ڕۆژنیوز ــ عەلی قادر
به‌هۆی تەشەنەسەندنی كێشه‌یەکی کۆمەڵایەتی کە ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له شارەدێی حاجیاوای سه‌ر به ڕانیه ڕوویدابوو، دوو كه‌سی تر له گوندی (كڵاوسوران) سه‌ر بە شارەدێی چوارقوڕنه-ی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین كوژران، دواتر بەهۆی چوونی پۆلیس، ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٨ کەس و ژمارەیەک بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەلایەتی، شەڕ و پێکدادان لەنێوان دوو بنەماڵەى ڕوویدا و ژمارەیەک کوژرا و برینداری لێکەوتەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند :"ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی ئەو ڕووداوەی لە شارەدێی حاجیاوا ڕوویدابوو، کەسێک کوژرا، دواتر ڕووداوەکە تەشەنەی سەند و لەگوندی کڵاو سورانی سەر بە شارەدێی چوارقوڕنەی ـ ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین دوو کەسی دیکە بەناوەکانی (ن . ع) ته‌مه‌ن 32 ساڵ، (خ . ع) ته‌مه‌ن 54 ساڵ کوژران، كه هەردووکیان ئاسه‌واری فیشه‌كی چه‌كی جۆری كڵاشیكۆف به جه‌سته‌یانه‌وه دیاره، ژمارەی سەرجەم کوژراوەکان بوون بە سێ کەس ".
وتەبێژی پۆلیس وتیشی :"له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی پێشتر 2 كه‌س ده‌ستگیر كران و دواتریش 3 كه‌سی تر ده‌ستگیركراون كه ژماره‌ی ده‌ستگیر كراوه‌كان بریتین له 5 كه‌س".
ئەوەشی وت: به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان ڕووداوه‌كه له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ری هه‌ڵداوه و دواتر په‌ره‌ی سه‌ندووه، له ئێستاشدا هێزه‌كانمان ڕووداوه‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕووداوه‌كه كراوهتهو لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه تەرمی کوژراوەکانیش ڕادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە".
بەپێی قسەی شاهێدێکی گوندی کڵاوسوران، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوای ئەوەی پۆلیس هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی داوە، کێشەکە جارێکی دیکە تەشەنەی سەندووە، لە ئەنجامدا کەسێک لە حاجیاوە و چوار کەسی دیکەش لە گوندی کڵاوسوران کوژراون، کە ژمارەی سەرجەم کوژراوەکان گەیشتوەتە ٨ کەس.
هەمان شاهێد ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەناو کوژراوەکاندا ژنێک و منداڵێک هەن، هەروەها یەکێک لە کوژراوەکان پۆلیسە و هاوکات ژمارەیەکی دیکەش بریندارن، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕەکە بەردەوامە.
بەپێی ئامارێکی ڕۆژنیوز-یش لە ئەمساڵدا لە باشوری کوردستان 92 کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە.
د.خ