Smiley face
Smiley face
Smiley face

بادشى، ئه‌و زمانه‌ى ته‌نها سێ که‌س قسه‌ى پێده‌که‌ن

2018-02-26 11:46:21



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


زمانێک هه‌یه‌ به‌ ناوى زمانى (بادشى) به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت و له‌ ئێستادا ته‌نها سێ که‌س قسه‌ى پێده‌که‌ن، به‌ مردنى ئه‌و سێ که‌سه‌ زمانه‌که‌ش به‌ یه‌کجارى ده‌مرێت.


بادشى، زمانێکه‌ خه‌ڵکێکى زۆر له‌ ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌کانى دۆڵى به‌فراویى کلاد و بشیگرام له‌ چیا سه‌خته‌کانى باکورى پاکستان قسه‌یان پێکردووه‌، به‌ڵام ئه‌و زمانه‌ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت و ئێستا ته‌نها سێ پیاوى به‌ ته‌مه‌ن پێى ده‌ئاخڤن.

 


ناوه‌ندى ئیتنیکناسیى زمانه‌کانى جیهان، که‌ سه‌رجه‌م زمانه‌کانى دنیاى له‌خۆگرتووه‌، به‌دواداچوونێکى کردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زانیارى فراوانى ده‌ستنه‌که‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ دۆڵى بشیگرام له‌ چیا سه‌خته‌کانى باکورى پاکستان، سێ پیاوى به‌ ته‌مه‌نى دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ زمانى بادشى قسه‌ ده‌که‌ن.


ڕه‌حیم گوڵ، یه‌کێک له‌و سێ پیاوه‌یه‌ که‌ به‌ بادشى قسه‌ ده‌که‌ن، بۆ که‌ناڵى بى بى سى قسه‌ى کردوه‌ و وتویه‌تى: نه‌وه‌یه‌ک پێش ئێستا، بادشى زمانێکى فراوان بوو خه‌ڵکێکى زۆر قسه‌ى پێده‌کرد لێره‌ له‌ دۆڵى بشیگرام.


ئه‌و که‌ نازانێت ته‌مه‌نى چه‌نده‌، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت ته‌مه‌نى ٧٠ ساڵ بێت، ده‌ڵێت: به‌ڵام دواتر ئێمه‌ هاوسه‌رگیریمان له‌گه‌ڵ ژنانى گونده‌کانى دیکه‌ کرد، که‌ ئه‌وان به‌ زمانى (تۆروالى) قسه‌ ده‌که‌ن، منداڵه‌کانمان به‌ زمانى دایکیان فێرى قسه‌کردن بوون، به‌و شێوه‌یه‌ زمانه‌که‌مان به‌ره‌و له‌ناوچوون چوو.

 


تۆروالى ئێستا زمانێکى زاڵه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ دۆڵى بشیگرام، که‌ ده‌که‌وێته‌ ناو چیا سه‌خت و به‌فراوییه‌کانى باکورى پاکستانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌ویش له‌ژێر فشارى زمانى په‌شتودایه‌، به‌ڵام توانیویه‌تى زمانى بادشى له‌خۆیدا بتوێنێته‌وه‌.


هه‌روه‌ها سه‌عید گوڵ، ئامۆزاى ڕه‌حیم گوڵ ده‌ڵێت: ئێستا منداڵه‌کانى ئێمه‌ و منداڵه‌کانى ئه‌وان به‌ تۆروالى قسه‌ ده‌که‌ن، که‌واته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کێ به‌ زمانى خۆمان قسه‌ بکه‌ین.


به‌هۆى نه‌بوونى ده‌رفه‌تى به‌کارهێنانى زمانى بادشى له‌ ماوه‌ى چه‌ند ده‌یه‌ى ڕابردوودا، ته‌نانه‌ت ئه‌و سێ پیاوه‌ش زۆر وشه‌ى زمانه‌که‌یان بیرچوه‌ته‌وه‌.
ڕه‌حیم گوڵ کوڕێکى هه‌یه‌، کوڕه‌که‌ى پێنج منداڵى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موویان به‌ تۆروالى قسه‌ ده‌که‌ن.


"دایکم تۆروالى قسه‌ى ده‌کرد، بۆیه‌ دایک و باوکم به‌ بادشى قسه‌یان نه‌ده‌کرد له‌ ماڵه‌وه‌، منیش به‌ منداڵى چانسى ئه‌وه‌م نه‌بوو که‌ بادشى فێر ببم، هه‌ندێک وشه‌ ده‌زانم، به‌ڵام زمانه‌که‌ نازانم، هه‌موو منداڵه‌کانم به‌ تۆروالى قسه‌ ده‌که‌ن". کوڕه‌که‌ى ڕه‌حیم گوڵ واى وت.

 


ئه‌وه‌شى وت: من غه‌مگینم به‌وه‌، به‌ڵام ئێستا من ته‌مه‌نم ٣٢ ساڵه‌ و تازه‌ چانسى فێربوونى بادشیم نییه‌، من زۆر غه‌مگینم به‌وه‌ى ئه‌م زمانه‌ له‌گه‌ڵ مردنى باوکم ده‌مرێت.


سه‌گه‌ر زه‌مان، زمانه‌وانێکى ڕێکخراوى ده‌ستپێشخه‌رى زمانه‌ له‌ پاکستان، که‌ ڕێکخراوێکى ناحکومییه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر زمانه‌کانى پاکستان ده‌کات، باسى له‌وه‌ کردوه‌، که‌ سێ جار سه‌ردانى دۆڵى بشیگرام-ى کردوه‌ و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زمانه‌وانه‌کانى دیکه‌دا توانیویانه‌ چه‌ندین وشه‌ له‌و زمانه‌ کۆبکه‌نه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بکه‌ن.


به‌ وته‌ى سه‌گه‌ر زه‌مان، دواى لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رکه‌وتووه‌، زمانى بادشى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌کى خێزانى هیندۆ-ئارى.


سه‌گه‌ر باسى له‌وه‌ کردوه‌، تازه‌ زۆر دره‌نگه‌ بۆ پاراستنى زمانى بادشى، به‌ڵام لانى که‌م به‌ فێربوونى چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌و زمانه‌ ده‌توانرێت وه‌ک بیره‌وه‌ریى به‌ زیندویی بهێڵرێته‌وه‌.


لێره‌ده‌ چه‌ند ڕسته‌یه‌ک له‌و زمانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:


- مین ناۆ ڕه‌حیم گوڵ سى – واتا من ناوم ڕه‌حیم گوڵه‌.
- مین بادشى جیب ئاسا – واتا من به‌ بادشى قسه‌ ده‌که‌م.
- زین حال خه‌یل سى – واتا تۆ چۆنیت؟
- مه‌ى گرۆت خێکتى – واتا نانم خواردووه‌.
- ئیشو کال هیم کام ئیکسى – واتا ئه‌مساڵ به‌فر زۆر نابارێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin