Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی هەولێر ڕوو لە وەرزشی زۆمبا دەکەن

2018-02-22 09:42:08



ڕۆژنیوز - ڕێبین یوسف

 

ژنانی شاری هەولێر ڕوو لە وەرزشی زۆمبادەکەن و دەڵێن:"ئەم وەرزشە بەشێکە لە سەما و دەبێت کۆمەڵگا لەوە تێبگات، کە عەیبە نییە".

 

سەما یان وەرزشی زۆمبا، وەرزشێکی کۆڵۆمبییە و لە باشوری کوردستان-یش ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازیی لێدەکەن، لە شاری هەولێر-یش چەند ناوەندێکی ڕاهێنان بۆ ژنان کراوەتەوە.

 

لەیلا حاجی محەمەد، ماوەی پێنج ساڵە زۆمبا دەکات و دوای بەشدارییکردن لەخولێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی میسر بڕوانامەی ڕاھێنەریی بەدەست ھێناوە، ئێستا ڕاھێنەری زۆمبایە لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی تایکواندۆی ھەولێر و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئەم وەرزشە بەشێکە لە سەما و دەبێت کۆمەڵگا لەوە تێبگات کە عەیبە نییە".

 

 

لەیلا، ئاماژەی بە گرنگیی وەرزشی زۆمبا کرد و وتی:"ئەم وەرزشە بۆ ھەموو تەمەنێک دەبێت، بە تایبەت بۆ دوورخستنەوەی ژنان لەخەمۆکیی و کەمکردنەوەی ئازارەکانی سوڕی مانگانە و ڕێکخستنی لەش و دابەزاندنی کێش، بۆی پێویستە لە سەر ژنان کە خۆیان هەوڵبدەن کە هاوسەرەکانیان هۆشیار بکەنەوە لە سەر سودەکانی ئەم وەرزشە".

 

بەناز ڕزگار، یەکێکی دیکە لە وەرزشوانانە و زیاتر لە ساڵێکە زۆمبا دەکات، لە بارەی بەشداریی ژنان لەو وەرزشە، وتی:"بەشداری ژنان لەم وەرزشەدا پەیوەستە بە ئاستی تێگەیشتنی خودی کەسەکان، زۆمبا جگە لەوەی کە لەشولارێکی ڕێک و جەستەیەکی تەندروستمان پێدەبەخشێت، هاوکات کاریگەری ئەرێنیشی لە ڕووی ڕۆحییەوە دروست دەکات".

 

 

زۆمبا، پشت دەبەستێت بە تێکەڵکردنی چەند جۆرێک سەمای لاتینیی وک: سامبا، سالسا، ڕیگاتۆن، کۆمبییا، مییرینگی، بێلی دانس لەگەڵ چەند راهێنانێکی وەرزشیدا، ئەم وەرزشە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە دەستی پێکرد کە پێکدێت لە کۆمەڵێک سەما، کە هەر یەکێکیان دیزاینێکی تایبەتی هەیە و لەسەر ڕیتمی ئاوازی میوزیکی لاتینییە و توانای سوتانی ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ کالۆریی هەیە لە کاتژمێرێکدا و لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرە بۆ نەهێشتنی خەمۆکی.

 


ش.ف
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin