Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوران کاڵکان: شۆڕشی باکور دەستپێدەکات

2018-03-20 09:17:45



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، کە ئەوانەی لە داگیرکردنی عەفرین خۆشحاڵن ئەنقەرە لە دەست دەدەن، شۆڕشی باکوری کوردستان دەستپێدەکات.

 

دوران کاڵکان، شەوی ڕابردوو لە بەرنامەی ئولکەدەنی کەناڵی تەلەفزیۆنیی مەدیا هابار بەشدار بوو وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس دەروێش ئەرەنی دایەوە.

 

کاڵکان وتی: نەورۆز کۆنترین جەژنە، لە نەورۆزدا سروشت خۆی نوێ دەکاتەوە و دەژێتەوە، گەلەکەمان لە نەورۆزدا دەڕژێنە سەر شەقامەکان، لە عەفرین داستانی قارەمانێتی دەنووسرێتەوە، ڕێبەر ئاپۆ وتبووی:"نەورۆز بە پەکەکەوە خۆشە"، نەورۆزی ٢٧١٨ بە بەرخۆدانی عەفرینەوە خۆشە، گەلی کورد بووە بە گەلی نەورۆز، گیانی بەرخۆدانی عەفرینیش گیانی نەورۆزە.

 

وتیشی: نەورۆز بۆ ئێمە پیشاندەر و بەبیرخەری قارەمانێتی مەزڵوم دۆغانە، فاشیزمی ئاکەپە تەنیا بە هێزی سوپای خۆیەوە هێرش ناکاتە سەر عەفرین، لە پشتی تورکیا ناتۆ، ئەمریکا، ڕوسیا، ئەوروپا و ئێران هەن، هاوکات بەڕێوبەریی ڕژێمی ئەسەدیش لە ناویاندایە کە ناوی خۆی ناوە دەوڵەت، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی قێزەون لە ئارادایە، دوو بەرە لە عەفرین هەن، یەکەمیان بەرەی فاشیزمە و ئەوی دیکەیان بەرەی وڵاتپارێزی و ئازادیخوازی و دیموکراسییە، دەوڵەتەکان بۆ بەرژەوەندییەکانیان هەموو کارێک دەکەن، عەفرین ئەو ڕاستییەی خستەڕوو، ئەوانەی لە بارەی عەفریندا بێدەنگ بوون ناتوانن چیدی بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بکەن، هەر کەسێک لەو بارەیەوە هەر چی بڵێت درۆ دەکات.

 

کاڵکان هەروەها ڕەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و، وتی: سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیاتی ئەوەی بە داگیرکەر بڵێ بوەستە و هێرش مەکە، بە خەڵکی ستەملێکراو دەڵێت لە ماڵەکانتان بچنە دەرەوە، ئەوە قبوڵ ناکرێت، داوا لە عەفرین دەکەن تەسلیم بێت، بەڵام عەفرین تەسلیم نابێت، عەفرین بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان و سەربەرزی بە دەست دێنێت و سەردەکەوێت.

 

لە  بەردەوامیدا ئاماژەی بە قۆناغی دووەمی شەڕ لە عەفرین کرد و، وتی: شەڕی عەفرین پێی نایە قۆناغی دووەمەوە، شەڕی گەریلایی لە عەفرین دەستیپێکردووە، ئەوانەی لە عەفرینن هێزە تایبەتەکانی حکومەتی تورکن، گەلی کورد هەرگیز لێیان نابوورێت، ئەوانەی ئێستا لە عەفرینن داگیرکەرن، گەلی کور تۆڵەیان لێدەکاتەوە بەبێ شەر هیچ کەس ناتوانێت بچوکترین شت لە گەلی کورد بستێنێت.

 

کاڵکان باسی لە شۆڕشی باکوری کوردستانیش کرد و، وتی: با ئەردۆغان و باخچەلی باش بزانن، کە شۆڕشی باکور بەڕێوەیە، وەکچۆن لە ١٩٩٠ دا شۆڕش ڕوویدا، دیسانەوە لە باکور شۆڕشێکی نوێ دێتە ئاراوە، با بزانن کاتێک عەفرین دەستێنن ئەنقەرە لە دەست دەدەن، لە ساڵی ٢٠١٨دا فاشیزمی ئەنقەرە تێکدەشکێت، لە باکور بەرخۆدانی گەورە پێکدێت، بەرخۆدانی عەفرین وەک ئاگری نەورۆز ڕووناکیی بەخشییە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕووناکییە باکور و باشوری ڕوون کردەوە.

 

باسی لە پیلانەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی باشوریش کرد و، وتی: هێرشەکانی حکومەتی تورک بۆ سەر ناوچەی برادۆست دەستیپێکردووە، مەبەستی سەرەکییان لەو هێرشە ئەوەیە کە لە قەندیلەوە تا شەمزینان ناوچەیە ک دروست بکەن و بیخەنە ژێڕ کۆنتڕۆڵیانەوە، بەڕێوبەریی باشوری کوردستان هێشتا کاردانەوەی نەبووە لە دژی ئەو داگیرکارییانە، بەڵام گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە دژی ئەو داگیرکارییەدا دەوەستنەوە، وا خەریکە نەورۆز دێت، نەورۆز ڕۆژی شەڕڤانانی ئازادی و گەریلاکانە.

 

کاڵکان هەروەها بانگەوازیی هەمو خەڵکی باکوری کوردستانی کرد کە ئامادەبن و وتی: هەموو شوێنێک عەفرینە و هەموو شوێنێک بەرخۆدانە، دەبێت لە هەموو شوێنێک لە دژی داگیرکاریی چالاکی ئەنجام بدرێت، گەریلاکان لە سەرحەد و لە ئامەد چالاکی دەکەن، چالاکییەکان بەرفراوانتردەبنەوە، گەریلا دەتوانێت بۆ عەفرین هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە دەست پێبکات و شەمزینان لە حکومەتی تورک وەربگرێتەوە.

 

لە بارەی هەڵبژاردنیشەوە وتی: ئەردۆغان ڕۆژ نییە قسە نەکات، هەموو ڕۆژێک قسە دەکات، چونکە دەترسێت ڕایگشتی ڕاستییەکان ببینن، ئاکەپە لە ئامادەکاریدایە بۆ هەڵبژاردن، من دەڵێم، ڕەنگە ئاکەپە هاوینێ ببینێت بەڵام ناگاتە پایز، دەنگی ئاکەپە لە کوردستان زۆر دابەزیوە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیموکرات بەڕێوەبچێت ئاکەپە دەنگ ناهێنێتەوە.

 

لە بەردەوامیش دا وتی: بکوژ دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی تاوانەکەی، چوونی ئەردۆغان بۆ ئامەد و مێردینیش هەر ئەوەیە، ئەردۆغان نسێبین و هەزەخ و کەربۆرانی کۆمەڵکوژکرد، ئێستا دەچێتە مێردین، سووری کۆمەڵکوژکرد و دەچێتە ئامەد.

 

وتیشی: سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەچێت، ئەمریکا سەرەتا بەشداری هاوپەیمانانی دژ بە داعش بوو، پاشان پشتگیری شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کرد، ئەوە تۆزێک ئەو تێڕوانینە خراپەی بە ئامریکا پاک کردبووەوە، بەڵام لەم مانگانەی دواییدا سیاسەتەکانی گۆڕیوە، ئەو سیاسەتانە تێک دەچن، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەمریکا و ئینگەلترا و فەرەنسا و سۆڤییەت لە دژی فاشیزم یەکیان گرتبوو، بەڵام ئێستا وا نییە، لە ئەروپا ڕاستگەرایی پێش دەکەوێت، چونکە هیچ هەڵوێستێک لە دژی فاشیزم دا لە ئارادا نییە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin