Smiley face
Smiley face
Smiley face

مه‌زڵوم هه‌فتەن: شه‌ڕى عه‌فرین شه‌ڕى نێوان دوو سیستمه‌

2018-03-24 10:39:57



 ڕۆژنیوز ـ هیوا سه‌رده‌شت


مه‌زڵوم هه‌فتەن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆدار ده‌ڵێت، ئه‌و شه‌ڕه‌ى له‌ عه‌فرین به‌ڕێوه‌ده‌چێت، شه‌ڕى نێوان دوو سیستمه‌، باس له‌وه‌ش ده‌کات، داگیرکارییه‌کانی سه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامی پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تییه‌.


مه‌زڵوم هه‌فتەن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگای ئازادی دیموکراتیکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان- کۆدار له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، باس له‌ به‌رخۆدانی سه‌رده‌میانه‌ی عه‌فرین و چالاکیه‌کانی نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ و پیلاگێڕییه‌کانی سه‌ر گه‌لی کورد ده‌کات، ده‌شڵێت، پێویسته‌ ئه‌مڕۆ له‌ دژی ئه‌و پیلانگێڕییانه‌ی له‌ عه‌فرین به‌ڕێوه‌ده‌چێت هه‌موو کورد و گه‌لانی ئازادیخواز بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.


- هێرشه‌کانى سه‌ر عه‌فرین چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟


"شه‌ڕى عه‌فرین، شه‌ڕى نێوان دوو سیستمه‌"


مه‌زڵوم هه‌فتەن: ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ له‌ عه‌فرین به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌ ته‌نها ڕووداوێک نیه‌ که‌ له‌ کوردستان یان له‌ سوریا به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵکو شه‌ڕی داگیرکه‌رییه‌ که‌ تورکیا و ئه‌ردوغان پێشه‌نگایه‌تی ده‌که‌ن. له‌ ڕاستیدا ئه‌و شه‌ره‌ شه‌ڕێکه‌ له‌ نێوان دوو سیستمدا که‌ ئه‌وانیش سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانی و سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی دیموکراتی گه‌لانه‌. ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌ ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا جێگا ده‌گرن دیارن، ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان و چه‌ته‌کانی داعش و النوصره‌ و احرارالشام، که‌ خۆیان له‌سه‌ر ناوی سوپای ئازاد به‌ناو ده‌که‌ن، ئه‌و هێزانه‌ به‌شێکن له‌ هێزی ئه‌و سیستمه‌. به‌ شێکی تر که‌ له‌ به‌ره‌ی فاشیستدا جێگا ده‌گرن وڵاتانی زلهێزو ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی و جیهانیه‌کانن، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ره‌ فاشیسته‌دا ئه‌مڕۆ به‌ره‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ عه‌فرین که‌ به‌ ناوی به‌رخۆدانی گه‌ل، که‌ نوێنه‌ری مۆدێرنیته‌ی دیموکراتیکن بۆ پێکهێنانی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک و له‌ناو سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمووکراتیکدا نوێنه‌ری خۆسه‌ری دیموکراتیکن، ئه‌م به‌ره‌یه‌ش به‌ره‌ی گه‌له‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی پاراستنی ناسنامه‌ی خۆیان و نیشاندانی ئیراده‌ی خۆیان به‌ تێکۆشانیان ئه‌رکی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقی خۆیان به‌جێده‌هێنن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ڕاستی شه‌ڕی عه‌فرین ده‌رک پێ بکات هه‌بوونی شه‌ڕی ئه‌م دوو سیسته‌مه‌ به‌ باشی ده‌بینێت و ده‌توانێت سه‌نگه‌ری چالاکیه‌کانی خۆی دیار بکات.


- ڕۆڵى هێزه‌ جیهانییه‌کان چییه‌ له‌ هێرشه‌کاندا؟


"هێرشه‌کان به‌رده‌وامیی پیلانگێڕى نێوده‌وڵه‌تییه‌"


مه‌زڵوم هه‌فتەن: ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌رده‌وامی پیلانگێڕی نێوده‌ڵه‌تیه‌ که‌ له‌ شه‌خسی ڕێبه‌ر ئاپۆدا له‌سه‌ر گه‌لی کورد له‌ ساڵی ١٩٩٩ وه‌ به‌ڕێوه‌چوو و هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشمان به‌رده‌وامه‌، له‌و پیلانگێڕیه‌دا به‌ ته‌نها تورکیا به‌شدار نه‌بوو، به‌ڵکو یه‌کێتی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و ئیسرائیل و ڕووسیا به‌ سه‌رمه‌شقی ناتۆ و هه‌روه‌ها له‌ هێزه‌ هه‌رێمییه‌کان ئێران و وڵاتانی تر، هه‌روه‌هاش له‌ناو هێزه‌ کوردیه‌کانیشدا هه‌ندێک پارت و که‌سایه‌تی هاوڕابوون له‌ ئاڕاسته‌کردن و به‌ڕێوه‌چوونی، هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ ئه‌و پیلانگێڕیه‌دا هاوبه‌شبوون. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌و هێزانه‌ی که‌ له‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شدار بوون بهێنێته‌وه‌ بیری خۆی، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ هێریشی عه‌فرین ده‌که‌ن به‌ باشی ده‌ناسێت و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ به‌ نیازن هه‌ڵیگرن باشتر ڕوونده‌بێته‌وه‌، مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌ وردبینیانه‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌م پیلانگێڕیه‌، ئه‌وه‌ى بخوازێت به‌ ده‌ستی ده‌خات. مرۆڤ ده‌توانێت چه‌ند نمونه‌ له‌ به‌ربه‌رییه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکیا و چه‌ته‌کانی بخاته‌ به‌رچاو که‌ له‌ مێژوودا جه‌نگیزخان، مه‌غۆل، هیتله‌ر نه‌یانتوانی بیکه‌ن، ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکیا و چه‌ته‌کانی تاڵانی ده‌که‌ن، منداڵ ده‌کوژن، ژن ده‌کوژن، جه‌نازه‌ی مرۆڤه‌کان پارچه‌ پارچه‌ ده‌که‌ن، گۆڕستانه‌کان تۆپباران و بۆمباران ده‌که‌ن، دزی له‌ ماڵ و موڵکی خه‌ڵکی ده‌که‌ن و ده‌ست ده‌به‌ن بۆ هه‌موو شتێک که‌ کاتێک مرۆڤ سه‌یری ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌کات نه‌فره‌تیان لێده‌کات. کاتێک مرۆڤ سه‌یری ئه‌م ڕووداوانه‌ ده‌کات تێده‌گات که‌ هاوکاریه‌کی گه‌وره‌ له‌ پشتیانه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌م فاشیسته‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن به‌ ته‌نها به‌ ده‌ستی ئه‌ردۆغان و باخچه‌لی به‌ڕێوه‌ ناچێت، ڕووسیا و ئێران و هێزه‌ هه‌رێمیه‌کانی تر که‌ ئه‌مڕۆ له‌و ناوچه‌یه‌ بوونیان هه‌یه‌ له‌ بێده‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م داگیرکاریه‌ هاوبه‌ش و هاوکاری فاشیستن، وڵاتانی تریش هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌ چاوگرتنیان و بێ ده‌نگیان شه‌ریکن له‌م کۆمه‌ڵکووژیه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.


- به‌شدارى خه‌ڵک له‌ نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟


"گه‌ل به‌ ڕۆحى به‌رخۆدانى عه‌فرین نه‌ورۆزى پیرۆزکرد"


مه‌زڵوم هه‌فتەن: هه‌ڵبه‌ته‌ گه‌له‌که‌مان ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی له‌ عه‌فرین هه‌یه‌ و هێرشی فاشیستانه‌ی ئه‌ردۆغان باش ده‌بینێت، هه‌ربۆیه‌ به‌ ڕۆحی به‌رخودانی عه‌فرین نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیان سه‌رده‌میانه‌تر پیرۆزکرد، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ نه‌ورۆزێکی سه‌رده‌می مێژووییه‌ که‌ گه‌ل به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ جه‌ژنی به‌رخۆدانی ده‌گێڕن و هێزی خۆڕاگری گه‌ل له‌ به‌رامبه‌ر زوحاکه‌کانی سه‌رده‌م په‌یامی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان ده‌ده‌ن. گه‌له‌که‌مان نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیان وه‌ک نه‌ورۆزه‌کانی تر به‌ سه‌یرانکردن تێنه‌په‌ڕاند، به‌ڵکوو گه‌لی کورد و دۆستانی گه‌لی کورد نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیان کرد به‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی فاشیست و به‌ دروشمی "بمرێ داگیرکه‌ریی، بمرێ فاشیست، بمرێ جه‌هاله‌ت، بمری زهنییه‌تی نابوتگه‌ری ئیستعمارگه‌ر" ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی گه‌له‌که‌مان جێگای شانازی ئێمه‌یه‌ سوپاس و ستایشیان ده‌که‌ین، به‌تایبه‌تی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یانه‌ که‌ له‌ ته‌واوی ڕۆهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر له‌ ماکۆ هه‌تا لوڕستان و خۆراسان، هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ یه‌ک هه‌ڵوێستیان هه‌بوو نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیان کرد به‌ نه‌ورۆزی عه‌فرین و له‌ خاوه‌ندارێتی کردن له‌ گه‌لی عه‌فرین، نه‌ورۆزی نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانگاری و سه‌رهه‌ڵدانیان شکۆدار کرد و زوحاکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان شکاند. نه‌ورۆز به‌ ته‌نها ڕۆژێک نییه‌، به‌ڵکو نه‌ورۆز شۆڕشێکه‌ و شه‌ڕی نێوان خێر و شه‌ڕه‌ و سه‌رکه‌وتنی ئیراده‌یه‌، پێویسته‌ هه‌مان ڕۆحی نه‌ورۆز به‌رده‌وام بێت و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ سه‌رکوتکردنێکدا سه‌رهه‌ڵدانێک هه‌بێت بۆ سه‌رخستنی ئیراده‌ی گه‌ل.


- بانگه‌وازیت چییه‌ بۆ پشتیوانى خه‌ڵک له‌ ڕه‌وشى ئێستاى عه‌فرین؟


"بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر ڕه‌وشى عه‌فرین خزمه‌تى فاشیست ده‌کات"


مه‌زڵوم هه‌فتەن: وا دیاری کراوه‌ که‌ ٢٤ى ئادار، واتا ئه‌مڕۆ، بۆ پشتیوانی له‌ عه‌فرین چالاکی سه‌رتاسه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بانگه‌وازی له‌ ته‌واوی کوردان، گه‌لانی ئێران، مسوڵمانان و ئاینه‌جیاوازه‌کان، هه‌روه‌ها بانگه‌وازی له‌ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م که‌ قه‌تڵ و عامی ئه‌رمه‌نیه‌کان و یه‌هودیه‌کان و ئاسوریه‌کان و چه‌پ و سۆسیالیسته‌کان، قه‌تڵوعامی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال قبوڵناکه‌ن، جیاوازی نییه‌ سۆسیالیست بن، دیموکرات بن، ئازادیخواز بن، نه‌ته‌وه‌یان چیه‌، چ باوه‌ڕییه‌کیان هه‌یه‌، چ کلتوورێکیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ر کوێی ئه‌م جیهانه‌ هه‌ن، بانگه‌وازیم بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌نگی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌نگی عه‌فرین بکه‌ن به‌یه‌ک، هه‌رچی له‌ ده‌ستیان دێ پێویسته‌ درێغی نه‌که‌ن له‌و ئه‌رکه‌ ئه‌خلاقییه‌ی که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ریان، پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ مێژوو ده‌نووسرێته‌وه‌، بێده‌نگبوونیان بێ ڕۆڵبوونیانه‌ له‌م مێژووه‌دا و خزمه‌تی داگیرکه‌ران ده‌کات، هه‌روه‌ها له‌ داهاتووشدا ناتوانن وه‌ڵامێکی مێژوویی ئه‌مڕۆ بده‌نه‌وه‌. پێویسته‌ هه‌ر که‌س جێگای خۆی له‌م مێژووه‌دا بگرێت و دیار ببێت که‌ کێ له‌ به‌ره‌ی فاشیسته‌ و کێش له‌ به‌ره‌ی ئیراده‌ی گه‌له‌، بێده‌نگبوون له‌ ئه‌مڕۆی مێژوودا خزمه‌تی فاشیست ده‌کات.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin