Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەنفال و عەفرین.. شرۆڤە

2018-02-22 09:50:45



قاسم ئەنگین

 

لە مێژووی کوردستاندا ڕۆژانێک هەن کە قەت لە بیر ناچنەوە، بە جۆرێک کە لە بیربردنەوەیان خیانتێکی مێژووییە و ونکردنی ئەخلاقی مرۆییە.

 

سبەینێ ڕۆژی ٢٣ی شوباتە، لە ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دا ڕژێمی بەعس ئەنفالی لە دژی گەلی کورد دەستپێکرد، هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ و بێ سەروشوێن کرد.

 

بەڵام پێش ئەنفالی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨، قازی مەحەمەد پێش ١٩٨٨ دا و لە چوارچێووەی شۆڕشێکی گەورەدا لە ساڵی ١٩٤٦، ئەوەی بە جوانی وتبوو و کوردی بۆ دوژمن وەک غەنیمەت ناوزەدکردبوو.

 

قازی حەمەد وتبووی: لە چاوی ئەواندا چەند کورد هەیە، ئەگەرچی موسڵمانیش بن، بەڵام تاوانبارن، کوشتن و لەناوبردنیان ڕەوایە، ئێمە وەک غەنیمەت لە قەڵەم دەدەن، دوژمنە فێڵبازە گەورەکانمان بەدیلیان گرتووین و کوشتوویانین، چونکە لە مەیدانەکانی شەڕ دەرەقەتمان نەهاتوون، هەمیشە فێڵبازییان کردووە.

 

قازی محەمەد لە شوێنێکی دیکەش دا دەڵێت: "تا کاتێک یەک نەگرن سەرناکەون، دژی یەکدی زۆرداری مەکەن"، لە ڕۆژانێکی وەهادا کە بەرەو ئەنفالێکی دیکە دەچین قسەکانی قازی مەحەمەد لە گوێمان دا دەزرینگێتەوە.

 

ئەمڕۆ هەمووان چیرۆکی هەڵەبجە دەزانن، کاتێک بەرژەوەندیی وڵاتانی پیلانگێڕ و هێزە ئیمپریالیستییەکان یەکدەگرن، ڕووداوی وەک هەڵەبجە ڕوودەدات، لە ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا هەزاران کورد لە هەڵەبجە کیمیابارانکران، هەڵەبجە لە ناو تراژیدیایەک کە لە باشوری کوردستان دا ڕوویداوە تەنیا یەکێکە لەو ڕووداوانە.

 

لە کاتی شەری ئێڕان و عێراقدا چوار هەزار گوندی کورد چۆڵکران، زۆربەیان سووتێندران، ملیۆنەها هاوڵاتی دوورخرانەوە لە شوێنی ژیان و ئاوارەبوون.

 

ڕژێمی سەدام بەو ئۆپەراسینە دەڵێت ئەنفال کە لە مانگی شوباتی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و تا ئەیلول بەردەوام بوو، لەو کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد کۆمەڵکوژکران.

 

ئەنفال سورەتێکی قورئانە و بە واتای "غەنیمەتی شەڕی پیرۆز" دێت، لەو شەڕانەدا ماڵی کافرەکان وێران دەکەن و و پاشان دەست بە سەرداگرتنی ماڵەکانیان حەڵاڵە، وەکچۆن لە سەرەوە باسکرا، لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا ١٨٢ هەزار کورد کوژران و بێ سەروشوێن کران.

 

ڕژێمی بەعس ئەنفالی لە ساڵی ١٩٨٨دا و لە دۆڵی جافایەتییەوە دەستپێکرد، پێش ئەویش لە چەندین شوێن چەکی کیمیاویی لە دژی کورد بە کار هێنابوو، دووەمین ئەنفال لە ئازاری ١٩٨٨دا لە گوندی سێوسێنان ئەنجامدرا، ئەنفالێکی زۆر توندیش لە دژی گەرمیان ئەنجامدرا، دەوترێت کە تەنیا لەوێ زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کۆمەڵکوژکراون، هەر دوابەدوای ئەوانە ئەنفالی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەم ئەنفالیش لە ڕۆژی ٢٥ی ئابی ١٩٨٨ لە بادینان ئەنجام دراوە.

 

ڕژێمی سەدام لە ڕۆژی ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨دا لێبوردنی گشتیی ڕاگەیاند و و بە قسە کۆتایی بە ئەنفال هێنا، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ١٩٩١یشدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد لە گوندەکانیان دەرکراون.

 

کەریم یڵدز کە چالاکوانێکی نێودەولەتیی مافەکانی مرۆڤە، لە کتێبێکیدا بە ناوی کوردانی باشور دەنووسێت: پاش ئەوەی دوو ساڵ بە سەر ئەنفالدا تێپەری، دوو لە سەر سێی خاکی کوردستان بە تەواوی چۆڵکرابوو، سەدان هەزار مرۆڤ ئاوارەکرابوون، تا ئەو کاتەی هەڵەبجە کۆمەڵکوژکرا، ویژدانی جیهان لە ئاستی گەلی کورد دا کەڕوڵاڵ و کوێر بوو.

 

کەس لە بارەی کۆمەڵکوژکردنی گەلێک لەو گۆشەیەی جیهان هیچی نەدەوت، چونکە لە سەر نەوتێک دانیشتبوون کە کۆمەڵکوژکەرەکان دەیاندانێ، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان ویژدانیان ناردبوو بۆ پشوو.

 

کاتێک باس لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی گەلی کورد دەکرێت، باس لە ڕاستییەکی تاڵ دەکرێت، پێویستە کە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی کورد بوەستێنین، ئەگەر ئێمەی کورد بە هەموومان لە دژی ئەو پیلانگێڕییە نەوەستینەوە، دیسانەوە ئەنفال و کەرکوک لە دژمان ئەنجام دەدرێت، بۆ ڕزگاربوون لەوەش تەنیا ڕێگا یەکێتی نەتەوەییە.

 

ئەوەی سەردەمێک سەدام لە دژی گەلی کورد ئەنجامیدا، ئێستا حکومەتی تورک لە دژی عەفرین ئەنجامی دەدات، دەیانەوێت دەستێووەردانی دیمگرافیای کورد بکەن، پیلانگێڕیی دوژمن لە ئێستادا تەنیا لە دژی عەفرین نییە، لە دژی قامیشلو و باشوری و کەرکوک و موسڵیشە، واتە بەتەمای ئەنفالێکی نوێن، ئێمەی کورد لە بارەی کەرکوکەوە پارچە بووین، ئەگەر هەروا پارچە بمێنین دوژمن سەردەکەوێت و سەرتاسەری کوردستان داگیردەکات.

 

بەڵام ئەگەر ئەم جارە لە دەوری عەفریندا بە ڕۆحێکی نەتەوەییە کۆببینەوە، هێزە پیلانگێڕەکان ناتوانن چیدی ئەنفالمان بکەن و دەتوانین کەرکوک و هەموو خاکی داگیرکراوی کوردستان لە چنگی دوژمن ڕزگاربکەین.

 

کاتێک شەهیدانی ئەنفال بەبیردێنینەوە، بەو هیوایە ئەم جارە لە بارەی عەفریندا یەک بگرین ڕێز لە شەهیدەکانمان بگرین.

 

س.ح

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin