Smiley face
Smiley face
Smiley face

قەرەیلان: قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم دەستیپێکردووە

2018-03-14 11:42:46



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، دەڵێت ئێستا کاتی دانیشتن نییە، بەڵکو کات کاتی پشتگیریکردن لە بەرخۆدانی سەردەمە، بەتایبەت لە ئێستادا کە قۆناغی دوەمی بەرخۆدان دەستیپێکردووە.

 

موراد قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار دوایین دۆخی عەفرین و بەرخۆدانێک کە لەوێ لە ئارادایە نرخاندووە، کورتکراوەیەکی ئەو چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەیە:

 

قەرەیلان دەڵێت: بەرخۆدانی سەردەم بەرز دەنرخێنم و سڵاو دەنێرم بۆ گەلی عەفرین، دیارە بەرخۆدان ٥٣ ڕۆژی لە پاش خۆی بە جێ هێشتووە، ئەو بەرخۆدانە لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژوودا کردەوە، ناوچەیەکی بچوک بە ئیرادەی خۆیان و بە چەکی سووکەوە لە بەرامبەر دووەمین سوپای ناتۆدا وەستاون، ئەوە لە ماوەی ٥٣ ڕۆژی ڕابردوودا ئەم هەقیقەتەی ئاشکراکردووە، کە بەرخۆدان تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.

 

لە بەردەوامیدا وتی: لە ڕۆژی پێنجەم یان شەشەمی بەرخۆدان دا بوو، کە وتم ئەوەی سوپای تورک بگاتە ناوەندی عەفرین بە واتای سەرکەوتنی نییە، ئێستاش هەر ئەوە دووبارە دەکەمەوە، هەمووان سەریان سووڕ ماوە لە ئاستی بەرخۆدانی شەڕڤانان لە عەفرین، من وتبووم کە سوپای تورک لە ماوەی ٢٠ بۆ ٢٥ رۆدا دەگاتە ناوەندی عەفرین، بەڵام ٥١ ڕۆژیان پێچوو، ئەوە بۆ عەفرین بە واتای سەرکەوتنێکی گەورەیە، لێڕە بەدواوە شەڕ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لەم دواییانەدا فەرماندەی عەفرین بە ڕاگەیاندنەکانی وتبوو:"ئێمە عەفرین چۆڵ ناکەین" ئەوە بڕیارێکی گەورەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قەرەیلان، وتی: هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەو هێرشە تەنیا بۆ سەر عەفرین نییە، بەڵکو بۆ سەر هەموو کوردستان و داهاتوو و چارەنووسی گەلی کورد و عەرەب و گەلانی ناوچەکەیە، شەهیدانی بەرخۆدانی عەفرین بە بیر دێنینەوە و دەڵێین، کە شەهیدبوونتان بێ تۆڵە نامێنێتەوە، لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوومانە، کە خەڵک بەبڕیارن عەفرین چۆڵ نەکەن، ئەو بڕیارێکی مێژووییە، گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیرییان دەکەن، ئەوە زۆر ئاشکرایە، کە ئەگەر خەڵکی عەفرین لە شارەکە بچنە دەرەوە، چیدی هەرگیز ناتوانن بگەرێنەوە شارەکەیان، خەڵکی عەفرین سەدان ساڵە لەوێ دەژین، ئەوێ چیای کرمانجە، بەڵام هێزە تورکەکان لەوێ چی دەکەن؟ ئەوان چوون عەفرین لە میلەتێک پاک بکەنەوە، لە سەدەی ٢١ دا دەوڵەتێکی نەژادپەرست و دڕندە دەڵێت خەڵک لە شوێنێک دەردەکات و خەڵکی دیکە لەوێ جێگردەکات، واتە دەیەوێت دیموگرافیای عەفرین بگۆڕێت، ئەوە پرەنسیب و ئوسلوبی ئەردۆغانە، بەڵام گەلی کورد لە عەفرین ئەو نیازە مایەپووچ دەکەنەوە.

 

قەرەیلان لە بارەی تاکتیکی هێرشی سوپای تورکیشەوە و، تی: ئەوان ئەو تاکتیکەیان پێشتر لە جزیر و سلۆپی بەڕێوەبرد، هێڕش دەکەن سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، یەک دوو ڕۆژ هاوڵاتی شەهید دەکەن و برینداریان دەکەن، لە عەفرینیش وایان کرد، بۆ دوو ڕۆژ هەموو دەوروبەرەکانی ناوەندی عەفرینیان بۆردوومان کرد، بەم کارە دەیانەوێت خەڵک چاوترسێن بکەن، لای خۆیان دەڵێن ژمارەیەک دەکوژین و خانووەکانیان دەڕووخێنین، کوشتنی چەند کەسێک کاردانەوەی جیهانیی بەدواوە نابێت، پاشان دەترسن و ڕا دەکەن، بەڵام خەڵکی عەفرین ناترسن و ڕاناکەن، لە کۆتاییدا سەرکەوتن بۆ گەل و شەڕڤانانە کە عەفرین چۆڵ ناکەن.

 

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو سیاسەتە شەڕخوازانەیەش، وتی: ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی لە عەفرین دەژین، ڕەنگە زەحمەت بێت ژیانی ئەو هەمووە لە شارەکەدا، بەڵام دەکرێت بەشێکی هاوڵاتیان لە شوێنی دیکە جێگربکرێن، بۆ نمونە بگوازرێنەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ، یان شارێکیان بە چادر بۆ درست بکرێت، کانتۆنەکە ئەو دەرفەتەی هەیە، گەلی کوردیش هەموو پشتگیریی عەفرین دەکەن، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە، کە ئەگەر خەڵک لە عەفرین بچنە دەرەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەگەر خەڵک بەمشێوەیەی بڕیاریان داوە بەردەوام بن سەردەکەون.

 

وتیشی: ئەو هەموو خەڵکە لە حەلەبدا مانەوە کاتێک شەڕی تێدا بوو، دەبێت خەڵکی عەفرینیش وا بکەن، هیچ هێزێک ناتوانێت بچێتە ناو عەفرینەوە، ئەوەش گیانفیدایی پێویستە، کە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر خەڵک پێی وابێت کە عەفرین هی خۆیانە و نابێت چۆڵی بکەن، ئیدی سەردەکەون، تەنیا خەڵکی عەفرین لە عەفرین نامێننەوە، با خەڵکی دیکەش بچنە عەفرین، با بیسەلمێنن کە عەفرین نادەن بە کەس، خەڵک ئەوەیان لە شەڕی دژی داعش دا سەلماند، تا ئێستاش لە شەڕی دژی تورکیا، نوسرە و داعش سەلماندوویانە، ئەگەر گەلەکەمان پشت بە ئیرادە و هێزی خۆی ببەستێت ١٠٠٪ سەردەکەوێت، وا نییە کە تەنیا خەڵکی عەفرین بەرخۆدان بکەن، وا گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کەوتووەتە جووڵە بۆ پشتگیریی عەفرین، هەموو کورد و هەموو ئەوانەی خوازیاری دیموکراسی و برایەتی گەلان پشتگیریی عەفرین دەکەن، هەرکەس ئەوەی پێویست بێت دەیکات و دەبێت بیشیکات، ئەمڕۆ لە دژی دڕندەیی و نەژادپەرستی و فاشیزم دا بەرخۆدانێکی گەورە لە ئارادایە، هەموو ئەوانەی دەڵێن "من مرۆڤم" لە دژی ئەو هێرشە نابێت بێدەنگبن.

 

لە بارەی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییەوە وتی: ئەوەی خەریکین دەیبینین بەڕاستی بێ ویژدانییە، بێدەنگن، چۆن؟ سەرۆکی پێشووی فەرەنسا وتبووی، کە حکومەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی لە دژی داعش شەڕیان کردبوو، ڕاست دەکات، یەپەگە لە دژی جیهادییەکان و نوسرە و داعش شەڕی کرد، پێنج هەزار شەهیدیان داوە، ئێستاش حکومەتی تورک پاشماوەکانی ئەو هێزانەی کۆکردووەتەوە و بەوانەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو شەڕڤانانە، شەڕڤانان لە دژی سوپایەک شەڕ دەکەن، کە سەرۆکی حکومەتەکەیان هەموو ڕۆژێک بە کوشتن خوشحاڵ دەبێت، لەو ئاستەدا دەڕندە!.

 

وتیشی: هەموو ئەو دەوڵەتانەی هاوپەیمانی یەپەگەش ئێستا دانیشتوون و سەیر دەکەن، ئەوە دووڕوییە، یەپەگە بە شەڕی دژی جیهادییەکان و نوسرە و داعش ڕێگری کرد لەوەی کە ئەو چەتانە بچنە ئەوروپا و ئەمریکا چالاکیی تیرۆریستی بکەن، ناکۆکی و دووڕوییەکی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ئارادایە، بۆ نموونە ڕوسیا بەپیی بەرژەوەندییەکانی دەجووڵێتەوە، ئەو کاری بەوە نییە کە حکومەتی تورک فاشیستە یان کورد بندەستن، ئەمریکاش بە هەمان شێوە، کاری بەوە نییە کە هاوپەیمانەکەی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لە دژی داعش شەری کردووە، بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەندامی ناتۆ بە چەکی ئەمریکی هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانەکەی.

 

لە بارەی هەڵوێستی حکومەتی سوریاشەوە وتی: سوریا و ئێران لە سەرەتاوە پلانی ئەو هێرشەکەیان قبوڵکردووە، من پێموایە بەرپرسانی حکومەتی سوریا هێشتا لە نیازی ڕوسیا و تورکیا تێنەگەیشتوون، ڕوسیا دەیەوێت ئەردۆغان بکاتە هاوپەیمانی خۆی، بێگومان بەرژەوەندیی زۆری دەبێت لەو هاوپەیمانییەدا، ئەو دەستە چەتانەی لەگەڵ سوپای تورک هێرش دەکەنە سەر عەفرین هەموویان دوژمنی حکومەتی سوریان، ڕوسیا بەنیازە لەگەڵ ئەردۆغان داهاتوو و چارەنووسی سوریا دیاری بکات، من پێموایە ڕێککەوتنی ئەردۆغان و ڕوسیا داهاتووی حکومەتی ئەسەدی خستووەتە مەترسییەوە، ڕوسیا بەنیازە سوریا بکاتە سێ پارچە، دەستێوەردانی روسیا لە دۆخی سوریادا ئەو وڵاتەی پارچەکرد، ڕژێمی سوریا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە بۆ ئەوە، بۆیە دەڵێم کە لە مەسەلەکە تێنەگەیشتوون، باخچەلی کە جاری وایە ئەو شتانە دەڵێت کە ئەردۆغان ناتوانێت بە ئاشکرا بیانڵێت، ئەو وتی: سوریا سەد ساڵ پێش ئێشتا خاکی ئێمە بوو و ئێستاس هەر خاکی خۆمانە، ڕەنگە بەرپرسانی سوریا لەو قسانە ناڕەحەت بن، بەڵام دەبینین کە هیچ هەڵوێستێکیان نییە لە بەرامبەریدا، وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە.

 

لە کۆتاییدا قەرەیلان وتی: بەرخۆدانی سەردەم لەگەڵ خۆی هەموو گەلی کوردی بردە ناو سەردەمێکی نوێوە، دەبێت هەمووان بە ڕۆحێەتێکی نەتەوەییەوە پشتگیریی بەرخۆدان بکەن و لە دژی فاشیزمی ئەردغان دا بوەستنەوە، هاواری بەرخۆدانی عەفرین، هاواری سەدەیە، پێویستە لە دوەمین قۆناغی بەرخۆدانیشدا بە هەمان شێوەی پێشوو بەرخۆدان ئەنجام بدرێت، گەلەکەمان لە ئەنجامدا سەردەکەوێت.

 

س.ح

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin