ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد
٢١-یەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ بەخولی عەفرین دیاریكرا و لە سلێمانی دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ، ٢١-یەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ لەژێر ناونیشانی "بەرەو تێپەڕاندنی چوارچێوە داخراوەكان" بە خولی عەفرین دیاری کرا و بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ لەهۆڵی تەوار بەردەوامبێت.
لە فیستیڤاڵەکەدا مەلا بەختیار وەک سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە، ڕایگەیاند: تا ٢٥-یەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ من گەرەنتی بەردەوام بوونی دەدەم و لەگەڵی دەبم و سەرپەرشتی دەکەم، بەڵام دوای ئەوە ئیتر فیستیڤاڵەکە دەسپێرم بە کەسانی دیکە.
بەپێی كارنامەی فیستیڤاڵ، دیداری شیعری و دیداری چیرۆك و پێشكەشكردنی توێژینەوەی عەرەبی و فارسی و كوردی لەسەر چەند تەوەرێكی جیاواز پێشکەش دەکرێن.
لە كارنامەكەشدا هاتووە، پیشانگەی كتێب لەهۆڵی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی و پیشانگای شێوەكاری لەلایەن گروپی هونەریی دڵخواز دەربارەی بەرخودانی عەفرین دەكرێنەوە و چەندین شیعر لەلایەن شاعیرانەوە پێشکەش دەکرێن و چەندین دیداری چیرۆک و بابەتی هونەری پێشکەش دەکرێن.
لەكۆتایی فیستیڤاڵەکەشدا خەڵاتی (فوئاد مەجید میسری) بە ڕۆماننوسێكی كورد و خەڵاتی (كوردستان) بە داهێنەرێكی بیانی و خەڵاتی تایبەت بەسەركەوتووانی ناو فێستیڤاڵەکە دەدرێن.
س.ح