Smiley face
Smiley face
Smiley face

دیارنەمانی سەدان ملیۆن دۆلاری دیکە ئاشکرا دەکرێت

2018-02-26 14:42:39



ڕۆژنیوز – ڕێبین یوسف

 

دیارنەبوونی سەدان ملیۆن دۆلاری دیکە لە پارەی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەکرێت و پەرلەمانتارێک-یش ڕایدەگەیەنێت، کە سکاڵایان بۆ دەستەی دەسپاکی بەرزکردووەتەوە.

 

ئەمڕۆ، ئومێد حەمەعەلی، ئەندامی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سازکرد.

 

لە کۆنگرەکەدا، ئومێد حەمەعەلی، ڕایگەیاند: لەسەر چوار دۆسیە سکاڵامان بۆ دەستەی دەستپاکی حکومەتی هەرێم بەرزکردووەتەوە.

 

ئومێد حەمەعەلی، ئاماژەی بە دۆسیەکان کرد و وتی: دۆسیەی یەکەم په‌یوه‌ندی به‌ یاسای نه‌وت و گاز هه‌یه‌، کە له‌ بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 40 باس له‌ بڕیاری لێخۆشبون له‌ به‌ڵێنده‌ران له‌ باج ده‌کات به‌پێی یاسا و له‌ گرێبه‌ستدا، به‌ڵام له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌قه‌ عه‌ره‌بیه‌که‌یان وه‌رگرتووه‌ و وه‌رگیرانێکی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌ بنەڕەتییەکەیان بۆکردووە، ته‌نها له‌پێناو ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن بۆ به‌خشینی گومرگیی، که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین گه‌نده‌ڵیی له‌م بواره‌ کراوە به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار لە کیس حکومەت چووە.

 

سەبارەت بە دۆسیەی دووەمی-ش، ئەو پەرلەمانتارە، وتی: به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرشتیه‌کان له‌ ساڵی 2013 لە پارەی نەوت 350 ملیۆن دۆلار  بۆ هەردوو پرۆژه‌ی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی هه‌ولێر- گۆپاڵ -روڤیا،  ده‌ربه‌ندیخان – که‌لار  تەرخانکراوە، به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچونه‌کانمان و له‌وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه،‌ که‌ ته‌نها دوو ملیۆن دۆلاری گه‌یشتووەته‌ وه‌زاره‌ته‌که‌یان و پرۆژه‌کانیش جێبه‌جێنه‌کراون، بۆیە 348 ملیۆن دۆلاری ئه‌و پاره‌یه‌ نادیاره‌.

 

ئومێد، لە بەردەوامییدا ئاماژەی بە دۆسیەی سێیەم کرد، کە تایبەتە بە ته‌رخانکردنی بڕی 41 ملیۆن دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و وتی:"ئێمه‌ پرسیارمان ئاڕاسته‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ کردووه‌ و وه‌ڵامی به‌شێک له‌ خه‌رج کراوه‌کانمان وه‌رگرتووه‌، هەروەها داوامان لە چاودێریی دارایی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێک له‌باره‌ی خه‌رجکردنەکانەوە  ئاماده‌ بکه‌ن، به‌ڵام هه‌ر خۆیان پێیان راگه‌یاندووین 5 ملیۆن له‌و پاره‌یه‌ به‌ راپۆرتێکی تر وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه‌ و تائێستا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه، بۆیە ئەو‌ 5 ملیۆن دۆلارەش دیارنییە.

 

هەر بەپێی وتەکانی ئومێد حەمەعەلی، سکاڵای چواره‌م تایبەتە بە تەرخانکردنی‌ 337 ملیۆن دۆلارە، که‌ بۆ وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ته‌رخان کراوه‌ و وتی: سه‌باره‌ت به‌ دووبه‌شی ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ڵام دراوینه‌ته‌وه‌ که‌ 46 ملیۆنی بۆ دروستکردنی مۆزه‌خانه‌ ی ئه‌نفاله و 91 ملیۆن بۆ پشتگیریی له‌ که‌سوکاری ئه‌نفاله‌ و ئه‌و دوانه‌ جێبه‌جێکراون.

 

لە بەردەوامییدا وتی: 158 ملیۆن دۆلار به‌پێی ڕاپۆرتی سامانه‌ سروشتیه‌کان بۆ نیشته‌جێکردن ته‌رخانکراوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه‌، هەروەها 42 ملیۆن دۆلار به‌پێی ڕاپۆرتی سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ نیشته‌جێکردن ته‌رخانکراوه‌، بەڵام وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وه‌ڵامی داوینه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، کە هەر ئەو پەرلەمانتارە لە بەرواری ١٢/٢/٢٠١٨ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، کە ٢٦١ ملیۆن دۆلاری حکومەتی هەرێم لە وەزارەتە جیاجیاکاندا نادیارە و سکاڵایان بۆ دەستەی دەسپاکیی بەرزکردووتەوە.

 

هەروەها، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢١/٢/٢٠١٨ ڕایگەیاند:"٦٠ ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری کەرکوک دیارنییە و چووەتە سەر حسابی تایبەتی نەجمەدین کەریم."

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin