Smiley face
Smiley face
Smiley face

تێڕوانینی شاعیرانی کۆن بۆ هاندانی ژنان لە ناو ئەدەبیاتدا

2018-03-04 10:42:58



ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

تێڕوانینی شاعیرانی کۆن بۆ ژن لە پاڵ پیاهەڵدانەکانیاندا، هاندانی ژنان بووە بۆ بەشداری پێکردنیان لە کایەکانی ژیان و تێکۆشاندا.

 

بە پێی سەرچاوە ئەدەبییەکان شاعیران و ئەدەب دۆستانی کورد لە پاڵ پیاهەڵدانیان بۆ جوانییەکانی ژنان، هاندەرێک بوون بۆ بەشداری پێکردنی ژنان لە مەیدانەکانی ژیان و تێکۆشاندا و مامۆستایەکی زمانیش چەند نمونەیەکی شاعیران دەخاتەڕوو.

 

د.شیلان عومەر، مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سلێمانی، باسی ڕۆڵی ژن کرد لە ناو شیعری شاعیرانی کۆندا و وتی:"شاعیرانی ئێمە تەنها شاعیر نەبوون، فەیلەسوف و دەروونزان بوون، چونکە زۆر کارامانە توانیویانە نەخشی ئەو دەردە کۆمەڵایەتیانە بکێشن کە لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەبووە، یەکیک لەو دەردە کۆمەڵایەتیانەش بەسووکی تێڕوانینیان بووە بۆ ژنان، هاتنە دەرەوەی ژن، خویندنی ژن، چالاکی ژن بە نەنگی و بە عەیبە و کەموکورتی دانراوە لە کۆمەڵگاکاندا".

 

 

بە بڕوای دکتۆرە شیلان شاعیرانی کلاسیک زۆر لێهاتوویانە وەسفی ئەو دەردانەی ناو کۆمەڵگایان کردووە، لە هەمان کاتدا ڕێگە چارەسەرییەکەیان گرتوتەبەر وە دەستیان خستۆتە سەر برینەکان.

 

بۆ نمونە بێکەس دەڵێت:

 

نێر و مێ هەردوو بەجووتە هەوڵێ بۆ وەتەن نەدەن

دوورە دەرچوونی لە دیلی مەل بە باڵێ نافڕێ

هەوڵی ڕاستی هەردوو ئامانجی میلـلەت سەر دەخات

چونکە مەعلومە بەیەک دەست چەپڵە لێنادرێت

 

بۆیە بێکەس پێمان دەڵێت، گەر ئێمە بمانەوێت ئامانجی میلەتەکەمان سەربخەین تەنها بە پیاوان نابن، بەڵکو بوونی ژنیش بنەمایەکی سەرەکی دەبێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

 

ئەحمەد موختاریش لەو بارەیەوە دەڵیت:

 

ئەی شاعیرانی کورد بەسە بەس باسی زوڵف و چاو بکەن

کەم خەیاڵی زوڵف و کاکوڵی ئاڵۆزاو بکەن

لابدەن کەم باسی سمبول و قەدی لاولاو بکەن

ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵ سوتاو بکەن

 

لەم هۆنراوەیەشەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە گرنگی دەدەن بەوەی ژن بە بەهای مرۆڤ بوونی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین نەک توخمی مێینە، بە داخەوە کە زۆر جار هەوڵدراوە کە ژن بە توخمی مێینەی مەشغوڵ بکرێت، وە ئەو بەها مرۆڤ بوونەی هەیەتی وەلا بنریت یاخود لاوەکی سەیربکرێت.

 

هەروەها پیرەمێرد دەڵێت:

 

قەت ڕووی نەداوە لە تاریخی میلەتا

قەڵغانی گولە سینگی کچان بێت لە هەڵمەتا

 

شیلان دەڵێت: ئەمە جوانترین وێناکارییە لەبەرخۆدانی ژنان، چونکە بە پێی هەموو سەرچاوە دەرونزانییەکان و کۆمەڵزانییەکان، ژن بنەما و ڕەگەزی پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگایەکە، ئەوەشی ئەمڕۆ ئیمە لە عەفرین دەیبینین کاتێک ژن لە سەنگەردایە، ئەوە وێنەی ڕاستەقینەی خەباتگێڕی ئەو نەتەوەیە نیشان دەدات، ژن بە بەشداریکردنی لەهەرکایەکا ڕەوایەتی زیاتر زیندویەتی بەو کایە دەگەیەنێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin