Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسەرۆکی پەیەدە: ڕوسیا سوودی لە فاشیزیمی تورک وەرگرت

2018-03-16 10:37:09



ڕۆژنیوز – سۆران و دانا


لەم چاوپێکەوتنەدا، هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت: ڕوسیا سودی لە فاشزیمی تورک وەرگرت، بانگەوازیش دەکات کە تا گەیشتن بە سەرکەوتن چالاکییەکان بەردەوامبن و فرانتر ببنەوە، هەروەها دڵنیایی دەدات کە بەرخۆدانی شەڕڤانان تا کۆتایی دەبێت، داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بڕیارەکانیان بەجێبهێنن و پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەمریکا و ڕژێمی ئەسەد و تورکیاش دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان شیدەکاتەوە.


دەربارەی دواین دۆخی عەفرین، وە پەوەندییەکانی وڵاتان و بەرخۆدانی شەڕڤانان و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک، بێدەنگی حکومەتی هەرێم و کاریگەریی چالاکییەکان بۆ وەستانی هێرشەکانی سەعەفرین، شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات- پەیەدە، لەم چاوپێکەتنەدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

 


ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا چۆنە؟


"بە دەنگێکی بەرز دەیڵێم، کە گەلی عەفرین دەست لە خاکی خۆیان بەرنادەن"


شاهۆز حەسەن: ئێستا شەڕی قورس لە عەفرین هەیە، ئەگەر بەرخۆدانەکە و هێرشەکە پێناسە بکەین، ئەو هێرشە تەنها دژی خاکی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و کوردیش نییە، بەڵکو هێرشێکە لەسەر کوردستان بەگشتی، چونکە هێرشێکە بۆ لەناوبردنی کوردە بەگشتی، هەروەها چەندین لایەنی نێودەوڵەتی لە شەڕەکەدا هەیە و هەندێکیان ڕۆڵیان تێیدا هەیە، پرۆژەیەکی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، هێزە فاشیستەکان و بەتایبەت دەوڵەتی تورک، ئەو پێشکەوتنانەیان پێ هەزم ناکرێت و دەیانەوێت لەناوی ببەن، سودیش لە ناکۆکییەکانی وڵاتان دەبینن، بەتایبەت ئەمریکا و ڕووسیا، لەبەرامبەردا وەکو گەل و وەک و شەڕڤانانی قەسەدەش، بە هەموو ئەو دەرفەتەی هەیە بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، بۆیە بە دەنگێکی بەرز دەیڵێم، کە گەلی عەفرین دەست لە خاکی خۆیان بەرنادەن.

 

سەرەتا ڕوسیا دەیوت دەبێت کورد لە هەموو گفتوگۆکاندا بەشداری بکات، بۆچی هەڵگەڕایەوە لە ئێستادا؟

 

"ڕوسیا سودی لە فاشیزیمی تورک وەرگرت"

 

شاهۆز حەسەن: لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕوسیا دەیوت دەبێت کورد بەشداری دانیشتنەکان و دانوستانەکان بێت، دواتر بەتایبەت کە داعش بەرەو لە ناوچوون دەچوو، ڕوسیا دەیەویست دەستبەسەر هەموو شوێنەکاندا بگرێت، لیرەدا بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت سود لە تورکیا وەربگرێت، هیچیان لە ئێمە دەستنەدەکەوت، ئێمە پرۆژەی فیدراڵیمان دامەزراند، ئەوەشی ڕوسیا بۆ کورد دەیەویست فیدراڵی نەبوو، دەیوت با کوردان مافیان هەبێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری نەدەنا و زیاتر پشتیوانی ڕژێمی دەکرد، هیچ هەنگاوێکی بۆ دانوستان نەدەدا، کۆبوونەوەی سوچی هاتە ئاراوە، دەیانویست ئێمەش بەشداربین، داوەتنامەیان بۆ ئێمەش نارد، پاشان کشاندیانەوە، لێرەدا روسیا سودی لە فاشیزمی تورکیا وەرگرت و خواستی ناکۆکییەکیش بخاتە ناو ناتۆ-وەو ئەو سیاسەتەی بەرەوپێش برد.

 

"ئێستاش ڕوسیا بیەوێت دەتوانێت هێرشەکان بووەستێنێت و چارەسەریی پێشبخات"

 

وتیشی: ئێستاش ڕوسیا بییەوێت وەک لایەنێکی نێودەوڵەتی ببێتە لایەنێکی چارەسەریی دەتوانێت ئیرادەیەک پێش بخات، کە لەسەرەتاشەوە ئەو ئیرادەیەی هەبوو، بەڵام بە نزیکبوونەوەی لە تورکیا ئەو ئیرادەیەی لەدەستدا، بۆیە ئێستاش بییەوێت دەتوانێت هەنگاو بنێت و هێرشەکانی تورکیا بووەستێنێت، بۆ ئەوەی گەلی عەفرینیش بە ئازادی لەسەر خاکی خۆیان بژین و خۆیان بەڕێوەببەن، بەمشێوەی ئێستا جگە لە زیاتربوونی ئاڵۆزییەکانی سوریا، سیاسەتی روسیا بۆخۆشی لە سوریادا شکستیان هێناوە.

 

ڕژێمی سوریا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

 

" ڕژێم خۆی لە پشتی ڕوسیاوە حەشارداوە"

 

شاهۆز حەسەن: لەنیوان ئەمریکا و ڕوسیادا ڕێککەوتن هەیە بۆ سنوورە ئاسمانییەکان، ڕوسیا لەگەڵ تورکیا دانوستانی کردووە لەسەر ئیدلب و جەرابلوس و شوێنەکانیتر، ڕژێم خۆی لەپشتی ڕوسیاوە حەشارداوە، ڕاستییەکیش هەیە ڕوسیا و ئێران نەبووایە ڕژێم ئەم ڕەوشەی ئێستای نەدەبوو، هەوڵدان هەبوو بۆئەوەی لانیکەم رژێم وەک دەوڵەت دەناسرێت و بتوانێت سنووری خۆی بپارێزێت، لانیکەم بە فەرمی داوا لەدەوڵەتان بکات سنوورەکانی بپارێزرێن، بەڵام بەباوەڕی من ڕوسیا نەیهێشت ئەو هەنگاوانەش بنرێت.

 

دەوترا ئەمریکا و قەسەدە هاوپەیمانییان هەیە، بەڵام بۆچی ئەوانیش بێدەنگن؟

 

" بەهانەیان ئەوەیە کە ئاسمانی عەفرین بەدەست ڕوسیاوەیە"

 

شاهۆز حەسەن: ئەوە دۆخێکی باش نییە، هەڵوێستی ئەمریکا کەمە و لاوازە، ئەمریکا لە ڕێگای سیاسیی و دبلۆماسییەوە دەڵێن هەوڵ دەدەن، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئەو شوێنانەیە کە خۆیان تێیدا جێگرن، بۆ عەفرین تا ئێستا هیچی جدییان نەکردووە، بەهانەیان ئەوەیە کە ئاسمانی عەفرین بەدەست ڕوسیاوەیە، بۆیە ئێمە دەڵێین ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕۆڵی خۆیان نەگێڕاوە، ئێمە وتومانە تورکیا دەیەوێت داعش زیندوو بکاتەوەو لەگەڵ بەرەی نوسرەدا بیانهێنێتەوە، بەڕاستیش وای لێهات، ئێستا شەڕ دژی داعش لە دێرەزۆر وەستاوە، بۆیە دەبێت هەوڵدان بەزووی بکرێت و دەوڵەتی تورک لە ڕێگای یاسا نێودەولەتییەکانەوە لە داگیرکاریی بووەستێندرێت.

 

بەفەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی دەربڕی لە بەرامبەر وەستانی ئۆپەراسیۆنی دێرەزۆردا، وەڵامی ئێوە چییە؟

 

"کە نیگەرانن با هەوڵ بدەن هێرشەکان بووەستێنن"

 

شاهۆز حسەن: کە ئەمریکا پێی ناخۆشە دەبێت هەنگاو بنێت هێرشی سەر عەفرین بووەستێنێت، هێرش بەردەوامیی هەیە، ئێمە لە عەفرین لە بەرخۆدانداین، راست نییە لە شوێنێکیتر خۆمان بە داعشەوە مەشغوڵ بکەین، بەڕاستیش کاریگەریی زۆری بۆ داعش هەبووە و شەڕی عەفرین وایکردووە داعش هەناسەیەک هەڵمژێتەوە.


ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لە عەفرین جێبەجێ ناکرێت؟

 

"دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەجدی بڕیار دەربکات و کاری لەسەر بکات"

 

شاهۆز حەسەن: ئاگربەست بۆ هەموو سوریایە، بەڵام نە ڕوسیاو نە ڕژێم و نە تورکیا پابەند نین، لەوەدا تورکیا لە غوتە سودی لێبینیوەو ڕوسیاش لە عەفرین، لێرەداشدا هاوڵاتیانی مەدەنی قوربانی دەدەن، هاوڵاتیان شەهید و بریندار دەبن و ئاوارە دەبن، ئەمە دۆخێکی زۆر سەختەو تاوانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرێت، بۆیە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەجدی بڕیار دەربکات و کاری لەسەر بکات، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەیە و کەس گوێ بەبڕیارەکان نەدات، بەتایبەت دەوڵەتی تورک.

 

چالاکییەکان بۆ پشتیوانی عەفرین چۆنن و دەکرێت چیتر بکرێت بۆ پاراستنی عەفرین؟

 

"دەبێت تا گەیشتن بە ئەنجام چالاکییەکان نەوەستن"

 

شاهۆز حەسەن: گەلی کورد یەکێتی نەتەوەیی دروستکردووە، لەدەوری بەرخۆداندا ئەوەیان پێکهێناوە، بەڵام دەبێت گەل چالاکی مەزنتر بکات هەتا دەگاتە ئەنجام نابێت بووەستین، دەوڵەتی تورک تەنها پیلانەکانی دژی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، دەبێت گەلی باشوری کوردستان ئەوە بەباشی بزانن، ئەگەر دەوڵەتی تورک تێکبشکێت، ئەوە سەرکەوتنی هەموو کوردستانە، ئەگەر دەوڵەتی تورک دەستکەوتێکی بچوکیش بەدەستبهێنێت، ئەوە دەبێتە هەوڵ و بیانوییەک بۆی کە هێرشی سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بکات، بەتایبەت باشوری کوردستان، بۆیە پێویستە گەلی کورد بەگشتی پشتیوانی عەفرین بکات، بەتایبەت باشوری کوردستان و بەشداری بەرخۆدانی عەفرین ببن، ئەگەر پێویست بکات گەلی باشور بەهەزاران بەرەو عەفرین بەڕێبکەون، ئێمە بینیمان لە کانتۆنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و لە ڕەقە و شوێنەکانی دیکەوە بە هەزاران کەس چونە عەفرین، ئەمەش شتێکی نوێیەو تەنها بۆ عەفرین کراوە، کە هاوڵاتی لە ناو شەڕدا بچێت و بڵێت ئێمەش بەشداری بەرخۆدان دەبین، ئێمە دەزانین بۆ ئەوە زەحمەتی و ناڕەحەتی هەیە، بەڵام بەڕاستی هێز و ئیرادە زۆر گرنگە.

 

حکومەتی هەرێم بیدەنگە، پەیامتان لەو بارەیەوە چییە؟

 

"بێدەنگییان هێز بە دوژمن دەدات"

 

شاهۆز حەسەن: بیدەنگی هەرێم خراپە، چونکە هێز دەداتە دوژمن، بە باوەڕی ئێمە و گەلێک لایەنی باشوریش دەزانن، شەڕو بەرخۆدانی عەفرین کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر باشوری کوردستانیش دەبێت، دەکرێت حکومەتی هەرێم هاوکاری باش بکات، بە ڕێگادان بە هاوڵاتیان بچنە عەفرین و ناڕەزایی جدی دروستبکەن و هاوکاری عەفرین بکەن، دەشتوانن خۆشیان هاوکاری بکەن، وا نەبێت هەڵوێستەکان دەبنە حزبی، کە ئەوەش وەک حکومەت کاریگەریی نابێت، لانیکەم بە بەیاننامەیەک بەفەرمی کۆمەڵکوژی عەفرین بناسێنن، شاندێکی پەڕلەمان هاتنە ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕانەوە و هەوڵدانیان کرد، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەتی بۆ عەفرین نەکردووە، دەکرێت هۆکارێکیش ڕەوشی باشوری کوردستان بێت، بەڵام سەرکەوتنی عەفرینیش دەستی کورد بەهێز دەکات، بۆ ئەمەش پشتیوانی بەهێزی دەوێت.

 

شەڕڤانان تاکەی دەتوانن بەردەوامیی بە بەرخۆدانەکان بدەن؟

 

"بڕیاری بەرخۆدان تا کۆتاییە"

 

شاهۆز حەسەن: بڕیاری بەرخۆدان تاکۆتاییە ١٠٠٪، بۆ ئەمە با کەس گومان نەکات، دۆخی ناوشار چەندین کەس شەهیدبوون، کە چەندین ژن و منداڵی تێدایە و کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەچێت و هێرشەکان زۆر سەختن، بەڵام بەرخۆدانێکی زۆر گەورەش بەڕێوەدەچێت، بەڵام دەبێت هەم گەلەکەمان و هەمیش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگا نەدەن کۆمەڵکوژی زیاتر بکرێت و عەفرین بە تەنیا نەهێڵنەوە.

 

بۆ ڕەوشی کوردستان بە گشتی، بۆ نمونە، عەفرین و کەرکوک، کۆنگرەی نەتەوەیی چەندە بە پێویست و گرنگ دەزانن؟

 

"کات کاتی یەکخستنی خۆمانە"

 

شاهۆز حەسەن: بە دڵنیاییەوە زۆر پیویستە و کەنەکە هەوڵی زۆری داوە، ئەمەش با بەعەفرینەوە نەبەستین، ئەوان هەوڵەدەن قڕکردنی کوردان هەمیشە بەڕێوەببەن، دەبێت ئێمەش هەوڵی خۆمان یەک بخەین، تا پارچەبین دوژمنان سودی لێ دەبینن، بۆیە کات کاتی ئەوەیە ئێمەش خۆمان یەکبخەین و ئەو پیلانانە پوچەڵ بکەینەوە، ئەگەر لە ئێستا زیاتر کۆنگرەی نەتەوەیی دوابخرێت، بێگومان ئەو کاریگەرییەی نابێت کە ئێستا دەیبێت.

 

س.ح
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin