Smiley face
Smiley face
Smiley face

کتێبی داستانی ژیانەوە لە یادی ٦٩ ساڵەی لەدایکبوونی ئۆجالان بڵاوکرایەوە

2018-04-04 19:24:35



ڕۆژنیوز - گۆران پێنجوێنی


چاپێکی نوێی کتێبی (داستانی ژیانەوە) لە یادی ٦٩ ساڵەی لەدایکبوونی ئۆجالان بڵاوکرایەوە، کتێبەکە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیی پرۆفیسۆر یاڵچین کوچووک-ە کە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامیداوە.


ئەمڕۆ لە یادی ٦٩ ساڵەی لەدایکبوونی ئۆجالان، کتێبی داستانی ژیانەوە بە شێوەزاری سۆرانی و لە چاپێکی نوێ و بە دیزاینێکی تازە، بڵاوکرایەوە.


کتێبەکە ئەگەرچی چاوپێکەتنێکی چارەکە سەدەیەک بەر لە ئێستایە و بۆ جاری سێیه‌م-ه‌ چاپ ده‌کرێته‌وه‌ و ساڵی ١٩٩٣ پرۆفیسۆری تورک یاڵچین کوچووک، لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامیداوە، بەڵام شێواز و سەرەداوەکانی ئێستای فیکری گەشەکردووی ئۆجالانی بە ڕوونی تێدا دەخوێنرێتەوە.


هەروەها بە گشتیی خوێندەواران لەم کتێبەدا ئەوە دەخوێننەوە، کە پارادایم و جیهانبینیی ئۆجالان هەر لەو کاتەوە گەڵاڵە بووە؛ بۆ نموونە دەربارەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت، ئۆجالان ئەوساش ئەو تێگەشتنەی هەیە کە ناسیۆنالیزم کێشەی کورد چارەسەر ناکات و هەروەها دەوڵەتی نەتەوەییش چارەسەر نییە، بەڵکو ئەو خەونی گرینگتر و گەورەتری هەیە، بە کورتی ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ مرۆڤایەتیی تێکۆشان دەکات نەک تەنها بۆ گەلی کورد.


لە کتێبەکەدا ئۆجالان دەڵێت: "ئەگەر دەوڵەت سەربەخۆیشمان بداتێ، هەر لە بەجێهێنانی ئامانجەکانمانەوە دوورە. ئێمە گرێی دەوڵەتی کوردی و ئۆتۆنۆمی کولتووری و ئیداری یان چارەسەری لەم چەشنەمان نییە".


ناوەڕۆکی کتێبی "داستانی ژیانەوە" لە شەش بەش پێکدێت، ئۆجالان لەو پەرتووکەدا جەخت لە دروستبوونی کەسێتیی خۆی دەکات کە چۆن لەنێو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتییدا هاتووەتە ژیانەوە، ئەو باسی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی مرۆڤی کورد، ژن، ئەدەب، هونەر دەکات؛ هەروەها ئاماژەش بە فاشیزمیی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات.


ئەو کتێبە وەڵاێیکە بۆ ئەو کەسانەی کە کەسێتی ئۆجالان و فیکری پەکەکە ناناسن. کتێبەکە شیکردنەوەی قوڵ دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتیی و فیکریی و سیاسییەکانی گەلی کورد و کوردستان دەخاتەڕوو.


هەروەها ئۆجالان، هەڵسەنگاندن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیی دەکات، کە چۆن بوونەتە هۆی ئەوەی ئەجێنداکانی فاشیزمی تورکیی جێبەجێ دەکەن و دەڵێت: "لەوە دەرچووە حیزبێک بێ و بووە بەهێزێکی نیمچە سەربازیی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، واتە ڕێکخستنی میلیشیای مەدەنییە و لەڕادەبەدەر گرێدراوی دەوڵەتی تورکیایە".


ئه‌و کتێبه ‌"داستانی ژیانه‌وه‌" ئێستا له ‌سه‌رجه‌م کتێبخانه‌کانی باشووری کوردستان دەستدەکەوێت‌.

 


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin