Smiley face
Smiley face
Smiley face

"دەوڵەتی تورک لە عەفرین سروشتی کوردستان لەناودەبات"

2018-03-02 09:00:03



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

سەرۆكی شارەوانی تەوێڵە ڕایدەگەیەنێت، کە سوپای تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر عەفرین، ژینگە و سروشتی ناوچەکە لەناودەبات، هاوڵاتییەکیش دەڵێت: نابێت لەوە زیاتر كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەئاست تاوانەكانی دەوڵەتی تورك بێدەنگ بێت.

 

بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین پێینایە ڕۆژی ٤٢ یەمەوە و هێرشەكانی دەوڵەتی توركیش بەردەوامیی هەیە، جگە لە شەهیدكردن و برینداركردنی هاوڵاتیانی مەدەنیی، زیانی زۆریش بەر ژینگە و سروشت و بینا و خانووەکانی عەفرین و گوندەكانی دەوروبەری کەوتووە.

 

عیماد محەمەد، سەرۆكی شارەوانی شارەدێی تەوێڵەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت: دەوڵەتی تورک بێ‌ گوێدانە هیچ بنەمایەكی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، خەڵكی مەدەنیی کۆمەڵکوژ دەکەن و ڕەحم بەژینگە و سروشتی كوردستانیش ناكەن و لەناوی دەبەن و ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانیش كاول دەكەن.

 

 

وتیشی: بەداخەوە ئاستی وێرانكارییەكان بەجۆرێكن، كە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەكە، پێویستی بە کات و تێچویەكی زۆر هەیە، بۆیە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەكەین، ڕێگری لەبەردەوامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بكات و پاشان ڕێكخراوە مرۆییەكان بەتایبەت ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان كە هەڵەبجەش تیایدا ئەندامە، هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی ڕۆژئاوای كوردستان و بەتایبەت عەفرین بدەن.

 

سەرۆكی شارەوانی شارەدێی تەوێڵە، بەپێویستیشی دەزانێت، کە ڕێكخراوی ئێسوای نێودەوڵەتیی، كە ٢٦٠ وڵات تیایدا ئەندامن و ئەركیان كۆكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی وێرانکاریی دوای جەنگەكانە، لەڕێگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هەوڵی ڕێگری لە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر عەفرین بدەن، بۆ ئەوەی دواتر لەماوەیەكی كەمدا ئاوەدانیی بەناوچەكە ببەخشنەوە.

 

هەروەها، ئەژین كەمال، سەرۆك بەشی یاسای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر عەفرین، بووەتە هۆی وێرانكردنی سەنتەری شار و گوندەكانی دەوروبەری، بۆیە داوا لە كۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەت ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ژینگەیی و شارەوانییەكانی جیهان دەكەین، کە بێنە سەرخەت و هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەكان بدەن.

 

 

ئەژین، وتیشی: بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ڕۆژئاوای كوردستان و بەتایبەت شاری عەفرین، ئامادەی هەر جۆرە كۆمەك و هاوكارییەكین، بەتایبەت لە ڕێگای شارەوانی هەڵەبجەوە كە ئەندامی ڕێكخراوی شارەوانییەكانی جیهانە، دەستی ئاوەدانیی خۆمان دەگەیەنینە ناوچەكە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت سەرەتا هەوڵی ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بدەین كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی تا ئێستا هیچ هەوڵێكی بۆ ڕاگرتنی نەداوە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin