Smiley face
Smiley face
Smiley face

بزووتنه‌وه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌ی ئیتاڵی، ته‌مه‌نێکى که‌م و سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌

2018-03-07 20:16:22



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


بزووتنه‌وه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌ی ئیتالی که‌ له‌ دواین هه‌ڵبژاردنى ئیتاڵیادا ده‌نگێکى زۆرى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ ھه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازیه‌کانی وڵاتانه‌ له‌ سوریا و عێراقدا، ھه‌ڕه‌شه‌ی ھه‌ڵپه‌ساردنی یاسای دوبلنی تایبه‌ت به‌ په‌نابه‌رانیش ده‌کات.


پاش ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ی ئیتالیا له‌ ٤ی ئه‌م مانگه‌، ئاماره‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن بردنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی (پێنج ئه‌ستێره‌)ی ئیتالیه‌وه‌ به‌ده‌ستھاتووه‌.


به‌پێى ئاماره‌کان، بزووتنه‌وه‌ى پێنج ئه‌ستێره‌ى ئیتاڵى زیاتر له‌ ٣٢%ى ده‌نگده‌رانى بۆ خۆى بردووه‌.


ناسنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌


بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی ئۆپۆزسیۆنه‌ ساڵی ٢٠٠٩ له‌لایه‌ن ھه‌ریه‌که‌ له‌ ئه‌کته‌ری کۆمیدی بیبی غریلو و ڕاوێژکاری ستراتیژی بواری میدیای ئه‌لیکترۆنی جیانوروبرتو کاسالینو-وه‌ دامه‌زراوه‌، لویجی دی مایو ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ سه‌رکرده‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌که‌یه‌.


ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ خۆی وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌نجانه‌ی میللی ده‌ناسێنێت، که‌ به‌دیلی پارته‌ نه‌ریتییه‌کانی ئیتالیایه‌، ئه‌ستێره‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌و کاته‌وه‌ دره‌وشایه‌وه‌ که‌ ساڵی ٢٠١٦ توانیان ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی ڕۆمای پایته‌ختی ئیتالیا ببه‌نه‌وه‌.


ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ھه‌ریه‌که‌ له‌ حزبی چه‌پی سۆشیالیستی و ڕاستی لیبڕاڵی ئیتاڵى که‌ له‌دوای دوھه‌مین جه‌نگی جیھانه‌وه‌ ئیتالیا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ تازه‌یه‌دا شکستیان ھێنا.


بیروباوه‌ڕه‌کانی بزووتنه‌وه‌ى پێنج ئه‌ستێره‌


ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌ دژی قه‌یرانه‌ داراییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌وروپا ده‌رکه‌وت، به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌تی ئابوری ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واکان، ھاوڵاتیه‌کی زۆری له‌ ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه‌.


بزوتنه‌وه‌که‌ ڕادیکاڵه‌ و ڕازی نابن خۆیان وه‌ک پارتێک نیشان بده‌ن، ته‌نانه‌ت خۆیان له‌ ناوی پارتیش ده‌پارێزن، چونکه‌ لایان وایه‌ ناوی پارت به‌ ھۆی گه‌نده‌ڵی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ بۆته‌ ناوێکی بێزراو.


ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ خاوه‌ن یه‌ک ئایدۆلۆژیای دیاریکراو نییه‌ به‌ڵکو تێکه‌ڵه‌یه‌کی ئایدۆلۆژییه‌ و بنه‌ماکانی خۆی له‌ ئایدۆلۆژیا ڕاستڕه‌و و ژینگه‌یی و میللیه‌کان وه‌رگرتووه‌، ئه‌ندامه‌کانی به‌وه‌ ڕازی نابن له‌ خانه‌ی ڕاستڕه‌و یان چه‌پڕه‌ودا دابنرێن.


به‌رنامه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌ 


ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ دژی ھه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێکی سه‌ربازی ده‌ره‌کیه‌ له‌ عێراق و سوریادا، کارده‌کات بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و گه‌لانه‌ تا به‌سه‌ر کۆسپه‌ سیاسیه‌کانیاندا زاڵبن و به‌ شێوه‌یه‌کى سیاسى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى خۆیان بکه‌ن.


ھه‌روه‌ھا ھه‌ڕه‌شه‌ی ھه‌ڵپه‌ساردنی یاسای دوبلنی تایبه‌ت به‌ په‌نابه‌ران ده‌کات، یاساى دوبلن ده‌ڵێت، هه‌ر په‌نابه‌رێت سه‌ره‌تا بگاته‌ هه‌ر وڵاتێکى ئه‌روروپى ده‌بێت له‌و وڵاتاته‌ په‌نجه‌مۆر بکرێت و که‌یسه‌که‌ى یه‌کلایی بکرێته‌وه‌.


ئه‌مه‌ له‌ پاڵ پشتگیریکردنی به‌رھه‌می ناوخۆ و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تیکردنی سیاسه‌تی سکھه‌ڵگوشین و که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆژه‌کانی کارکردن و کارکردن بۆ دانانی به‌دیلێک بۆ دراوی یۆرۆ، له‌ گرنگترین به‌رنامه‌کانیانه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin