Smiley face
Smiley face
Smiley face

خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامده‌درێت

2018-02-22 12:05:12



ڕۆژنیوز ـ ڕێبین یوسف


کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و توێژه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمى کوردستان بۆ پشتیوانی له‌ عه‌فرین خۆپیشاندانێکى سه‌رتاسه‌ریى له‌ شار و شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ڕێکده‌خه‌ن.


پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ شارى هه‌ولێر کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان و نوێنه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کان کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نووسیان ئه‌نجامدا و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کرد، که‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٤ى مانگ کاتژمێر ٢ی پاشنیوه‌ڕۆ خۆپیشاندانێکی سه‌رتاسه‌ریی ئه‌نجام ده‌درێت.


له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌که‌دا ڕێباز یوسف یه‌کێک له‌ ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان ڕایگه‌یاند: ڕۆژی ٢٤ی شوبات واته‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو کاتژمێر٢ی پاشنیوه‌ڕۆ خۆپیشاندانێکی سه‌رتاسه‌ری له‌ هەرێمی کوردستان ڕێکده‌خرێت بۆ پشتیوانی له‌ عه‌فرین.


وتیشی: بانگه‌واز بۆ  هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و توێژه‌کان ده‌که‌ین به‌شداری له‌و خۆپیشاندانه‌ بکه‌ن تاوه‌کو نامه‌یه‌کی مرۆییانه‌ ئاراسته‌ی ناوه‌نده‌کانی بڕیاری جیهانیی بکه‌ین بۆ پشتیوانی له‌ عه‌فرین و ڕاگرتنی هێرشه‌ ناڕه‌واکان که‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ده‌کرێت.


هه‌ر له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌که‌دا فاروق جه‌میل ڕاوێژکارى هاوسه‌رۆکانى کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان به‌یاننامه‌ى ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌کانى خوێنده‌وه‌ و تێیدا هاتبوو: مانگێک زیاتره‌ کانتۆنی عه‌فرین له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ هێرشی ده‌کرێته‌ سه‌ر و گه‌مارۆ دراوه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا کوڕان و کچانی شه‌ڕڤان پارێزگاری لێده‌که‌ن و ئه‌وانیش بوون به‌ مایه‌ی شانازی بۆ سه‌رانسه‌ری کورد و کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی.


له‌ به‌شێکی دیکه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا هاتبوو: عه‌فرین له‌ ئێستادا زیاتر پێویستی به‌ پشتیوانی هه‌موو ئازادیخوازان هه‌یه‌، بۆیه‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات، که‌ کاتژمێر ٢ی دوای نیوه‌ڕۆ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٤/٢/٢٠١٨ به‌شداری له‌ ڕێپێوان و خۆپیشاندانی پشتیوانی عه‌فرین بکه‌ن.


ئه‌وه‌ش هاتبوو: باشوری کوردستان به‌ ئاڵای کوردستان پشتیوانی له‌ عه‌فرین ده‌کات و له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و هه‌ڵه‌بجه‌ و شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان خۆپیشاندان ده‌کرێت و ده‌یسه‌لمێنێت، که‌ عه‌فرین به‌ ته‌نها نییه‌.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin