Smiley face
Smiley face
Smiley face

د.جوان ئیحسان: دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوری کوردستان بکات بە دووبەشەوە

2018-04-01 08:21:42



ڕۆژنیوز – شنا فایەق

 

جوان ئیحسان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژە بە مەترسیداریی سیاسەتی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان دەکات لەسەر باشوری کوردستان و  دەڵێت، کە دەیەوێت باشوری کوردستان بکات بە دووبەشەوە، ڕاشیدەگەیەنێت: یەکێتی هەوڵی چارەسەری دبلۆماسیی دەدات، بەڵام ئەگەر شەڕ بێت بەردەرگامان بگرێت، ئەوا قبوڵی ناکەین و ئێمەش شەڕکەرین.

 

د.جوان ئیحسان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەدا وەڵامی چەندین پرسیاری ڕۆژنیوز دەداتەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەرکی لایەنەکانی باشور و هەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-دەوڵەتی تورک هیچ مەترسییەکی لەسەر باشوری کوردستان هەیە؟

 

"سیاسەتێکی زۆر مەترسیداری لەسەر باشور هەیە"

 

جوان ئیحسان: بە دڵنیاییەوە بەڵێ، تورکیا، ئێران، سوریا، بەردەوام مەترسییان هەیە، چونکە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە مەترسیی دەزانن بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان لە سنووری خۆیاندا، تورکیا و ئەردۆغان هەوڵی کپکردنی بزوتنەوەی ئازادییخوازی گەلەکەمان دەدەن لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەمان ئەجێنداشی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها سیاسەتێکی زۆر مەترسیداری لەسەر باشوری کوردستان هەیە و دەیەوێت لەڕێگای ئابووریی و بەناو پەیوەندیی دبلۆماسیی و سەربازییشەوە  باشور کۆنترۆڵ بکات، وە لەگەڵ عێراق-دا ڕێککەوێت و حەجمی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.

 

-ئەگەر دەوڵەتی تورک ئەو مەترسییە گەورەی لەسەر باشور هەیە، بۆچی تا ئێستا بنکە و بارەگاکانی لە باشور ماونەتەوە و دەرناکرێن، لەکاتێکدا بڕیاری پەرلەمان هەیە بۆ دەرکردنیان؟

 

"پێویستە حکومەتی هەرێم و عێراق بەری پێبگرن"

 

جوان ئیحسان: ئەوە ڕێککەوتنێکی دەوڵەتییە، بۆیە دەبێت عێراق خۆی سنوورەکانی بپارێزێت، پەرلەمانی هەرێم هەموو لەشکرکێشییەکی سوپای تورکی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق و لەڕێگای دبلۆماسییەوە بەربگرن لە پەلکێشیی سوپای تورک.

 

-بەڵام نەک بەریان پێ نەگرتووە، بەڵکو لە دەڤەری سۆران و بادینان زیاتریش لە جاران هاتوونەتەوە ناوەوە؟

 

 

"دەبێت ئەو لایەنەی لەو سنوورە باڵادەستە وەڵام بداتەوە"

 

جوان ئیحسان: بەڵێ زیاتر لە ٢٠کم هاتوونەتە ناوەوە، پێویستە ئەو لایەنەی لەو سنوورانە باڵادەستە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە بۆچی تا ئێستا ئەو بڕیارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕێزی لێناگرێت و جێبەجێی ناکات؟.

 

-باشە خۆ حکومەتی هەرێم تەنیا لە پارتی پێکنەهاتووە، یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشی تێدایە، ئایا لەناو حکومەتدا تەنیا پارتی بڕیار دەدات؟

 

"پارتی هێزی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان"

 

جوان ئیحسان: دەبێت وا قیعیی بین، پارتی هێزی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان، لەڕووی ژمارەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمان و بوونی دەسەڵاتی یەکەمیش لە حکومەتدا، بۆیە بڕیارێک، کە خۆی بیەوێت جێبەجێی دەکات و نەشیەوێت پشتگوێی دەخات، بەڵام پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم لەشکرکێشییە، کە خەریکە دەگاتە ناو شارەگەورەکانیش دەنگیان دلێر بێت، چونکە شکاندنی شکۆی هەرێمی کوردستان و عێراقە، پێویستیشە پەرلەمانی هەرێم لێپیچینەوە لە حکومەت بکات، کە بۆچی بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ ناکات؟.

 

-بەبۆچوونی ئێوە هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان پارتی و دەوڵەتی تورک-دا هەیە وا بێدەنگە لەبەرامبەر هەڕەشە و لەشکرکێشییەکانی تورکیا؟

 

"وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت"

 

جوان ئیحسان: ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئاشکراش نەبێت، بینین و خوێندنەوەی ڕووداوەکان ، وات لێ دەکات بڵێیت ڕێککەوتن هەیە، بە بەڵگەی ئەوەی مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورک لە سنووری پارتی زۆر جیاوازە لە سنووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبەکانی دیکە، نمونەشمان ئاساییبکردنەوەی هاتووچۆی ئاسمانیی هەولێر و تورکیا و گرتنی ئەو هاتووچۆیەیە لەگەڵ سلێمانی.

 

-ئەگەر ڕێککەوتنێکی وا هەبێت، چ قازانجێکی پارتی تێدایە؟

 

"ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە گەورەترین هەڵەی ستراتیژییە"

 

جوان ئیحسان: تورکیا ئەوەندە دۆست نییە قازانج بەو لایەنە بگەیەنێت، کە بە بۆ ئەو باش بێت لە بەرامبەردا حەقی بداتێ، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە گەورەترین عەیبە و گەورەترین هەڵەی ستراتیژییە، راستە ئێمە پێویستمان بە پەیوەندی دبلۆماسیی هەیە، بەڵام نابێت لەسەر حسابی هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسیی دیکە بێت.

 

-دەوڵەتی تورک بە دیارییکراوی چ ئامانجێکی لە باشور؟

 

 

"دەیەوێت باشوری کوردستان بکات بە دووبەشەوە"

 

جوان ئیحسان: ئەردۆغان دەیەوێت باشوری کوردستان بکات بە دووبەشەوە، ئەوەی دەیکات بە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییە و فیتنەییەکە و فڕێی داوەتەناو ماڵی کوردەوە، لە هەر پارچەیەکی کوردستان کوردیان بە بابەتێکەوە سەرقاڵ کردووە، کیشەی هەرێمی، تیرۆر، کزکردنی ئابووریی، فیتنەیی شیعە و سونە، بۆئەویە دوورمانخەنەوە لەیەکتر، لە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ئابووریی سیاسی و کۆمەڵایەتییداین، ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزییە، نەک پارچە پارچە بکرێین، بۆیە سیاسەتی تورکیا نە لە بەرژەوەندی پارتی و نە لە بەرژەوەندی هیچ حزبێکی دیکەی کوردییدایە.

 

-کەواتە چۆن ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە دەبنەوە؟

 

"پێویستمان بە یەکگرتوویی و حیکمەتی سیاسیی هەیە"

 

جوان ئیحسان: ئەو سیاسەتە پێویستی بە بەرهەڵستکاریی سیاسیی و فکریی و ئابووریی هەیە، چونکە باشور بووە بە بازارێکی گەورە بۆ دەوڵەتی تورک، لەبەرامبەردا ئێمە ئابوورییەکی لاوازمان هەیەن، بۆ ئەوەش پێویستمان بە هۆشیاریی و ئازایەتییەکی سیاسیی و نەتەوەیی هەیە، بە پەرتەوازەیی شەڕی دەوڵەتە گەورەکەمان پێناکرێت، بۆیە پێویستمان بە یەکگرتوویی و حیکمەتی سیاسیی هەیە.

 

-بیانووی دەوڵەتی تورک چییە بۆ داگیرکردنی باشور و بەتایبەت شەنگال؟

 

"دەیەوێت خۆی لەوێ بەهێز بکات"

 

جوان ئیحسان: تورکیا پەکەکە و یەکێتی بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانێت بۆسەر خۆی، بۆیە بە حسابی خۆی هێڵی ئەمنیی بۆخۆی دورست دەکات لەو سنوورە و نایەوێت هیچ یەک لەو هێزانە لەوێ بمێنن، ئەگەر پەکەکەش لە شەنگال چووبێتە دەرەوە، ئەوا تورکیا دەیەوێت خۆی لەوێ بەهێز بکات، هەرچەندە ناتوانێت بە بابەتی پاککردنەوەی سنوور بزوتنەوەیەک کپبکات، بۆیە ئامۆژگاریی تورکیا دەکەم بیر لە ستراتیژیکی دیکە بکاتەوە و ئەو ستراتیژییە، نەزۆکە، دەبێت عێراق-یش قسەی هەبێت لەم بابەتەدا.

 

-هەڵوێستی یەکێتی چیی دەبێت لەم حاڵەتەدا؟

 

"یەکێتی قبوڵ ناکات"

 

جوان ئیحسان: یەکێتی بەردەوام بەشێک بووە لە چارەسەر و ڕێگای دیبلۆماسیی دەگرێتە بەر لە بارە ئاساییەکاندا، بەڵام لە بارە نائاساییەکاندا یەکێتی نیشتیمانیی قبوڵ ناکات بەبێ هۆکار غەدر لە هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسیی بکرێت، لە کاتی خۆشیدا دەستەووەستان ناوەستێت و بێدەنگ نابێت، یەکێتی زۆر جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوری عێراق دەکاتەوە وەک خۆی، بۆیە لەڕێگای عێراقەوە دەتوانێت فشار بکات.

 

-تورکیا تەنیا بە شەنگالەوە ناوەستێت و هەڕەشە لە کەرکوکیش دەکات، ئەگەر عێراق چووبێتە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیادا بۆ گرتنی کەرکوک، ئەوکاتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چی دەکات؟

 

"ئەگەر شەڕ بەردەرگامان بگرێت، خۆشمان شەڕکەرین"

 

جوان ئیحسان: کەرکوک بۆ ئێمە قودسی کوردستانە و دڵ و ڕۆحمانە، ئێمە هەوڵ دەدەین جگە لە چارەسەری سەربازیی چارەسەری دیکەمان هەبێت، خۆ ئەگەر شەڕ بێت بەردەرگامان بگرێت، خۆشمان شەڕکەرین، دەتوانین مافەکانی خۆمان بسێنینەوە، ئەوەی دڕکی داعشی شکاند لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگەکانی یەکێتی بوون، بەڵام ئێمە لەگەڵ چارەسەریی دبلۆماسییداین، کۆتا چارەسەر، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵیبژێرێت چارەسەری سەربازییە.

 

لینکی چاوپێکەوتنەکە بە ڤیدیۆ

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin