانیمان چەتەکان تێکبشکێنین و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانمان شەهیدبوون و ئێمەش بەشێکی جەستەمان لەپێناو مرۆڤایەتیی لەدەستدا و برینداربووین.

 

 

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە بەهۆی برینەکانمانەوە بەردەوام پێویستمان بەچارەسەری بەردەوام هەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەڵام گەمارۆ ئاسمانییەکان لەسەر فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگای دەرەوەی لێگرتووین و لە ناوخۆیش قەیرانی دارایی کێشەی بۆ دروستکردووین و بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێدوایستی پزیشکیی و گرانیی نرخەکەی لەبازاڕدا، گیانمان لە مەترسیدایە و بەشێک لە هاوڕێکانمان هەر بەم هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

سەرۆکی کۆمەڵەی شەهیدانی زیندووی کوردستان، وتیشی: داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێ و فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ ئاسمانییەکان لەسەر هەرێم، هەروەها هەرچی زووە فشار لەسەر بەغدا بکرێ تاوەکو بەشە دەرمانی هەرێم ڕەوانە بکات، هەروەها نێردە دیبلۆماسییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان بێنە نەخۆشخانەکانی هەرێم و باری نەخۆشخانەکان ببینین.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin