Smiley face
Smiley face
Smiley face

دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی عەفرین و نیشانەکانی سەرکەوتن.. شرۆڤە

2018-02-22 14:40:21



ڕۆژنیوز - سەید ئەڤران

 

بەرخۆدانی سەردەم عەفرین لە دوایین هەنگاوی دا قۆناغێکی نوێی دەستپێکردووە، ئەو بەرخۆدانەی لە عەفرین پێکهات ئەو پێشبینیانەی سەرەوژێر کرد، کە باسیان لە تێکشکانی بەرخۆدان لە ماوەیەکی کورت دا دەکرد، پاش ئەو بەرخۆدانە ڕوسیا، ئێران و ئەمریکا هەڵسوکەوتیان گۆڕا و دەستیان کرد بە دروستکردنی پەیوەندیی بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتن و هاوسەنگیی نوێ لە ناوچەکەدا.

 

سەرەتا سوریا، کە بە بێ ڕێگاپێدانی ڕوسیا و ئەمریکا ناتوانێت بجوڵێتەوە، هەڵسوکەوتی بەرامبەر بە پیلانی داگیرکاریی حکومەتی تورک گۆڕا و لە ٣٢ هەمین ڕۆژی بەرخۆدانی عەفریندا هێزەکانی بەرەو عەفرین نارد بۆ بەرگریی لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

 

لە بارەی ئەو ڕێککەوتنەوە نرخاندنی زۆر جیاواز دەکرێت، هەندێک دەڵێن، ئەو ڕێککەوتنە کاریگەریی لەسەر خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی باکوری سوریا دەکات، بەڵام ئەوانەی بەو شێوەیە پرسەکە دەنرخێنن، هیچ لە بارەی شۆڕشی باکوری سوریا و سیستمی خۆبەڕێوبەریی دیموکرت تێنەگەیشتوون.

 

سیستمی خۆبەرێوبەریی فیدراڵی دیموکراتی لە ئاستی ناوچەییدا هێزەکانی پاراستنیی جەوهەریی لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ناوخۆدا ڕێکخستووە، سیستمی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریاش لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکاندا خۆی ڕێکخستووە، پێویستە بوترێت، لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و تا پەرەسەندن و پێکهاتنی سیستمی خۆبەرێوبەریی فیدراڵی دیموکراتی باکوری سوریا نەوتراوە، کە ئەو فیدراسیۆنە بەشێکی جیا لە خاکی سوریایە.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ وە بۆ ئێستا زۆر جار کۆبوونەوە لەگەڵ ڕوسیا کراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان، ڕوسیا دەیویست بەڕێوبەرایەتیی فیدراسیۆنەکە بداتە ڕژێمی سوریا، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و لە باکوری سوریا سیستمێکی دیموکراتی هاوبەش سازکراوە.

 

ڕوسیا هەوڵیدا بە پیلانێکی قێزەون لە رێگای تورکیاوە ئەو سیستمە تێک بشکێنێت، تورکیاش ئەو کارەی بە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریا دەستپێکرد، ڕێککەوتنی نێوان ڕوسیا و تورکیا داگیرکردنی جەرابلوس، باب و عەزازی بەدواوە بوو، لەم دواییانەشدا لە سەر داگیرکردنی عەفرین ڕێککەوتن، بەگوێڕەی ئەو پیلانەی ئەوان دایان نابوو، دەبوو عەفرین لە ماوەی هەفتەیەکدا داگیر بکرایە، بەڵام عەفرین ٣٤ ڕۆژە بەرخۆدان دەکات لە دژی دووەم هێزی ناتۆ و چوارەم سوپای بەهێزی جیهان و چەتەکانی هاوکاری.

 

لەو سەروبەندەدا ڕوسیا هەڵوێستی بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک گۆڕی، ناڕەزاییەکان لە سەرتاسەری جیهان لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و هاوکارییەکانی ڕوسیا پەرەیان سەند، بۆیە ڕوسیا لە ڕێگای وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاند، کە پێویستە تورکیا لەگەڵ حکومەتی سوریا بکەوێتە دیالۆگ و دانوستانەوە، بەم شێوەیە بە تورکیای ڕاگەیاند، کە ئێمە ڕێگامان پێدای عەفرین داگیر بکەیت، بەڵام تۆ نەتتوانی.

 

پێش ئەوەی ڕوسیا رێگا بداتە تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین، لە ڕێگای سوریاوە فشاری خستە سەر کانتۆنی عەفرین، بەڵام بەڕێوبەرایەتیی ئەو کانتۆنە قبوڵی نەکرد، بۆیە ئاسمانی عەفرینیان بۆ تورکیا چۆڵکرد تا بتوانێت هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر عەفرین، بۆ ئەوەی عەفرین بگرن و ڕادەستی حکومەتی سوریای بکەن، بەڵام بەرخۆدانی گەل لە عەفرین هەموو ئەو پیلانانەی مایەپووچ کرد..

 

ڕوسیا خۆی بە شێوەیەکی فیدراڵیی بەڕێوەدەچێت، ئەو پارێزگایانەی لە سیستمی فیدراڵیی-دان کاروباری ناوخۆیان بە شێوەی سەربەخۆ بەڕێوەدەبەن، ئەوەی کە هێزەکانی سوپای سوریا بۆ بەرگریی لە عەفرین بچنە ئەوێ بەپێچەوانەی عەقڵییەتی فیدراڵیی نییە، بەڵکو تێکۆشانێکی هاوبەشە کە ڕێگا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ ئاڵۆزییەکان خۆش دەکات.

 

پیلانی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن ئەمریکا، ڕوسیا، ئێران، تورکیا و ئەوروپاوە داڕێژرابوو، ڕوسیا دەیویست لەو ڕێگایەوە عەفرین بخاتەوە سەر بە سوریا و فشار بخاتە سەر فیدراسیۆنی باکوری سوریا، ئەمریکا هەرچەند لە ناکۆکی-دا بوو لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەڵام پشتگیریی تورکیای کرد، فەرەنسا لە سەر ئەو بنەمایەی کە داگیرکاریی دەگاتە ئەنجامی خۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا نوێ دەکردەوە و ئەڵمانیاش بە هەندێک پەیمانی چەک و ئابوریی و سیاسی هاوسدەنگییەکی نوێی لەگەڵ تورکیا پێکهێنا، بەڵام بەرخۆدان هەموو ئەو هاوسەنگییە نوێیانەی تێکشکاند، بۆیە ئێستا هەموویان کەوتوونەتە هەوڵدانەوە بۆ جێگرتن لەو هاوکێشەکانی پاش بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین.

 

هەڵوەشانەوەی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان، گەورەترین دەستکەوتی سیاسیی بەرخۆدانی عەفرینە، پێکهاتنی ئاسایش و ئارامی لە نێوان سنوورەکانی باکوری سوریا و سوریا یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی ئەو بەرخۆدانەیە، هەروەها بەرخۆدان ئەو ڕێککەوتنەی تێکدا، کە لەنێوان ئێران و تورکیا و ڕوسیا لە ئاستانە ئەنجامدرابوو بۆ پارچەکردنی بەشێک لە خاکی سوریا.

 

ئەنجامە سیاسییەکانی بەرخۆدان بەو شێوەیەن، لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕێککەوتنە سەربازییە دەتوانێت دەستکەوتی جدیی دیکە بە دوا خۆیدا بێنێت، ئەگەر لەمەودوا تورکیا بەردەوام بێت لە هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر عەفرین، بەو واتەیە دێت کە هێرش دەکاتە سەر سوریا، لەو دۆخەدا ئەگەر هێڕش بەردەوام بێت بەواتایە دێت، کە ئەو شەڕەی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٨دا بە هەڕەشەکردن لە سوریا دەیکرد بۆ ئەوەی عەبدولا ئۆجالان، ڕادەست بکات، ئێستا بووە بە ڕاستی و بە ئاشکرا ئەو شەڕە هەرێمییە ئەنجام دەدات.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin