Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاوە محەمەد: پێویستە عێراق بەزووترین كات هێزەكانی توركیا دەربكات

2018-03-13 17:09:23



ڕۆژنیوز – بەغدا

 

سەرۆکی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەتیکردەوە: پێویستە حکومەتی عێراق بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراقی جێبەجێ بکات.

 

ئەمڕۆ، كاوە محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەبوونی هێزەكانی توركیا لە خاكی باشوری كوردستاندا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا.

 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، كاوە محەمەد وتی: پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بڕیاری دابوو و لەو بڕیارەدا هێزەكانی توركیا وەك هێزی داگیركەر لە خاكی عێراقدا ناسرابوون، بۆیە دەبێت ئەو هێزانە وەك هێزی هێرشكەر بناسرێن و ئەو كەسانەی لەگەڵیان ڕێكدەكەون وەك تاوانبار بناسرێت.

 

لە بەردەوامیدا وتی: هیچ هەنگاوێك بۆ دەركردنی ئەو هێزانە لە خاكی عێراقدا نەنراوە، هێزەكانی توركیا هەبوونی داعشیان وەك بەهانە بۆ مانەوەیان دەهێنایەوە، بەڵام ئێستا خاكی عێراق لە چنگی داعش ڕزگاربووە، كەچی ئەوان هەر لەوێن.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر عەفرین کرد و وتی: لە ئێستادا سوپای تورك هێرشێكی نامەردانە دەكاتە سەر خاكی سوریا، لە كاتێكدا كە دەبوو حكومەتی عێراق پشتگیریی بەرخۆدانی گەلانی كورد و عەرەب لە عەفرین بكات، هەبوونی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراقدا و بێدەنگیی حكومەت لە ئاستیدا بە واتای قبوڵكردنی پرۆژەی فراوانخوازیی عوسمانییەكان لە سەر خاكی سوریا و عێراق دێت.

 

جەختیشیکردەوە: پێویستە حكومەتی عێراق هێرشی حكومەتی تورك شەرمەزار بكات، چونكە ئەوە ئەركی هەموو ئەو كەسانەی كە داوای ئازادی و كەرامەت و سەروەری دەكەن.

 

کاوە مەحمود، ئاماژەی بە ئیدیعای چاوشئۆغڵو-ی وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا وتبووی "لەگەڵ عێراقدا بە هاوبەشیی ئۆپەراسیۆن دژی هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل ئەنجامدەدەین" و وتی: حكومەتی توركیا دەڵێت كە بەنیازین لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بە هاوبەشی لەناو خاكی عێراقدا ئۆپراسیۆن پێكبهێنین، ئەوەش واتای ئەوەیە كە حكومەتی عێراق بڕیاری پەرلەمانی خستووەتە ژێر پێی خۆی.

 

لەكۆتایی قسەكانیدا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەئکیدیکردەوە: حكومەتی عێراق پێویستە داوا لە توركیا بكات بە زووترین كات هێزەكانی لە خاكی عێراقدا بكشێنێتەوە، ئەگەر توركیا ڕازی نەبوو بەو داوایە، پێویستە حكومەتی عێراق لە ڕێگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هەوڵبدات بۆ ئەو مەبەستە و لەڕێگای سیاسیی و ئابوورییەوە فشار بخاتە سەر توركیا.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin