Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەفرینییەکان بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدەن

2018-03-20 10:02:36



ڕۆژنیوز - هیڤدا و ئەرسین

 

هاوڵاتیانی عەفرین کە بە هۆی هێرشی سوپای تورک و چەتەکانییەوە ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون، هەوڵ دەدەن لەو دۆخە سەختەی بە سەریاندا سەپاوە ژیانی نوێ دروست بکەن، ئەو هاوڵاتیانە بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدەن.

 

لە ئەنجامی هێرشی سوپای تورک و چەتەکانی نوسرە، داعش و ئەلقاعیدە بۆ سەر عەفرین و تاڵانکردنی ئەو شارە، هاوڵاتیانی عەفرین لە گوندەکانی تەل سۆسن، تەل قەراح، زیارەت، ئەهرەز، تەل ڕەفعەت و تەل شەیری سەر بە شەهبا جێگربوون.

 

ئەنجومەنی کانتۆنی شەهبا لە هەوڵدایە، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پێداویستییەکانی ئەو هاوڵاتیانە دابین بکات، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان زۆرن و ئەو ئەنجومەنە نەیتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانن بۆ هەمووان دابینبکات.

 

پێویستی سەرەکیی ئاوارەکانی عەفرین، بریتییە لە کارەبا، ئاو، خواردن و خزمەتگوزاریی تەندروستیی.

 

هاوڵاتیانی عەفرین دەڵێن کە داگیرکاریی حکومەتی تورک قبوڵ ناکەن و بە دڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و تۆڵە لە چەتەکان دەکەنەوە.

 

حوڕییە شێخۆ، کە خەڵکی گوندی مەتینایە دەڵێت: چوار خانەوادە و نزیکە ٢٠ کەسین کە لێرە دەژین، ئاومان نییە، دەرمان نییە، خواردن نییە، خوا بەڵا بداتە ئەردۆغان، ئەو ئێمەی خستە ئەم حاڵەوە، بەڵام با بزانن کە قەت دەستبەرداری عەفرین نابین.

 

ژنێک بە ناوی زەینەب حەبەش دەڵێت: لێرە هەموو شوێنەکان مینڕێژکراون، بۆیە دەترسم منداڵەکانم بە سەر مین بکەون، لێرە هیچ نییە و ژیان لە دۆخێکی زۆر زەحمەت دایە.

 

کاتێک لەگەڵ زەینەب حەبەش قسەمان دەکرد، بینیمان کە خەڵک لە ئەنجومەنی گەلی ئەهرەز ناویان تۆمار دەکرد، لەگەڵ محەمەد سیسلان، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی ئەهرەز قسەمان کرد، وتی: هاتووینە ئێرە خەڵک جێگربکەین، بەڵام بەڕاستی پێڕاناگەین، هەموو جۆرە پێداویستییەک لێرە پێویستە.

 

عایشە حسێن، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی گەلیش وتی: ئێمە قەت دەستبەرداری عەفرین نابین، تۆڵەیان لێ دەکەینەوە، ڕێگانادەین دوژمن دڵی خۆش بێت، سەربەرزین بە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە عەفرین.

 

ژنێکی کەمئەندام بە ناوی گولیزار دلیار وتی: لە حەلەبەوە ئاوارەی عەفرین بووم و ئێستا لە عەفرینەوە ئاوارەی شەهبا بووم، خوا ماڵی ئەردۆغان خراپکا، ئەوەی بەسەری ئێمەی هێنا سەد ئەوەندە بە سەری بێتەوە، ئەمڕۆ لە دۆخێکی زۆر سەخت داین، هیچمان نەماوە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin