Smiley face
Smiley face
Smiley face

"تورکیا هاوشێوه‌ى ئه‌م بۆمبه‌ کیمیاییه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دژى عه‌فرین به‌کاردێنێت"

2018-02-22 10:54:46



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هه‌ورامی


له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بۆمبێکی کیمیایی نه‌ته‌قیوی ده‌گمه‌ن دۆزرایه‌وه‌ و هۆشیارى مین هه‌ڵگره‌وه‌-ش ده‌ڵێت: هاوشێوه‌ی ئه‌م بۆمبه‌ له‌ عه‌فرین له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه‌ دژى خه‌ڵک به‌کارهاتوه‌.


دوێنێ بۆمبێکى کیمیایى نه‌ته‌قیو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دۆزرایه‌وه‌ و هۆشیار بیاوێڵه‌یی که‌ ناسراوه‌ به‌ هۆشیاری مین هه‌ڵگره‌وه‌ و ته‌مه‌نێکی زۆری له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌یان به‌سه‌ربردوه‌ و هه‌ردوو قاچیشی له‌و پێناوه‌دا له‌ده‌ستداوه‌، له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌ کیمیاییه‌ بۆ ڕۆژنیوز دوا.

 

ئەو بۆمبە کیمیاییەی لە هەڵەبجە دۆزرایه‌وه‌


هۆشیارى مین هه‌ڵگره‌وه‌، وتی: پاش ئاگادارکردنه‌وه‌م له‌لایه‌ن هاوڵاتیه‌ک به‌وه‌ی که‌ بۆمبێکی نه‌ته‌قیوی دۆزیوه‌ته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ سه‌ردانی شوێنه‌که‌م کرد و پاش ئه‌وه‌ی هه‌ڵم گرته‌وه‌، ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌مه‌ بۆمبێکی کیمیایی نه‌ته‌قێنراوه‌ و هاوشێوه‌ی بۆمبه‌ کیمیاییه‌کانی تری سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسه‌، که‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ کیمیاباران کرد.

 


به‌ وته‌ی هۆشیار، بۆمبه‌که‌ ده‌گمه‌نه‌ و دروستکراوی ئه‌ڵمانیایه‌ و پێکهاته‌که‌ی گازی کلۆره‌، کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ناسه‌توندی و سوتانی پێستی مرۆڤه‌کان داده‌نێت و له‌ جیهانیشدا قه‌ده‌غه‌کراوه‌.


باسى له‌وه‌ش کرد: "هاوشێوه‌ی ئه‌م بۆمبه‌ له‌ تاوانی هێرۆشیما به‌کارهاتوه‌ و ئێستاش ده‌وڵه‌تی تورک له‌ دژی خه‌ڵکی عه‌فرین به‌کاری هێناوه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: به‌داخه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورک به‌ دڕه‌نده‌ترین شێوه‌ ئه‌م بۆمبانه‌ دژی هاوڵاتیانی سڤیلی عه‌فرین به‌کاری ده‌هێنێت، که‌ پارێزگاری له‌خاک و نیشتیمان و گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ئاست ئه‌م تاوانه‌ دڕه‌نده‌یه‌ بێده‌نگه‌ و هه‌ڵوێستی نییه‌.


هۆشیارى من هه‌ڵگره‌وه‌ ماوه‌ی ٣٠ ساڵه‌ سه‌رقاڵی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینه‌ به‌شێوه‌ی خۆبه‌خشانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و سنورى هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌ڵێت "بۆ به‌رگری له‌ گه‌لی عه‌فرین ئاماده‌م دژی چه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان بجه‌نگم و بۆ داگیرکه‌رانی خاک و نیشتیمانه‌که‌م مین دانێم و ڕووبه‌ڕوویان بوه‌ستمه‌وه‌".


هۆشیار به‌ دڵێکی پڕ له‌ حه‌سره‌ت و چاوی گریانه‌وه‌ باسی نه‌هامه‌تییه‌کانی گه‌لی عه‌فرینی کرد، که‌ چۆن چه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی قه‌ده‌غه‌کراو شه‌هید و برینداریان ده‌کات و باس له‌وه‌ش ده‌کات: ته‌نانه‌ت ڕه‌حم به‌ لاشه‌ی پیرۆزی شه‌ڕڤان و گه‌ریلا شه‌هیده‌کانیشمان ناکات و سوکایه‌تی پێ ده‌کات و جه‌سته‌ی شه‌هید بارین ده‌شێوێنن.


ساڵى ١٩٨٨ ڕژێمى پێشووى عێراق چه‌کى کیمیایى دژى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌کارهێنا و به‌هۆیه‌وه‌ پێج هه‌زار هاوڵاتى شه‌هید و بریندار بوون، دواى ٣٠ ساڵ و له‌ شوێنێکى دیکه‌ى کوردستان ده‌وڵه‌تى تورک گازى کلۆر و چه‌کى قه‌ده‌غه‌کراو دژى کورد به‌کاردێنێت.

 


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin