Smiley face
Smiley face
Smiley face

نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدان و قارەمانییەتی

2018-03-20 14:10:52



ڕۆژنیوز - دڵشاد خۆشناو

 

نەورۆز جەژنێکی دێرینی هاوبەشی نێوان نەتەوەی کورد و ئێرانییەکانە، هەرکامێکیش لەو نەتەوەانە لێکدانەوەیەکی جیاواز و تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ ڕۆژەکە، لە لای فارس و کورد، جگەلەوەی سەری ساڵی تازەیە یەکەمین ڕۆژی بەهارە، هەریەکیان بە شێوەیەک جەژنەکە پیرۆز دەکەن.

 

لەلای کورد سەردەمانێکە ئەو رۆژە وەکو ڕۆژی سەرهەڵدان و کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری سەیر دەکرێت، کورد لە هەرکوێیەک بێت لەو ڕۆژەدا هەستی کوردایەتی بەرزتر دەبێتەوە و دەست بە شۆرش و ڕاپەڕین و سەرهەڵدان دەکات.

 

نەورۆزی سلێمانی

 

نەورۆز لە سلێمانی تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، لە ڕۆژی پێش نەورزۆدا خەڵک ڕوودەکەنە گردی مامەیارە و ئێوارەکەی ئاگری  نەورۆز دەکەنەوە، سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسەی کە توانی نەورۆز وەکو جەژنێکی نەتەوەیی نیشتیمانی کورد بچەسپێنێت، هونەرەکەی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پیرەمێرد، لە کۆتایی ساڵی بیستەکان و سەرەتای ساڵی سییەکان، بەو شێوەیە ئەو جەژنەی پیرۆز کردووە.

 

 

عیزەدین مستەفا رەسول لەبارەی مێژووی نەورۆز لە سلێمانی دەڵێت: ئەم نەورۆزەی سلێمانی کە بوو بەوەی کە ببێت بە ڕۆژی سەربەخۆیی کورد، حاجی تۆفیق(پێرەمێرد) دایهێنا، ئەویش دوای ئەوە هات کە پاش ٢١ ساڵ کە لە ئەستەمبۆڵەوە گەڕایەوە، نەورۆزی کرد بە جەژنی کورد، ئەویش وەکو نەریتێک لەسەر گردی مامەیارە ئاگری دەکردەوە، پێشتر بەشێک لە مەلاکان ئەو ئاگرکردنەوەیان بە ئاگری زەردەشتی دادەنا، بەڵام پیرەمێرد کە حاجی تۆفیق ئەفەندی بوو، حەجیشی کردبوو، دوای ٢١ ساڵیش گەڕایەوە خاکی وەتەن.

 

 

 

بۆچی پیرەمێرد؟

 

پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول، لەبارەی مێژووی ناوهێنانی نەورۆزەوە لەلایەن کورد دەڵێت: پێش پیرەمێرد، ئەحمەدی خانی لە مەموزیندا باسی نەورۆزی کردووە، بەڵام وەک جەژنی بەهار باسی کردووە، چونکە تا سەردەمی پیرەمێرد، نەورۆز تەنیا وەکو جەژنی بەهار بووە لەناو کورددا، ئیتر لەوە بەدوا بووە نیشانەی ئازادیی کورد، نیشانەی سەرکەوتنی کورد، نیشانەی سەربەخۆیی کورد، تا ئێستاش هەر وایە.

 

 

بەهۆی ئەوەی کە پیرەمێرد یەکێک بووە لەو خوێندەوار و منەوەرە کوردانەی سەردەمی خۆی کە دوای لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی گەڕاوەتەوە سلێمانی، لەو کاتەدا کە ئەو جۆرە منەورانە هەستیان کردووە کە گەلی کورد هەلی ئەوەی بۆ ڕێک نەکەوتووە کە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بۆیە ئەو بۆچوونە لەناو منەوەرە کوردەکانی ئەو سەردەمە پەیدا ببوو، سدیق ساڵح لەوبارەیەوە ئاماژە بە ناوی مەمدوح سەلیم والی، دەکات و دەڵێت کە لەو سەردەمە بابەتێکی لەبارەی ڕۆژە تایبەتەکانەوە لە ڕۆژنامەی ژین نووسیوە کە ئەو کاتە ئۆرگانی نافەرمی (جەمعەیتی تەعالی کوردستان) بووە لە ئەستەمبۆڵ، لەو وتارەدا باسی لەوە کردووە کە کوردیش پێویستی بەوە هەیە کە هەندێک ڕۆژی تایبەت هەیە لە مێژووی ڕابردوویدا، پێیوستە خوێندەواران و منەوران ئەو ڕۆژانە زیندوو بکەنەوە،  کە دەبنە مایەی کۆکردنەوە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردەوری لەدەوری خۆیدا.

 

گردی مامەیارە و نەورۆز

 

ئەم بیرۆکەیە لەلای پیرەمێرد گەڵاڵە دەبێت، کە جەژنی نەورۆز لە گردی مامەیارە بگێڕێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 1926وە دەگەڕێتەوە سلێمانی و تێیدا جێگیر دەبێت، هەوڵی ئەوەی دا کە کوردەواری پێویستی بە رۆژی تایبەتی خۆی هەیە، جگە لەوەش لە نووسینە جۆراوجۆرەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو کاتەی منداڵ بووە و لە حوجرەی فەقێیدا خوێندویەتی، هەموو ساڵێک کە گەیشتونەتە نەورۆز، مامۆستاکەی نەورۆزنامەی بە فارسی بۆ نووسیونەتەوە، هەورەها منداڵان لەو ڕۆژەدا پارەیان پێدراوە و بە خۆشی خەرجیان کردووە.

 

لەو بارەیەوە سدیق ساڵح دەڵێت: پیرەمێرد هەوڵیداوە ئەو نەریتەی کوردەواری جارێکی دیکە بژیێنتەوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە لەو سەردەمە پیرەمێرد خوێندکارانی خوێندنگەی جەمعەیتی زانستنی کوردانی لەبەردەست بووە، کە ئەو کەسە تەمەن جیاوازانە بوون کە هەلی خوێندنیان لە خوێندنگا فەرمییەکانی حکومەتدا نەبووە، پیرەمێرد دوای شەڕی بەردەرکی سەرا لە ساڵی 1930ەوە خۆی سەرۆکی ئەو جەمعەیەتە بووە، هەتا ساڵی 1938 کە داخراوە.

 

 

لە گردی (گول)انەوە بۆ گردی مامەیارە

 

سدیق ساڵح لەوباریەوە دەڵێت، حاجی تۆفیق پیرەمێرد، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی پێش نەورۆزدا، داری کڕیوە و لە ڕێگە خوێندکارەکانی خۆی گەیاندویەتییە سەر گردی مامەیارە و لە ئێوارەکەیدا ئاگری کردوەتەوە، دیارە کە هەڵبژاردنی گردی مامەیارەش بێ هۆ نییە، پیرەمێرد ویستویەتی بە بەردێک دوو چۆلەکە بپێکێت، یەکەمیان زیندووکردنەوەی یادی قارەمانێکی باشوری کوردستان و شاری سلێمانییە کە مامەیارەیە، دیارە کە گردی مامەیارە، پێشتر پێی وتراوە گردی گولان، واتە گۆڕستانی ئەو کەسانە بووە کە بە نەخۆشی (گول -گەڕ)یی پێست مردوون.

 

لەوبارەیەوە سدیق ساڵح دەمانباتەوە ناو مێژووی و بەم شێوەیە باسی مامەیارە دەکات: مامەیارە یەکێک بووە لە تۆپچییە قارەمانەکانی ئەمارەتی بابان، لە دوایین شەڕی نێوان نەجیب پاشای والی بەغدا و لەشکری بابان کە لە شوێنێکی نزیک کۆیە ڕوویداوە، مامەیارە زۆر قارەمانییەتی نواندووە، بەڵام زۆرێک لە جەنگاوەرانی ئەحمەد پاشای بابان لە گۆڕەپانی ئەو شەڕەدا هەڵاتوون، بۆیەشە مامەیارە وەسیەتی کردووە کە لە گۆڕستانی ئەو ترسنۆکانە نەینێژن کە گردی سەیوانە، بۆیە لە گردی گولان دەینێژن، لەو ڕۆژەشەوە ئەو گردە بووە بە گردی مامەیارە، بۆیە پیرەمێرد هەم مامەیارەی زیندوو کردەوە، هەم جەژنی نەورۆزیشی کردە جەژنێکی نەتەوەیی.

 

نەورۆزی گردی مامەیارە چۆن بوو؟

 

لەو ڕۆژەدا پیرەمێرد خواردنی دۆڵمەی دروست کردووە و بردویەتی بۆ خەڵک لەوێ بیخۆن، هەروەها وەکو سیمبۆلێکیش، لەو ڕۆژەدا 12 سەماوەر، بەپێی هەر 12 مانگی ساڵ لەوی جۆشدراوە و چایی بەسەر خەڵکدا دابەشکراوە، لەو ڕۆژەدا هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی نەکراوە و ژن و پیاو بەشدار بوون لەو ڕۆژەدا، ئیتر بووە بە نەریتێکی بەردەوام و پیرەمێرد ساڵانە کردویەتی، تا ئێستاش زۆربەی خەڵک لەو ڕۆژەدا دەچنە دەرەوە و یاپراخ لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی ئەو رۆژە پیرۆز دەکەن، هەر بەو بۆنەیەشەوە پیرەمێرد شیعری نەورۆزی نووسیوە، دواتر لەلایەن حەسەن زیرەکەوە شیعرەکە کراوەتە گۆرانی، ئێستاکەش زیاتر لە نیو سەدەیە کە گۆرانی نەورۆز بە دەنگی حەسەن زیرەک لە ڕۆژانی نەورۆزدا لە هەموو شوێنێکی کوردستان دەبیسترێت.

 

 

نەورۆز و ئەدمۆنزی حاکمی ئینگلیز

 

ئەدمۆنز کە حاکمی ئینگلیز بووە لە عێراق، لە نەورۆزی ساڵی ١٩٤٥ دێتە سلێمانی بە مەبەستی خواحافیزی لە خەڵکی سلێمانی، لەو سەردەمەشدا پارێزگاری سلێمانی مەعروف جیاوۆک بووە، لەو یادەدایە کە فایەق بێکەسی شاعیر شیعری 27 ساڵە من ڕەنجبەری تۆم دەخوێنێتەوە، ئیتر دوای ئەوە دەبێتە خۆپیشاندانێکی گەورە و دێنە ناو شار و لەبەردەرگای ماڵی موتەسەریف کۆ دەبنەوە.

 

 

لەو بارەیەوە د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ ئاماژە بەوە دەکات کە: پیرەمێرد لە جەژنی نەوروزد خەڵکی شاری بانگ دەکرد، ئینگلیزەکانیش دەهاتن، هەر ئەوەش بوو کە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٤٥ فایەق بێکەس، شیعری (٢٧ ساڵە من ڕەنجبەری تۆم)ی لە دژی (ئەدمۆنز)حاکمی ئەو کاتەی ئینگلیز لە کوردستان خوێندەوە، لەو کاتەدا نەورۆز دەبوو بە جەژنی بەهار و جەژنی کوردایەتی، ئەو ڕەمزی کوردایەتییە و دەوڵەتی کوردی بێت، پیرەمێرد بە نەورۆزی بەخشی.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin