Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق و ململانێ سیاسییه‌کان.. ڕاپۆرت

2018-02-23 08:36:27



ڕۆژنیوز – دانا عومه‌ر


له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق-دا، چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌کى به‌هێز ململانێکى بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن و به‌هۆى په‌رته‌وازه‌بوونى لایه‌نه‌ کوردییه‌کان و ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌رى که‌مبوونه‌وه‌ى کورسییه‌کانى کورد هه‌یه‌.


ڕۆژى 12/5ى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان ئه‌نجام ده‌درێت، لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان ململانێ له‌سه‌ر 320 کورسى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها هه‌شت کورسی-ش بۆ که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کان دابین کراوه‌، واتا سه‌رجه‌میان 328 کورسى په‌رله‌مانییه‌.


له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوودا که‌ له‌ ساڵى 2014 دا ئه‌نجام درا، لیستى ده‌وڵه‌تى قانون، که‌ نورى مالیکى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرد، 92 کورسى به‌ده‌ست هێنا، له‌دواى ئه‌و ته‌یارى سه‌در، 34 کورسى به‌ده‌ست هێنا، دواتر ئیئتیلاف مواتن، که‌ له‌لایه‌ن عه‌مار حه‌کیمه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا 29 کورسى به‌ده‌ست هێنا، دواتر پارتى دیموکراتى کوردستان دێت که‌ 24 کورسى به‌ده‌ست هێناوه‌ و 4 کورسى که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کانى به‌ر که‌وتووه‌ که‌ ده‌کاته‌ 28 کورسى، له‌دواى ئه‌وان ئیتلافى محته‌درون دێت، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌لاوى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا 23 کورسى به‌ده‌ست هێنابوو، یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان 21 کورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست هێنا، دواتر ئیئتلاف عه‌ره‌بییه‌ دێت که‌ له‌لایه‌ن ساڵح موتڵه‌ک سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا 10 کورسى به‌ده‌ست هێنا، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نۆ کورسى به‌ده‌ست هێنابوو، هه‌ریه‌ک له‌ ئیئتیلافى فه‌سله‌ و ئیتیلافى ئیسڵاح که‌ له‌لایه‌ن ئیبراهیم جه‌عفه‌رى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرا شه‌ش کورسی به‌ده‌ست هێنا، هه‌روه‌ها یه‌کگرتووى ئیسلامى سێ کورسى و کۆمه‌ڵى ئیسلامى دوو کورسى به‌ده‌ست هێنا.


تا ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان هیچ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ک پێک نه‌هاتووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ڵام لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌کان چه‌ندین هاوپه‌یمانیان پێکهێناوه‌.


یه‌کێک له‌ هاوپه‌یمانیه‌کان به‌ناوى نه‌سر و ئیسلاح پێک هاتووه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئێستاى عێراق سه‌رکردایه‌تى ده‌کات، که‌ تێیدا خالید عوبێدى، وه‌زیرى به‌رگرى پێشووى عێراق و بیار قدخێر، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانى سوونه‌ و عه‌مار حه‌کیم، جێگه‌ ده‌گرن.


مه‌هدى موسه‌وى، که‌ به‌ نوێنه‌رى به‌شێک له‌ هێزى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌ژمار ده‌کرا، له‌نێو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌که‌ى عه‌بادى-دا، جێگه‌ى گرتبوو، کشایه‌وه‌ و ڕۆشته‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کى دیکه‌ به‌ناوى هاوپه‌یمانى فه‌تح، که‌ به‌ هاوپه‌یمانى حه‌شدى شه‌عبى ناسراوه‌، له‌لایه‌ن هادى عامریه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تى ده‌کرێت، 18 پێکهاته‌ى حه‌شدى تێدایه‌.


نورى مالیکى، هه‌ر به‌ناوى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى به‌شدار ده‌کات و هیچ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کى پێک نه‌هێناوه‌.


هاوپه‌یمانى ته‌زامن عێراقى، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌سیل نوجه‌یفى، سه‌رکردایه‌تى ده‌کرێت و 11 حزب تێیدا جێگه‌ى گرتووه‌، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانیه‌تییه‌کى دیکه‌، به‌ناوى هاوپه‌یمانى وه‌ته‌نى، پێکهاتووه‌ که‌ ئه‌یاد عه‌لاوى و سه‌لیم جبورى و ساڵح موتله‌ک، پێکیان هێناوه‌.


موقته‌دا سه‌در، به‌ته‌نها به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌کات و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ که‌سى دیکه‌دا پێک ناهێنێت.


بێجگه‌ له‌م هاوپه‌یمانى و لیستانه‌ چه‌ند هاوپه‌یمانى و لیستێکى دیکه‌ى بچوک هه‌ن که‌ کاریگه‌ریان به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ نابێت.


له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێرق، هه‌ریه‌ک له‌ حزبى ده‌عوه‌، که‌ له‌لایه‌ن نورى مالیکیه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت، هاوپه‌یمانى نه‌سر و ئیسلاح، که‌ له‌لایه‌ن عه‌بادیه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت، هاوپه‌یمانى فه‌تح، که‌ له‌لایه‌ن هادى عامرى، سه‌رۆکایه‌تى ده‌کرێت، سێ کوتله‌ى به‌هێزن که‌ ململانێکى بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن.


هه‌رچه‌ند له‌ عێراق-دا، زیاتر له‌ هێزى ناوخۆیى، په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کان کاریگه‌رى له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان و پێکهێنانى حکومه‌ت هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت سیاسه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ى ئه‌مریکا و ئێران، هه‌ریه‌ک له‌ مالیکى و عه‌بادى، هاوسه‌نگیه‌کیان له‌ په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئێران، ڕاگرتووه‌، ئه‌وه‌ى که‌ هاوسه‌نگى ڕانه‌گرتووه‌ هێزى حه‌شدى شه‌عبى-یه‌، که‌ به‌ هێزێکى نزیک له‌ ئێران ناسراوه‌.


حه‌یده‌ر عه‌بادى ده‌یه‌وێت سه‌رکه‌وتنه‌کانى له‌ شه‌ڕى داعش و هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و فشار خستنه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، بکاته‌ ده‌ستکه‌وت بۆ بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، نورى مالیکى، ده‌یه‌وێت که‌م و کورتیه‌کانى عه‌بادى له‌ حکومڕانیدا و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانى کورد و سونه‌، له‌ حوکمى عه‌بادى، بکاته‌ هه‌لێک بۆ بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن، حه‌شدى شه‌عبى، که‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح-یان پێکهێناوه‌ ده‌یانه‌ێت ئه‌و ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتنانه‌ى له‌ شه‌ڕى داعش و هێشکردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌کان به‌ده‌ستیان هێناوه‌ بیکه‌ هه‌لى بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن و فه‌رمیه‌تێک بۆ مانه‌وه‌یان وه‌ک هێزێکى به‌هێز له‌ شه‌قامى سیاسى عێراق-دا.


کورد له‌م خوله‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا خاوه‌نى 61 کورسى په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر و قه‌یرانى دارایى هه‌رێم و شکستى حکومڕانى هه‌رێمى کوردستان و سیاسه‌تى سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنى نه‌وت له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ى کورد ڕێژه‌ى پێشوو له‌ کورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست نه‌هێنێته‌وه‌.


له‌ ئه‌نجامى ئه‌و شیکاریانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى که‌ ململانێکان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ململانێى سه‌ختن، به‌هۆى ده‌رکه‌وتى دوو هێزى نوێ که‌ پێک دێن له‌ هێزى حه‌شدى شه‌عبى و هاوپه‌یمانێتى عه‌بادى، که‌ هیچ هێزێک له‌وانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بونیان نه‌بوو، هه‌روه‌ها په‌رته‌وازه‌ بوونى هێزه‌ سونییه‌کان و هێزه‌ کوردیه‌کان ده‌رگا له‌به‌رده‌م دروستبوونى کێشه‌ ده‌کاته‌وه‌ له‌دواى هه‌ڵژادنه‌کان بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ بوونى کاریگه‌رى سیاسه‌تى ئه‌مریکا و ئێران سه‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژادنه‌کان و پێکهێنانى حکومه‌تى نوێ.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin