Smiley face
Smiley face
Smiley face

موحسین ئەدیب: بەرخۆدانی عەفرین بۆ ڕزگاریی گەلانی ناوچەکەیە

2018-02-25 20:23:11



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

مامۆستایەكی زانكۆی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات، کە شەڕڤانان لە عەفرین بەرخۆدان دژی سوپایەكی زلهێزی ناتۆ و جیهان دەكەن و دەشڵێت: بەرگریكردن لە عەفرین تەنها بۆ ڕزگاركردنی گەلی كورد نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ڕزگاریی تەواوی گەلانی ناوچەكە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، كتێبخانەی هەژار موكریانی لە شاری هەڵەبجە، بەئامادەبونی ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەناونیشانی "عەفرین و سەرەتایەكی نوێ‌"، كۆڕێكی بۆ موحسین ئەدیب، مامۆستا لە بەشی یاسای زانكۆی هەڵەبجە سازكرد.

 

موحسین ئەدیب، لە قسەکانیدا وتی: شەڕڤانان و گەلی عەفرین بە توانایەكی كەم بەرامبەر بە یەكێك لە گەورەترین هێزەكانی ئەندامی ناتۆ و بگرە تەواوی جیهان كە ئێستا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك دژی عەفرین دەكەن، بەرخۆدانی مێژوویی تۆمار دەكەن و بەرگری لە نیشتیمان دەكەن.

 

 

هەروەها، وتیشی: بەرگریكردن لە عەفرین، تەنها بۆ ڕزگاركردنی گەلی كورد نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ڕزگاریی تەواوی گەلانی ناوچەكە كە لەسەرەتای بەرخۆدانەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستیپێكردووە.

 

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئاماژەی بەوەشکرد: بە هێرشكردن و لەناوبردنی سەركردەكان، ئەم شۆِرشە كۆتایی بەهەنگاوەكانی نایەت، وەك چۆن ئێستا بە ئاماژەیەکی ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالییەوە تەواوی زیندانیانی باكور مان لەخواردن دەگرن و تەنها بە ئاماژەی ئەویش دەیشكێنن.

 

لەدرێژەی قسەکانیدا، موحسین ئەدیب، باسی لە کاریگەریی فکری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە لە بەرخۆدانی عەفریندا کرد و وتی: وەك چۆن ئۆجالان لە وتەیەکدا دەڵێت "ئەگەر ژیانێک هەبێت با بۆ ئازادی بێت و ئەگەر مردنێكیش هەبێت با هەر لەپێناو ئازادیدا بێت"، ئەمەش ڕەگی داكوتیوە لەناو گەریلا و شەڕڤانان، بۆیە ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت، بابەتێكی سادە نییە كە شەڕڤانان سەرقاڵی بەرخۆدان و تۆماركردنی قارەمانییەتین.

 

 

ب.ل

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin