Smiley face
Smiley face
Smiley face

سێیه‌مین ڤیستیڤاڵی ڕۆژی شاره‌زوور به‌رده‌وامه‌ له‌ کاره‌کانی

2018-03-10 13:06:34



ڕۆژنیوز - هاوکار مسته‌فا


سێیه‌مین ڤیستیڤاڵى شاره‌زوور به‌ دروشمی "ڕاپه‌ڕین، به‌هار، ژن، نه‌ورۆز، نه‌وای گه‌رووی شاره‌زوورن" به‌رده‌وامه‌ له‌ کاره‌کانى و چه‌ندین بابه‌تی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی و ڕۆشنبیریی به‌ڕێوه‌چوون.


پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری شاره‌زوور، له‌ چوارچێوه‌ی کاره‌کانی سێیه‌مین ڕۆژی سێیه‌م ڤیستیڤاڵی ڕۆژی شاره‌زووردا، چه‌ند چالاکییه‌کی تایبه‌ت به‌ شیعر و چیرۆک به‌ڕێوه‌چوون.


مه‌ریوان تۆفیق، سه‌رپه‌رشتیاری سێیه‌م ڤیستیڤاڵی ڕۆژی شاره‌زوور، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: ئه‌مساڵیش جیاوز له‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ شێوه‌یه‌کی فراوانتر یادی ڕۆژی شاره‌زوورمان ده‌ستپێکردووه‌، چونکه‌ ساڵانی ڕابردوو ته‌نها یه‌ک ڕۆژ چالاکی ئه‌نجام ده‌درا، به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ ماوه‌ی چوار ڕۆژ چالاکی جۆراوجۆرمان ده‌بێت.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: ڕۆژی یه‌که‌می ڤیستیڤاڵه‌که‌ ته‌رخانکرابوو بۆ وتاری به‌رپرسانی ئیداریی و ڕۆشنبیرانی سنوره‌که‌ له‌باره‌ی قسه‌کردن له‌ مێژووی شاره‌زوور و گرنگی ئه‌نجامدانی ئه‌م ڤیستیڤاڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاکییه‌ی هونه‌ریی و ژینگه‌یی.


ئه‌وه‌شى وت: هاوکات له‌ ڕۆژی دووه‌میشدا به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی باڵای حزبیی و حکومیی و په‌رله‌مانتارانی عێراق و هه‌رێم په‌رده‌ لادرا له‌سه‌ر په‌یکه‌ری شاعیری گه‌وره‌ی گه‌لی کورد حه‌زره‌تی مه‌وله‌وی له‌ ده‌روازه‌ی شارۆچکه‌ی شاره‌زوور.


سه‌رپه‌رشتیاری سێیه‌م ڤیستیڤاڵی ڕۆژی شاره‌زوور ئه‌وه‌شی وت: ئه‌مڕۆش که‌ ڕۆژی سێیه‌می ڤیستیڤاڵه‌که‌یه‌ تایبه‌تکراوه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه‌ شیعر و چیرۆکێک و هه‌روه‌ها دابه‌شکردنی کتێبی پێنوسه‌کان و پاشان دابه‌شکردنی خه‌ڵات به‌سه‌ر براوه‌ی باشترین شیعر و چیرۆک.


سبه‌ینێش که‌ کۆتا ڕۆژه‌ ته‌رخانکراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌کی وه‌رزشی به‌ کردنه‌وه‌ی خولێکی وه‌رزشى بۆ منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ١٢ ساڵ.


مه‌ریوان ئه‌وه‌شی وت: هیچ لایه‌نێکی حکومی هاوکاری مادی ڤیستیڤاڵه‌که‌ی نه‌کردوین به‌ڵکو له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی ناوچه‌که‌وه‌ ئه‌رکی تێچووی ڤیستیڤاڵه‌که‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.

 

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin