Smiley face
Smiley face
Smiley face

له‌ که‌رکوک سێ کتێب بڵاوکرانه‌وه‌

2018-02-21 19:54:20



ڕۆژنیوز – هاوار ستار


له‌ شارى که‌رکوک سێ کتێبی ئه‌ده‌بیی بڵاوکرانه‌وه‌، که‌ هه‌ر له‌ شیعر و چیرۆک پێکهاتبوون.


ئه‌مڕۆ له‌ کۆڕێکدا له‌ ناوه‌ندی دیالۆگ له‌ شاری که‌رکوک سێ کتێبی ئه‌ده‌بیی بڵاوکرانه‌وه‌، که‌ دوو کتێبیان له‌سه‌ر ئه‌رکى ڕێکخراوی داودی بۆ گه‌شه‌پێدان بڵاوکرانەوە و کتێبەکەی دیکەش لەسەر ئەرکی مامۆستایەکی زانکۆ بڵاوکرایەوە.


یه‌کێک له‌ کتێبه‌کان به‌ ناوی (لێگه‌ڕێن با ژنێک بدوێ) له‌لایه‌ن ڕه‌وه‌ند ساڵح نوسراوه‌ و یه‌کێکى دیکه‌یان که‌ به‌ زمان عه‌ره‌بیه‌ بە ناوی (قصاصات قد تستحق القرا‌وه‌) له‌لایه‌ن ئاره‌زوو داودی نوسراوه‌، کە هەردووکیان له‌سه‌ر ئه‌رکى ڕێکخراوی داودی بۆ گه‌شه‌پێدان بڵاوکرانەوە، کتێبەکەی دیکه‌شیان بێستون یوسف ناسراو به‌ هه‌ژار نوسیویه‌تى، به‌ ناوی (غه‌زه‌لنامه‌ی هه‌ژاره‌) کە لەسەر ئەرکی د. ڕێبوار محەمەد مامۆستا لە زانکۆی کەرکوک چاپکرابوو.


ئاره‌زوو داودی له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕاسته‌ من به‌ نه‌ته‌وه‌ کوردم به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بیم ته‌واو کردوه‌ به‌ عه‌ره‌بی ده‌نووسم و کتێبه‌که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک نوسینی تێدایه‌ له‌ شێوه‌ی گێڕانه‌ و په‌خشان و هه‌روه‌ها چه‌ند شیعرێکی خۆمن.

 


وتیشی: ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌ش به‌ گشتی له‌سه‌ر عه‌شق و خۆشه‌ویستی-یه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌ بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر یان خاک و نه‌ته‌وه‌ یاخود که‌سوکار به‌ تایبه‌تی دایک و باوک و منداڵ.


باسى له‌وه‌ش کرد: ئه‌گه‌رچی به‌ گشتی بواری ئه‌ده‌بی له‌ شاری که‌رکوک پاشه‌کشه‌ی کردوه‌، ماوه‌یه‌که‌ به‌ گشتی و ژنانیش به‌ تایبه‌تی به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نین، که‌ جوڵه‌ی خانمانیش له‌م شاره‌ به‌رده‌وامه‌.


هه‌روه‌ها ڕه‌وه‌ند ساڵح له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی خۆی باسى له‌وه‌ش کرد: کتێبه‌که‌ی من کتێبێکی شیعریه‌ و ناوه‌رۆکی کتێبه‌که‌ی من له‌ هه‌موو جۆره‌ بابه‌تێکی تێدایه‌ له‌ جۆری ئاشتی و مرۆڤایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و ژن و ئه‌وینداری و جه‌نگ.

 


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: نوسینه‌کانم کۆمه‌ڵێک ستایل له‌ خۆ ده‌گرێت له‌و کتێبه‌دا که‌ هه‌ندێکیان کلاسیکین و کێش و سه‌روایان هه‌یه‌ و هه‌ندێکیان ده‌قی کورت و درێژن و هه‌ندێکیشی په‌خشان و پۆسته‌ره‌ شیعرن و به‌ گشتی فره‌ بابه‌تن.


بێستون یوسف-یش له‌باره‌ى کتیبه‌که‌ى خۆیه‌وه‌ وتى: کتێبه‌که‌ خۆی له‌ ٨٣ غه‌زه‌ل ده‌بینێته‌وه‌ و ته‌واوی کتێبه‌که‌ له‌سه‌ر شێوازی کلاسیک نوسراون، چونکه‌ له‌و بواره‌ من ده‌نوسم و ده‌ستم بۆ نوسینی شیعری ئازاد نه‌بردووه‌.

 


ئه‌وه‌شى وت: ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر هه‌یه‌ من ناتوانم به‌ شیعری ئازاد پته‌وی بکه‌م، به‌ڵکو ئه‌و شیعرانه‌ ده‌نوسم که‌ بونیادی مۆسیقیان هه‌یه‌ و به‌ شێوازی کلاسیک نوسیومن.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin