Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە دوو ڕووداوی جیادا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

2018-02-22 08:34:16



ڕۆژنیوز- سلێمانی و بادینان


لە سلێمانی و بادینان بەهۆی دوو ڕووداوی جیاوازەوە پیاوێکی تەمەن ٨٠ ساڵ و گەنجێکی تازە زاوا گیانیان لەدەستدا.


شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی کانی با لە شاری سلێمانی بەهۆی گڕگرتنی زۆپاوە پیاوێکی ٨٠ ساڵە گیانی لەدەستدا و لە بادینانیش لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گەنجێک کە تازە زاوا بووە، گیانی لەدەستداوە.


ڕێکان جەمال، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە گەڕەکی کانی بای شاری سلێمانی، بەھۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ھاوڵاتیەکی تەمەن ٨٠ ساڵ گیانی لەدەستدا. 


ڕێکان جەمال، وتیشی: ئاگرەکە بەھۆی کەوتنی زۆپاوە ڕوویداوە، ھەروەھا ئەو ماڵەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە ھەمووی خاوەن پێداویستی تایبەتن جگە لە کەسی یەکەمی خانەوادەکە بۆیە کاتێک زۆپاکە کەووتوە باوکی ئەو خانەوادەیە ھەستاوە زۆپاکە بکوژێنێتەوە، بەڵام لەوکاتەدا زۆپاکە کڵپەی کردووە و ئەو ھاوڵاتیە بەھۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە گیانی لەدەستداوە، کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیش بە سووکی سووتاوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.


وتەبێژی بەرگری شارستانی، ئاماژەی بەوەشدا: تیمەکانی بەرگری شارستانی دەستبەجێ چونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بەھاوکاری کارمەندە دڵسۆزەکانی بەرگری شارستانی توانراوە لەماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.


لەلایەکی ترەوە لە بادینیانیش کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گەنجێک گیانی لەدەستدا، لەو بارەیەوە مقدم ئازاد تەها، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەسەر ڕێگای شارەدێی ڕۆڤیا – شارۆچکەی بەردەڕەش نزیک گوندی "قەرەناس" بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری بارهەڵگر و جۆری تایبەت، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانی لەدەستدا.


بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە هەر دوێنێ ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، کاتێ لە ئاهەنگەکەیان گەڕاونەتەوە، زاوا بوکی لە ماڵ داناوە و خزمەکانی گەیاندووەتە ماڵی خۆیان و لەکاتی گەڕانەوەی توشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە دەستبەجێ زاوا گیانی لەدەستداوە.

ئەو گەنجەی گیانی لەدەستدا


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin