Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى عێراق: تورکیا پیلانی داگیرکردنی که‌رکوکی هه‌یه‌

2018-03-09 08:39:08



ڕۆژنیوز - که‌رکوک


محه‌مه‌د عوسمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڕایده‌گه‌ێنێت، تورکیا پیلانی داگیرکردنی که‌رکوکی هه‌یه‌، زۆربوونی باره‌گا و سه‌ربازه‌گه‌کانیان له‌ هه‌رێم ئامانج لێی داگیرکردنی هه‌رێم کوردستانه‌.


محه‌مه‌د عوسمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ فراکسێۆنی یه‌کێتی، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر مه‌ترسیه‌کانی بوونی سه‌ربازگه‌کانی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان، ئامانجى ده‌وڵه‌تى تورکیا بۆهێشتنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ له‌ هه‌رێم و هه‌وڵه‌کانى ده‌رکردنى سوپاى تورکیا له‌ هه‌رێمى کوردستان.

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

 

 

-    بوونی سوپای تورکیا چ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌کات؟

 

"ئه‌م سوپایه‌ باڵانسى هێز له‌ ناوچه‌که‌دا تێکده‌دات"


محه‌مه‌د عوسمان: بوونی سوپای تورکیا له‌ خاکی باشوری کوردستان، پێشلکاریه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاکی عێراقه‌، ئه‌م سوپایه‌ له‌ هاوکێشه‌ سیاسه‌کانه‌ لایه‌نگر ده‌بێت، ئه‌م لایه‌نگریه‌ش باڵانسی هێز له‌ناوچه‌که‌ تێکده‌دات، ئه‌م هێزه‌ نابێت بوونی هه‌بێت وه‌ نابێت له‌ خاکی عێراقدا بێت، هه‌م په‌رله‌مانی هه‌رێم، هه‌میش په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ ده‌رکردنی ئه‌م سوپایه‌.

 

-    دوای ناڕه‌زایه‌تی زۆری جه‌ماوه‌ری که‌ به‌شێکی لایه‌نی عه‌ره‌بیش له‌و ناڕه‌زاتیه‌ به‌شدارن، ئێستا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌ڵوێستێکی ڕوونی هه‌یه‌ بۆ ده‌رکردنی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێم؟

 

"هه‌وڵی جدی هه‌یه‌ بۆ ده‌رکردنی ئه‌و سوپایه‌ له‌ خاکی هه‌رێم"

 

محه‌مه‌د عوسمان: لێره‌وه‌ له‌وێ هه‌وڵی جدی هه‌یه‌ بۆ ده‌رکردنی سوپای تورکیا له‌ خاکی عێراق، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا سوپای تورکیا له‌ خاکی عێراق ماوه‌، بگره‌ ژماره‌ و باره‌گانیان زیاد کردووه‌، ئه‌م مانه‌وه‌ی سوپا له‌ خاکی هه‌رێمی کاریگه‌ری سلبی ده‌بێت له‌سه‌ر پێکهاته‌کانی عێراق، کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ساغکردنه‌وه‌ی ململانێکان به‌ قازانجی لایه‌ک، داگیرکردنی خاکی هه‌رێم گاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتی هه‌رێم هه‌یه‌، چونکه‌ به‌شێک له‌ گوندنشینان ناتوانن له‌ ناوچه‌که‌ کشتوکاڵ بکه‌ن، ئه‌م سوپایه‌ کێشه‌ی زۆری دروست کردووه‌، وه‌ به‌شێکه‌ له‌ ململانێ سیاسه‌کان، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه‌ کوردستانیه‌کانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئه‌مه‌ش دیاره‌ به‌ زه‌ره‌ری هاوڵاتیان و گه‌لی کورد ده‌شکێته‌وه‌.

 

-    هه‌بوونی سوپای تورکیا له‌ خاکی کوردستان، چ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی بۆ پارتی تێدایه‌؟

 

"ئه‌و هێزه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی کار ده‌کات دژ به‌ حزبه‌ کوردییه‌کان"

 

محه‌مه‌د عوسمان: له‌ ڕابردوودا له‌ کاتی شه‌ڕی ناوخۆ، تورکیا ده‌وری خراپی بینی، ئه‌و کاته‌ به‌چه‌کی قورس ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی بۆردومان کرد، و په‌لاماری سه‌نگه‌ره‌کانی هێزه‌کانی یه‌کێتى-یان ده‌دا، له‌ جێگای هێزێکی هه‌رێمایه‌تی، بوو به‌ هێزێکی ده‌مکداری لایه‌ندار، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌زیانی خه‌ڵکی کوردستان یه‌کلابووه‌وه‌، له‌ لایه‌کی تر پارتی دیموکرات له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، کێشه‌و ململانێیه‌کی درێژیان هه‌یه‌، ئه‌م هێزه‌ش ئێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی کار ده‌کات، ئه‌وه‌ تاوانێکی گه‌وره‌یه‌ که‌ هێزێکی کوردی بۆ یه‌کلای کردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیان په‌نا بۆ سوپایه‌کی داگیرکه‌ر به‌رن.

 

-    له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ حکومه‌تی عێراق، ده‌توانێت چ ڕێکارێک ئه‌نجام بدات، بۆ ده‌رکردنی ئه‌و سوپایه‌؟

 

"به‌ پێی ده‌ستوری عێراق، هه‌ر هێزێکی بێگانه‌ بێته‌ ناو خاکه‌که‌یه‌وه‌ به‌ هێزێکی داگیرکه‌ر داده‌نرێت"

 

محه‌مه‌د عوسمان: به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، ده‌بێت ده‌وڵه‌ته‌کان سنوری وڵاتانی تر له‌ ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ نه‌به‌زێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ کرا، ئه‌وا پێشێلکردنی یاساییه‌، هه‌ر هێزێک بێته‌ ناو خاکی عێراقه‌وه‌ به‌ پێی یاسای وڵات، ئه‌وا ئه‌و هێزه‌ به‌ هێزێکی داگیرکه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت.  

 

-    له‌ ساڵی 2003 په‌رله‌مانی هه‌رێمی به‌پێی یاسای ژماره‌ 37 بڕیاریدا، سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێم نه‌مێنێت، بۆچی په‌رله‌مان بڕیاره‌کانی خۆی جێبه‌جێ ناکات؟

 

"په‌رله‌مان لاوازه‌ و لایه‌نی جێبه‌جێکاری بڕیاره‌کانی په‌رله‌مانیش لاوازه‌"

 

محه‌مه‌د عوسمان: کێشه‌ سیاسیه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌مه‌ لایه‌نه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م حزب و ئه‌و حزب ده‌وری هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی نیه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌هێز بێت، ئه‌گه‌ر بڕیارێکیدا به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکار، ده‌بێت بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ بکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکار ده‌سه‌ڵاتێکی لاوازه‌، وه‌ هه‌روه‌ها ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێز نیه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیارانه‌.

 

-    له‌ ڕابردوودا به‌ هه‌زاران واژوو بۆ ده‌رکردنی ئه‌م سوپایه‌ ڕاده‌ستی په‌رله‌مانی هه‌رێم کرا، هیچ نه‌کرا، هاوڵاتیان چۆن فشار دروست بکه‌ن له‌ ئێستادا؟ وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ واژو ئاڕاسته‌ی ئێوه‌ بکرێت له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئێوه‌ چیتان پێده‌کرێت؟

 

"په‌رله‌مانی عێراقیش ئیردایه‌کی به‌هێزی نییه‌ بۆیه‌ هیچی پێناکرێت"

 

محه‌مه‌د عوسمان : بۆ ده‌رکردنی هه‌ر سوپایه‌ک له‌ خاکی وڵات، پێویستی به‌ بڕیاری په‌رله‌مان هه‌یه‌، پێویستی به‌ هێزی سه‌ربازی هه‌یه‌، وه‌ ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێزی ده‌وێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ هیچی به‌شێوه‌کی پێویست له‌ عێراق بوونی نیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی میله‌ته‌که‌مان له‌ به‌رچاو نه‌گیراوه‌، ئه‌گه‌ر بێت و واژوو ڕاده‌ستی په‌رله‌مانی عێراق بکرێت، ئه‌وا وه‌ده‌رنانی ئه‌و سوپایه‌ زه‌حمه‌ته‌، چونکه‌ په‌رله‌مانی عێراقیش ئه‌و ئیراده‌ به‌هێزه‌ی نیه‌، وه‌ له‌ ڕووی سه‌ربازیشه‌وه‌ هێزی عێراقی ئه‌و هێزه‌ نیه‌ که‌ بتوانێت ڕووبه‌ڕوی ئه‌و هێزه‌ بێته‌وه‌ که‌ ده‌ستدرێژی کردۆته‌ سه‌ر خاکی عێراق، له‌ په‌رله‌مانی عێراقیش بڕیارێکی وه‌ها هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی هه‌رێم نه‌یانتوانی بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.

 

-    ئایا مانه‌وه‌ی ئه‌و باره‌گایانه‌، تا چه‌نده‌ زیانیان بۆ کورد ده‌بێت و وه‌ تا چه‌ند کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ کوردان یه‌کنه‌گرن و ڕێگره‌ له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟

 

" ده‌بێت سیاسه‌کانی ئێمه‌ به‌ یه‌کگرتوویی پلانی دووژمنان پوچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌"

 

محه‌مه‌د عوسمان: داگیرکه‌رانی کوردستان هیچکات نایانه‌وێت ناو ماڵی کوردی ڕێک و یه‌ک ده‌نگ بێت، به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم توانیویانه‌ تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن، تا ئێستا نه‌مان توانیه‌وه‌ په‌رله‌مانی هاوبه‌ش له‌ نێوان به‌شه‌کانی کوردستان بێت، نه‌توانراوه‌ هێزی سه‌ربازی هاوبه‌شمان هه‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م هێزانه‌ که‌ له‌ خاکی عێراق دان و سه‌روه‌ری وڵاتیان به‌زاندووه‌ که‌ پیلانیان هه‌یه‌ بۆ تێکدانی نێو ماڵی کوردی، ده‌بێت سیاسیه‌کانی ئێمه‌ به‌ یه‌کگرتوویی پلانی دووژمنان پوچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌.

 

-    ئێستا عه‌فرین جینۆساید ده‌کرێت و خه‌ڵکى مه‌دنی قوربانی سه‌ره‌کیه‌، ئایا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ له‌ داهاتوودا له‌سه‌ر هه‌رێم-یش دووباره‌ نابێته‌وه‌، له‌لایه‌ن سوپای تورکیاوه‌؟

 

"مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم، تورکیا پیلانی داگیرکردنی که‌رکوکی هه‌یه‌"

 

محه‌مه‌د عوسمان: بینیمان که‌ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری تورکیا له‌ باکور و ڕۆژئاوای کوردستان چ کاولکاریه‌ک دروست ده‌کات، له‌ باشوریش ده‌بینین چۆن به‌ بۆردومانه‌کانیان خه‌ڵکی سڤیل ده‌که‌نه‌ ئامانج، له‌ هه‌موو کات زیاتر ئه‌م هێزه‌ مه‌ترسیداره‌، ئامانجیانه‌ که‌ باشوری کوردستان-یش داگیربکه‌ن، که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ که‌رکوکه‌، ئێمه‌ له‌ پیلانه‌که‌ تێده‌گه‌ین، ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ تاوه‌کو ئێستا هێزه‌ کوردستانیه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر خۆیان لابه‌رن، ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ به‌شێک له‌ حزبه‌کانی کوردستان وا تێگه‌یشتوون، که‌ به‌له‌ناوبردنی هێزێکی کوردی ده‌بنه‌ ئاغای کوردستان، به‌ڵام ڕۆژێک دێت ئه‌و حزبه‌ش نامێنێت و داگیرکه‌رانى کوردستان خاکاکه‌مان داگیر ده‌که‌ن، ده‌بێت کورد له‌ خاڵی سفر و ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه‌ ده‌سپێبکاته‌وه‌.


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin