Smiley face
Smiley face
Smiley face

پارێزەرێک: عێراق کەمتەرخەمە لە قەرەبووکردنەوەی کورد

2018-02-25 18:43:52



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

پارێزەرێکی کەیسی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕایدەگەینێت، کە حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە قەربووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەو جینۆسایدانەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق بەسەر گەلی کوردیدا هێناوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاریی هەڵەبجە، بەئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و كەسوكاری شەهیدان، دەزگای ژیان بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هەڵەبجە، گفتوگۆیەكی یاسایی بەناونیشانی "كەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ڕێكارە یاساییەكانی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی" سازكرد.

 

سەرەتا بەكر حەمەسدیق، پارێزەری كەیسی كیمیابارانی هەڵەبجە بابەتێكی پێشكەشكرد و وتی: گەلی كورد ڕووبەڕووی كۆمەڵێك تاوانی وەك ئەنفال و كیمیاباران بووەتەوە و تا ئێستا وەك پێویست لەلایەن حكومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەكراونەتەوە و تاوانەكانیش وەك جینۆساید نەناسێنراون.

 

 

وتیشی: عێراق سەرجەم ئەو یاسایانەی كە دەریكردوون بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانانە، چەندین جار هاوڵاتیانی شیعە سودیان لێبینیوە و قەرەبووشكراونەتەوە، جگە لەو مووچەیەی كە مانگانەش وەریدەگرن، بەڵام بەداخەوە هیچ تاكێكی كورد قەرەبوونەكراوەتەوە، لەكاتێكدا ئەو یاسایانە بۆ سەرجەم ئەو تاوانانە دەبێت كە دەرحەق بەگەلانی عێراق و كوردیش كراون.

 

ئەو پارێزەرە، دەشڵێت: خودی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی كورد لە بەغدا كەمتەرخەمن لەئاست داواكارییەکان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان، كاتێك كە بودجەی ساڵانەی حكومەتی عێراق ئامادەدەكرێت، لە پاكێجی داواكارییەكانی كورد هیچ بڕگەیەك تەرخانناكرێت بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووانی كورد قەرەبوو بكرێنەوە.

 

بەكر حەمەسدیق، پارێزەر لە كەیسی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو: چەندین دادگای لێكۆڵینەوەی جیهانیی هەن، بەڵام ناهێڵن تاكی كورد بەتەنیا یاخود وەكو شارێك لە شارەكان  سكاڵا تۆمار بكەن، بۆیە لە هەموو ڕوویەكەوە داخراوین بۆ ئەوەی داوای مافی خۆمان بكەین.

 

دواتر بۆیان گاڤریلۆڤیچ، پارێزەری نێودەوڵەتیی و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسا نێودەوڵەتییەكان، بابەتێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند: هەندێ‌ بنەمای یاسایی و نێودەوڵەتی هەن كە دەوڵەتان ناچار دەكەن بە قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانلێكەوتووانەی كە تاوانی جینۆسایدیان بەرامبەر ئەنجام داوە، بەڵام هەندێ‌ دەوڵەت هەن نایانەوێ‌ دانن بەو ڕێكەوتننامانەدا بنێت بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێكەوتووان نەكەنەوە، عێراقیش یەكێكە لەو دەوڵەتانەی دەرگای زۆری بەڕووی ئەو یاسایانەدا داخستووە.

 

 

سەبارەت بەو ڕێگریانەی حكومەتی عێراقی بۆیان، ئاماژەی بەوەدا: عێراق ڕێگە نادات نوێنەرایەتی تاكەكەسی بدرێت لە دادگای نێودەوڵەتیی بۆ گەیاندنی ئەو تاوانە جۆراوجۆرانە، چونکە ڕێکكەوتننامەی ڕۆمای واژۆ نەكردووە و هیچ دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتیش توانای ئەوەی نییە حكومەتی عێراقی ناچار بكات بە قەرەبووکردنەوەی گەلی كورد.

 

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin