Smiley face
Smiley face
Smiley face

لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی سۆران: هاتنى سوپاى تورک بۆ باشور کاره‌ساته‌

2018-03-14 08:12:30



ڕۆژنیوز - زاهیر ئیبراهیم

 

لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى شارۆچکه‌ی سۆران باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌ سنورى سیده‌کانه‌وه‌ سوپاى تورک زیاتر هاتوه‌ته‌ ناو خاکى باشورى کوردستانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ کاره‌سات ناوده‌به‌ن و ده‌ڵێن، ده‌بێت هه‌موو کوردێک دژى هاتنى ئه‌و هێزه‌ دەنگ هەڵبڕێت.

 

سوپای تورک له‌ سنوری شاره‌دێی سیده‌کانی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی سۆران له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا نزیکه‌ى دوو کیلۆمه‌ترى دیکه‌ سنورى باشورى کوردستانى به‌زاندووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى سۆران بۆ ڕۆژنیوز ده‌دوێن.

 

خالس فکری به‌رپرسی نه‌وه‌ی نوێ له‌ سۆران ده‌ڵێت: له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا  سوپای تورکیا زیاتر هاتوته‌ نێوخاکی هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر گه‌لی کورد، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو کوردێک دژی هاتنی ئه‌و هێزه‌ بێت بۆ خاکی باشورى کوردستان.

 

 

ده‌شڵێت: به‌داخه‌وه‌ هاتنی ئه‌و هێزانه‌ به‌ پشتگیری حزبی حکومڕانه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ (پارتی)، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و کاره‌ساته‌، هیوادارم سه‌رکرده‌کانی کورد له‌وه‌ زیاتر خاک ڕاده‌ستی نه‌یارانی کورد نه‌که‌ن.

 

هه‌روه‌ها مسته‌فا گه‌ڵاڵی هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سۆران بۆچوونى وایه‌: هاتنی هێزی تورکیا بۆ باشورى کوردستان به‌ پشتگری ناوخۆیی کاره‌ساتێکه‌ بۆ ئاینده‌ی کوردستان، چونکه‌ تورکیا سیاسه‌تێکى واى هه‌یه‌ و ده‌سبه‌سه‌ر هه‌ر شوێنێک بگرێت، چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئاسان نییه‌.

 

 

باسى له‌وه‌ش کرد:"تورکیا ئێستا چەندین باره‌گای زۆر گه‌وره‌ی له‌ زۆنی زه‌رد هه‌یه‌، که‌ هیچ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردستاندا نییه‌".

 

ئه‌نوه‌ر ئه‌حمه‌د به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سۆرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دەلێت: هاتنی ئه‌و هێزه‌ی تورکیا بۆ سیده‌کان مه‌ترسیدار ده‌بێت و ئه‌گه‌ر کورد خۆی ڕێکنه‌خاته‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کان فروانتر بن، چونکه‌ تورکیا و ئێران له‌ پشت هه‌موو ناکۆکیه‌کانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانن له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان.

 

 

دەشڵێت: ڕه‌وا نییه‌ هیچ هێزێکی بیانی بێته‌ خاکی کوردستان و هیوادارم سه‌رکردایه‌تی کورد فشار دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ی خاکی باشورى کوردستان نه‌بێته‌ ده‌روازه‌ی شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کورد.

 

ک.ک

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin