Smiley face
Smiley face
Smiley face

​سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆماركرا كە چەكی كیمیاییان بە سەدام فرۆشتبوو

2018-03-13 16:36:35



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

گروپی دادوەری جیهانیی بە هەماهەنگیی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، سكاڵای یاساییان لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمارکرد، کە چەكی كیمیاییان بە ڕژێمی بەعس فرۆشتبوو.

 

ئەمڕۆ، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە پارێزەرانی نێودەوڵەتیی و ناخۆیی و ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان، گروپی دادوەری جیهانیی بە هەماهەنگی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، سكاڵایان لەسەر كۆمپانیا فرۆشیارەكانی چەكی كیمیایی بە ڕژێمی بەعس لە دادگای هەڵەبجە تۆمار كرد.

 

 

پاش تۆمار كردنی سكاڵاكە و پێدانی سەرجەم بەڵگەنامەكان لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی چەكە كیمیاییەكان بە ڕژێمی بەعس لەلایەن كۆمپانیا جیهانی و ئەروپیەكان، لە هۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاری هەڵەبجە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی ساز كرا.

 

لەكۆنگرەكەدا سامی جەلال، سەرۆكی گروپی دادوەری جیهانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: پاش هەشت ساڵ كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای (MMO) نێودەوڵەتیی بە سەرپەرشتی پارێزەری نێودەوڵەتیی گاڤریل نیرۆن، توانیمان كەیسی فرۆشتنی چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعس لەلایەن چەندین كۆمپانیای جیهانی و ئەروپی بەم ڕۆژە بگەیەنین و ئێستا لەڕێگای سكاڵا تۆماركردن لە دادگا ناوخۆیی و جیهانییەكان دەتوانین ئەو كۆمپانیایانە بە سزا بگەیەنین و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری شەهیدان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان بكەینەوە.

 

سامی جەلال

 

دواتر گاڤریل نیرۆن، پارێزەری نێودەوڵەتی و سەرپەرشتیاری كەیسی تۆمار كردنی سكاڵا لەسەر كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی چەكی كیمیایی، لەكۆنگرەكەدا ڕایگەیاند: ئەوەی كە ئێمە لێكۆڵینەوەمان لەسەر كردوون و بەبەڵگەوە دەستمانكەوتووە، تا ئێستا ٢٥ كۆمپانیا و كەسایەتی و خاوەنی كۆمپانیا و پشكدارانی كۆمپانیا، چەكی كیمیاییان بە ڕژێمی سەدام فرۆشتووە و ئەمڕۆ بەفەرمی سكاڵای یاساییمان لەدادگای هەڵەبجە لەسەر تۆمار كردن.

 

گاڤریل نیرۆن

 

ڕوونیشیکردەوە: پاش بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی و فرۆشتنیان بە ڕژێمی بەعس و ئەنجامدانی چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەداخەوە ئێستا ئەو كۆمپانیایانە خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرن و لەو ڕێگایەوە سەدان ملیۆن یۆرۆیان دەستكەوتووە.

 

گاڤریل نیرۆن، وتیشی: ئەو كۆمپانیایانە بەئاگابوون كە ڕژێمی بەعس چەکی کیمیایی دژی نەیارەكانی بەكاردەهێنا و كۆمەڵكوژیی ئەنجامدەدا، هەر بۆیە ئەوانیش هاوبەشن لەو جینۆساید و كۆمەڵكوژییانە، بەتایبەت كۆمپانیاكانی هۆڵەندی و ئەڵمانی و فەڕەنسی، كە زۆرترین چەكیان بەو ڕژێمە فرۆشتوە، تەنانەت هاوكاری یەكترینیشیان دەكرد لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو چەكە قەدەغە كراوانە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin