Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاتى کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئاشکرا کرا

2018-03-13 12:56:11



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کاتى کردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى ئاشکرا کرد و ڕایگه‌یاندوه‌، له‌ ماوه‌ى که‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ک ده‌بێت بکرێنه‌وه‌.


حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، تایبه‌ت به‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانى فڕۆکه‌خانه‌کى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆ بڕیارێکى ده‌رکرد.


له‌ بڕیاره‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ کراوه‌، پاڵپشت به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی پێماندراوه‌، به‌پێی ماده‌ی (78) له‌ ده‌ستوری عێراق وه‌ به‌ پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ژماره‌ (305) بۆ ساڵی 2017 وه‌ له‌ په‌رۆشیمان بۆ ئاسانکردنی گه‌شتی هاوڵاتیان له‌ ڕێگه‌ی هه‌ردوو فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی، دوابه‌دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌که‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی فیدڕالی به‌ پێی ده‌ستوور، بڕیارماندا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک.


یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌، دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی تایبه‌ت به‌سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ تیایدا سه‌رپه‌رشتی و ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدراڵیدا ده‌بێت، هه‌روه‌ها دیاریکردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌وه‌ و ته‌نسیبکردنی فه‌رمانبه‌ران، ڕێکخستنیان و سوود وه‌رگرتن له‌و پێکهاتانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری ناوخۆی فیدڕاڵیدا ده‌بێت.


له‌ بڕیاره‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌: سیسته‌می چاودێری (البایسز) ده‌به‌سترێت به‌ سیسته‌می سه‌ره‌کی له‌ به‌غدا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ فڕۆکه‌خانه‌کان و ده‌روازه‌کانی هه‌رێم به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی که‌ له‌ ده‌روازه‌کانی تری عێڕاق کاری پێده‌کرێت.


بڕیاره‌که‌ ئه‌وه‌شى تێدایه‌، فه‌رمانگه‌ی پاسپۆرت و جنسیه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌کانیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌به‌سترێت به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدڕاڵ به‌ پێى یاسا.


ئه‌وه‌شى تێدایه‌، ڕێگه‌ ده‌درێت به‌ گه‌شته‌ ئاسمانیه‌ نێوده‌ڵه‌تیه‌کان له‌ وه‌ بۆ فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێم وه‌ به‌پێی ڕه‌زامه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئاسمانی مه‌ده‌نی فیدڕالی پاش ته‌واوکردنی پێداویستیه‌کانی ئه‌م فه‌رمانی دیوانه‌، به‌ مه‌رجێک له‌ یه‌ک هه‌فته‌ تێپه‌ڕ نه‌بێت له‌و به‌رواره‌.


له‌ کۆتایى بڕیاره‌که‌دا ئه‌وه‌ هاتوه‌: لیژنه‌یه‌کی باڵا پێکدێت بۆ سه‌رپه‌رشتیکردنی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆکه‌خانه‌کان و خاڵه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێم، دڵنیابوون له‌ پاپه‌ندبوونی به‌ ڕێنماییه‌ فیدڕاڵیه‌کان، نوێنه‌ری گشت ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ناوه‌ند له‌ خۆده‌گرێت وه‌ هه‌رێم ڕاپۆرت به‌رزده‌کاته‌وه‌ بۆ  فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌کداره‌کان.


ک.ک

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin