Smiley face
Smiley face
Smiley face

هونەرمەندان: دراما توركییەكان شیرازەی خێزانی كوردیان تێكداوە

2018-03-11 11:05:24



ڕۆژنیوز – سلێمانی

 

ئەکتەران و سینەماکارانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە، کە دراما توركییەكان شیرازەی خێزانی كوردیان تێكداوە و لەگەڵ كلتوری كوردیدا ناگونجێت، دەشڵێن، كە ئەو درامایانە زیانی بە بەرهەمهێنانی درامای ناوخۆیی گەیاندووە.

 

لە سەروبەندی هێرشەکانی سوپای تورك بۆ سەر كانتۆنی عەفرین، هەوڵێك هەیە بۆ بایكۆتكردنی دراما توركیەكان لە كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێک لە ئەکتەران و سینەماکارانی باشوری کوردستان، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو دراما تورکییانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

 

گەزیزە عومەر، هونەرمەند و سینەماکار، بە ڕۆژنیوزی وت:"پەخشكردنی دراما توركییەكان كاریگەری نادروستی كردووەتە سەر كۆمەڵگای كوردی لە چەند ڕوویەكەوە، ڕووی یەكەم بۆشاییەكی گەورەی لە ژیانی هونەرمەندانی كورددا دروستكردووە، كە وەك پێویست نەتوانن لە كۆمەڵگای كوردی نزیك ببنەوە، خاڵی دووەمیش ئەو مامەڵە نادروستانەی كە لە ناو خێزانی توركدا هەیە ڕاستەخۆ كاری كردووەتە سەر كۆمەڵگای ئێمە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان".

 

 

وتیشی:"خۆمان دژی هێرشەكانی توركیا دەوەستینەوە، لە هەمانكاتدا پەرە بە كەلتوریان دەدەین، دەبێت ئەمانە سنووردار بكرێن و دابونەریتی دوژمنان لە كۆمەڵگامان دوور بخرێتەوە".

 

كاوە قادر، كە ئەكتەرێكی دیاری نێو دراما كوردیەكانە، بە ڕۆژنیوزی وت: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئاوڕ لەوە بداتەوە چۆن پەرە بە درامای كوردی بدات كە بۆشایی گەورەی دروستكردووە، ئەم بۆشاییە وایكردووە بیانییەكان زیاتر ڕەواجیان هەبێت، هەموو ئەمانەش بووەتە هۆی كاڵبوونەوەی ڕەسەنایەتیی كورد.

 

 

وتیشی: ئێمە كلتوری ئەوان ڕەت دەكەین و نامانەوێت بێتە ناو كۆمەڵگامان، داواكاریشم بە وەستاندنی دراماكان و كەمكردنەوەیان.

 

كامەران ڕەئوف، هونەرمەندێكی دیكەی بواری نواندن بوو لە شاری سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: دراما بیانییەكان ڕۆڵی خراپیان هەیە، پێویستە بنیاتنانەوەی كۆمەڵگا لەم قۆناغەدا لە سەر دەستی میدیاكان بێت، بەڵام پێچەوانە بووەتەوە بە بڵاوبوونی دراما توركییەكان كە بووەتە هۆی بەرفراوان بوونی بەدڕەوشتی و نەمانی بەهاكانی كۆمەڵگا.

 

 

لەبارەی ئەوەی ئایا پێویست نییە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی دەكرێتە سەر عەفین كەناڵە كوردیەكان دراما توركییەكان بایكۆت بكەن، ناوبراو وتی: نەك لەبەر عەفرین بەڵكو دەبێت لەبەر داهاتووی كۆمەڵگا بایكۆت بكرێت، چونكە هەموو ئەو درامانە بووەتە ڕەمز و هێمایەكی نائەخلاقی لە ناو كۆمەڵگا، دێن كلتوری خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر دەیسەپێنن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin