Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەفرین، دەستدرێژی کراوەتە سەر دەیان منداڵی کچ و بێسەروشوێن کراون

2018-03-31 10:15:27



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دایکێکی عەفرینی کە کچە تەمەن ١٤ ساڵانەکەی بێ سەروشوێنە، دەڵێت، چەتەکانی سەربە سوپای تورک دەیان منداڵی کچیان ڕفاندووە و دەستدڕێژییان کردوونەتە سەر و بێسەروشوێنیان کردوون.

 

دایکانی عەفرینی نیگەرانی منداڵەکانیانن و دەڵێن، کە ئەوەی لە شەنگال بە سەر ژنان و منداڵاندا هات خەریکە لە عەفرینیش ڕوودەدات، دەبێت ڕایگشتیی جیهانی ئاگاداری ئەم بابەتە بێت.

 

سوپای تورک و چەتەکانی بەردەوامن لە تاڵانکردن و ئەشکەنجەدان و بەدیلگرتنی هاوڵاتیانی عەفرین و منداڵانی کچ دەڕفێنن و دەستدرێژی سێکسییان دەکەنە سەریان.

 

لە ڕۆژی ١٨ی ئازارەوە کە سوپای تورک و چەتەکانی چوونەتە ناو عەفرینەوە، دەیان منداڵی کچ و ژنی عەفرینی ڕفێندراون و بێ سەروشوێن کراون، ڕاگەیەندراوە، کە ئەو منداڵ و ژنانە براونەتە چەند تاوەرێکی تایبەت لە ناوەندی عەفرین، کە سەربازە تورکەکان لەوێ دەمێننەوە و لەوێ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر ئەو ژن و منداڵانە.

 

کەسێک کە لە گەڕەکی مەحمودییەی عەفرین دادەنیشێت و بۆ پاراستنی ئاسایشی ناتوانین ناوی ئاشکرابکەین دەڵێت: لەو ڕۆژەوەی سوپای تورک و چەتەکان هاتوونەتە ناو شارەکە هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان، کەلوپەلی ماڵمان دەدزن و ئەشکەنجەمان دەدەن، پاشان کۆڵان بە کۆڵان گەڕان و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکاندا مابوونەوە هێنایاننە دەرەوە، ژنان و پیاوانیان جیاکردەوە، پیاوانیان ناردە شوێنێک و ژنانیش بۆ شوێنێکی دیکە، من گوێم لە دەنگی قیژاندنی ژنان بوو لەو کاتانەدا کە ئازاریان دەدان، نازانم چییان لێدەکردن، بە ئێمەیان وت، کە ئێوە پشتیوانی تیرۆریزمن، بۆیە دەست بە سەر ماڵ و منداڵ و ژنەکانتاندا دەگرین.

 

لە بەردەوامیدا دەڵێت: دوو ڕۆژ لەوێ هێشتیانینەوە، هیچیان بۆ خواردن نەداینێ، بەڵام منداڵان و ژنان ئازادنەکران، ئێمە نازانین لە کوێن، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی منیش لە ناویاندایە.

 

دایکێکیش بەگوێڕەی ئەو زانیارییانەی لە خانەوادەیەکی عەرەبی نزیک بە سەرباز و چەتەکانی سوپای تورک بە دەستی هێناوە دەڵێت: منداڵەکانمان دەگرن و دەیانبەنە ناو تاوەرەکانی ناوەندی شارەوە، سەرباز و چەتەکان لە ناوەندی شارەکەدا ماڵیان بۆ خۆیان کردووەتەوە، ئەوەی داعش لە شەنگال بە سەر خەڵکی هێنا، ئەوانە لێرە بە سەر ژنان و منداڵانی دەهێنن، دەبێت کۆمەڵگای جیهانی بەرامبەر بەم بابەتە هەستیاربێت.

 

س.ح

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin