Smiley face
Smiley face
Smiley face

له‌ ڕۆژى جیهانیی زمانى دایک پانێلێک له‌سه‌ر شێوه‌زارى هه‌ورامى به‌ڕێوه‌چوو

2018-02-21 19:08:21



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، یانه‌ی سیاوچه‌مانه‌ به‌ هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌، پانێلێکی زانستی بۆ چوار چالاکوان و مامۆستای ناوچه‌ی هه‌ورامان ڕێکخست.


دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی ئیداریی و چالاکوانان و به‌شێک له‌ هه‌ورامییه‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ به‌رزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پانێلێکی زانستی له‌سه‌ر شێوه‌زارى هه‌ورامى به‌ڕێوه‌چوو.


له‌ سه‌ره‌تای پانێله‌که‌دا جه‌مال بێدار چالاکوانی بواری زمانه‌وانی، بابه‌تێکی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند: هه‌ورامی، ستاندارد و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌، که‌ جیای ده‌کاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی تردا و له‌ ڕووی ئه‌داکردنی هه‌ندێ پیت و ووشه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌یه‌، که‌ خودی هه‌ورامییه‌کان به‌ جوانی ده‌توانن ئه‌دای بکه‌ن.

 


دواتر ماجد خه‌لیل، مامۆستای زانکۆ بابه‌ته‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش کرد و وتی: نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی مێژوویه‌کی دێرینی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یه‌ و هه‌رچی دۆزینه‌وه‌ مێژوویی و ئاسه‌واره‌کان، که‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌ مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ساڵ پێش زایین، له‌کاتێکدا مێژووی دێرینی گه‌لانی ئه‌وروپا ناگاته‌ دوو هه‌زار ساڵیش، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی زمانێکی کۆن و دێرینه‌ که‌ له‌نێو زنجیره‌ چیاکانی زاگرۆزه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌".

 


هه‌روه‌ها ئیبراهیم حاجی زه‌ڵمی مامۆستای زانکۆ له‌ بابه‌ته‌که‌ی خۆیدا باسی له‌وه‌ کرد: هه‌ورامی به‌شێک بوه‌ له‌ گۆران و هه‌ر له‌ سه‌رده‌می میرنشینی ئه‌رده‌ڵانیش، که‌ ناوچه‌یه‌کی زۆری کوردستانی گه‌وره‌ی داگیرکردبو ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی به‌ شێوه‌زمانی هه‌ورامی نوسراونه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زمانێک که‌ ده‌سه‌ڵات و ئایینێکی وه‌ک یارسان ڕه‌وایه‌تی پێ بدات بۆ ده‌بێت سیاسه‌ت هه‌وڵی به‌ شێوه‌زارکردنی بدات که‌ ئه‌مڕۆکه‌ ده‌یبینین.

 


هه‌ر له‌ پانێله‌که‌دا ناجح گوڵپی، چالاکوان قسه‌ى کرد و وتى: هه‌ورامی خاوه‌نی ٣٩ پیته‌ که‌ نۆ دانه‌یان ده‌نگدار و ئه‌وانی تریش بێ ده‌نگن، ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ هه‌ورامی فۆنه‌تیکێک و ده‌رخه‌رێکی جیاوازی هه‌بێت، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک جیاوازی تری له‌گه‌ڵ سۆرانیدا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ چاوگ و داڕشتن و پاشگره‌کانی بزوێن و نه‌بزوێن.

 


له‌ کۆتایی پانێله‌که‌شدا ئاماده‌بووان تێبینی و سه‌رنجه‌کانیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی پانێڵه‌که‌ خسته‌ڕوو و پێشکه‌شکارانیش وه‌ڵامیان دانه‌وه‌.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin