Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەسەر مووچە بڵاوکردەوە

2018-03-25 16:24:37



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کە ئەگەر بەغدا بەردەوامبێت لە ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران، ئەوا دەستکاریی سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌کەین.

 

کەمێک پێش ئێستا، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا، هاتووە: وێڕای سه‌ختیی دۆخه‌كه‌، له‌ یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵیشدا سته‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا‌، به‌شه‌ بودجه‌ و ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌م كرانه‌وه‌‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا، له‌سه‌ر بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدرال، بڕه‌ پاره‌یه‌ك کە هه‌ر چه‌نده‌ كه‌م بوو، گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو: وه‌ك ‌به‌رله‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز بڕیارمان دابوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مڕۆ٢٥-٠٣-٢٠١٨ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیرانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداره‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا و تیایدا ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ په‌سه‌ند كران:

 

1- ئه‌گه‌ر به‌غدا مانگانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ 317 ملیار  و 540 ملیۆن و 465 هه‌زار دیناره و بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌مه‌‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستكاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌كات به‌ جۆرێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستاندا بێت.

 

2- وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا له‌ ڕۆژانی داهاتوودا به‌پێی داهات خشته‌ی نوێی مووچه ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر بدرێت تاكو مووچه‌ی داهاتوو به‌و خشته‌ نوێیه‌ دابه‌ش بكرێت.

 

3-  حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ته‌واوی داهاته‌كانی ناوخۆ و نه‌وت و بڕه‌ پاره‌ی هاتووی به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ و چۆنیه‌تیی خه‌رجكردنی ده‌خاته‌ ڕوو.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin