Smiley face
Smiley face
Smiley face

زبڵ و خاشاک شه‌قامه‌کانی که‌رکوک داده‌پۆشێت.. به‌ وێنه‌

2018-03-17 13:12:48



ڕۆژنیوز - که‌رکوک


شه‌قامه‌کانی شاری که‌رکوک به‌ زبڵ و خاشاک داپۆشراوه‌، هاوڵاتیانیش ده‌ڵێن که‌رکوک بێ خاوه‌نه‌ و که‌س خاوه‌ندارییان لێ ناکات، سه‌رۆکى شاره‌وانیش ده‌ڵێت ئه‌و کۆمپانیایه‌ى کارى پاککردنه‌وه‌ى ده‌کرد، کاره‌کانى ڕاگرتووه‌.


ماوه‌ی ٢٠ ڕۆژه‌ زبڵ و خاشاک له‌ شاری که‌رکوک کۆنه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌قام و شۆسته‌ و کۆڵانه‌کانی شاره‌که‌ پڕ بووه‌ له‌ زبڵ و خاشاک.


ئاکۆ حه‌مید، دانیشتووی گه‌ڕه‌کی کوردستانی شاری که‌رکوک، بۆ ڕۆژنیوز وتی: نزیکه‌ى مانگێک ده‌بێت ئۆتۆمبێله‌کانی کۆمپانیاکانی پاککه‌ره‌وه‌ خاشاک و زبڵیان کۆ نه‌کردوه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌قامه‌کان پڕ بوون له‌ خۆڵ و خاشاک و ژیانمان نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها ده‌وری قوتابخانه‌کان پڕ بووه‌ له‌ زبڵ، خوێندکاران به‌ناو ئه‌و زبڵه‌دا هاتوچۆ ده‌که‌ن.

 


ئه‌و هاوڵاتیه‌ باسى له‌وه‌ش کرد: له‌ شاره‌کانى دیکه‌ شۆسته‌کان به‌ دار و نه‌مام و گوڵ ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م شاره‌ زبڵ شۆسته‌کانی داگیر کردووه‌، ئێمه‌ نازانین داواکاری له‌ کێ بکه‌ین بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌، نازانم پارێزگاری به‌وه‌کاله‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی سیمای ئه‌م شاره‌ نابینن؟!.
ئه‌وه‌شى وت: ئه‌گه‌ر تا هاوین به‌م شێوه‌یه‌ بێت ئه‌وا ناچارین چۆڵى بکه‌ین.


له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌ردار عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی که‌رکوک، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: پێشتر بوجه‌ی پاکردنه‌وه‌ى شار ڕاده‌ستی پارێزگار ده‌کرا، به‌ڵام به‌ بڕیارێک له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ه‌وه‌، ده‌بوو پاره‌ی کۆمپانیاکانی بواری پاککه‌ره‌وه‌ ڕاده‌ستی شاره‌وانی که‌رکوک بکرایه‌.


وتیشى: به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک نه‌هاتووه‌، تا بدرێت به‌ کۆمپانیاکانی بواری پاکردنه‌وه‌، کۆمپانیای خالید شینکی که‌ ئه‌رکی پاکردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ کاره‌کانی ڕاگرتووه‌.


ئه‌وه‌شى وت: کۆمپانیای خالید شینکى بڕی ١٤ ملیۆن دۆلاری لای حکومه‌ته‌ و پاره‌که‌ی پێ ناده‌ن و ئێستاش ئه‌و کۆمپانیایه‌ مانگانه‌ پێویستی به‌ بڕی ٨٥٠ ملیۆن دینار هه‌یه‌ بۆ پاکردنه‌وه‌ی که‌رکوک، که‌ پاره‌ نه‌دراوه‌ به‌ کۆمپانیاکه‌، بۆیه‌ به‌ ناچاری کاره‌کانی ڕاگرتوه‌، ئێمه‌ش وه‌ک شاره‌وانی که‌رکوک له‌ تواناماندا نییه‌ به‌و ژماره‌ که‌مه‌ی کارمه‌ندانی پاکه‌ره‌وه‌ و ئامێرانه‌وه‌ شار به‌ شێوه‌کی باش پاک بکه‌نه‌وه‌.


ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نها گه‌ڕه‌که‌ کوردیه‌کان تووشی ئه‌و کێشه‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی که‌رکوک وتی:" کێشه‌که‌ به‌ گشتی که‌رکوکی گرتۆته‌وه‌، ته‌نها گه‌ڕه‌که‌ کوردیه‌کان نیه‌، بگره‌ گه‌ڕه‌که‌ کوردیه‌کان پاکترن له‌ گه‌ڕه‌که‌ عه‌ره‌بی و تورکمانییه‌کان.

 

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin