Smiley face
Smiley face
Smiley face

فراکسیۆنی گۆڕان: یاسای چاکسازیی مووچە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە

2018-02-28 15:58:49



ڕۆژنیوز – ڕێبین یوسف

 

فراکسیۆنی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت، کە یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینیی لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە، دەشڵێت، ئەوان لەگەڵ پەسەندکردنیدا نەبوون.

 

دوای ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان لە بەرامبەر پەسەندکردنی یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینیی، ئەمڕۆ لە بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان فراکسیۆنی گۆڕان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونووسیی ئەنجامدا.

 

لە کۆنگرەکەدا، برزۆ مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی: ئەو پرۆژەیاسایەی لە پەرلەمان پەسەندکراوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها دوو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی لێی سوود مەند دەبن.

 

برزۆ، وتیشی: بەکۆی دەنگی 60 پەرلەمانتار پرۆژەیاساکە پەسەندکراوە و 31 ئەندامی پەرلەمانیش دەنگیان پێنەداوە.

 

 دواتر ئەندامانی دیکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمان دەکەن ئاماژەیان بۆ مەترسییەکانی دەرچوونی یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد.

 

وتیشیان، کە "گۆڕان لەپێناو بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان چوونەتە هۆڵی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاساکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ باشکردنی سیستەمی مووچە و خانەنشینی نەبوون بۆیە پێشنیارەکانی گۆڕان بەهەند وەرنەگیران".

 

شەوی ڕابردوو یاسای چاکسازی لە مووچەی خانەنشینی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرا، کە یاساکە لە 24 ماددە پێکهاتووە ، بەپێی پێشبینیەکان جێبەجێکردنی ئەو یاسایە 100 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

 

بەپێی یاساکە، پەرلەمانتار دوای چوار ساڵ خزمەتکردن لە پەرلەمان خانەنشین دەکرێت کە مووچەی خانەنشینیەکەیان لە دوو ملیۆن دیناری مانگانەوە دەست پێدەکات بۆ پێنج ملیۆن و 600 هەزار، بەڵام خانەنشینیی مەدەنی و پێشمەرگە 300 هەزار دیناریان وەک کەمترین مووچە بۆ جێگیرکرا، ئەمەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin