Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەحمەد شەماڵە

2018-04-03 13:34:36



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد، ئەحمەد شەماڵە.

 

ناوی تەواوی "ئەحمەد مەحموود"ە و بە "ئەحەی خولەسنەیی یان ئەحمەد شەماڵ" ناسراوە، لە ساڵی ١٩٢٣ لە گەڕەکی سەرشەقام لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

 

لەسەرەتای تەمەنیدا خراوەتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئان، کە ئەوکات حوجرەکان گرنگیەکی زۆریان ھەبووە، لەبەر ھەژاری وازی لە خوێندن ھێناوە و دەستی بەکارکردن کردووە و ئاوارەی شاران بووە، له ژیانیدا گه‌لێک كاری وه‌ك تونچێتی و كاروانچێتی و حه‌ماڵی و شوانی كردووه و ژیانی هه‌میشه پڕبووه له ده‌رد و كه‌سه‌رو ناخۆشی.

 

ئەم کەڵە ھونەرمەندە ھەر لە سلێمانی ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و باوکی شەش منداڵ بووە، کە ئەوانیش "جەمال و جەلال و جەزا و شەماڵ‌ و ناسک و بەناز"یان ناوە.

 

لەساڵی ١٩٥٣دا دەستی بەکاری ھونەری کردووە، پاش ئەوەی کە خەڵک وردە وردە گوێبستی دەنگی ئەو ھونەرمەندە دەبن، وای لێدێت خەڵکانێکی زۆر خۆشیان بووێت، لەگەڵ‌ زۆربەی ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمە گۆرانی وتووە، وەک هونەرمەندان ماملێ و زیرەک و مەردان.

 

جگه له‌وه‌ی، كه گۆرانییه‌كانی ڕه‌‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی خۆیه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گۆرانی بۆ ئه‌وینداران و سروشتی كوردستان وتووه و كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ر بووه،

 

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌نێو خه‌ڵكی به قسه‌خۆش ناوبانگی ده‌ركردووه و هه‌میشه قسه‌ی خۆشی له‌سه‌ر زاری بووه، بۆیه خه‌ڵكانێكی زۆر خۆشیان ویستووه و هه‌میشه سه‌ردانیان كردووه.

 

ئەم هونەرمەندە لە دوای مردنی لەلایەن چێنەر نزاری پەیکەرسازەوە پەیکەرێکی لە برۆنز بۆ دروستکراوە و لە چوارباخ کە شوێنی نیشتەجێ بوونی بووە لە شاری سلێمانی دانراوە.

 

ئەحمەد شەماڵ له ڕۆژی ٣-٤-١٩٩٧دا له‌ شاری سلێمانی له‌دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا کۆچی دوایی کردووە و هه‌ر لە سلێمانی به خاك سپێردراوە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin