Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاریگەریی دراما تورکییەکان لەزاری هونەرمەندانەوە

2018-04-07 08:09:35



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بەشێك لە شێوەكارانی هەڵەبجە و كەلار ئاماژە بەوە دەكەن، كە دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان كاریگەری خراپیان لەسەر كەلتووری كوردەواریی داناوە، دەشڵێن: دەبێت بایكۆتی ئەو دراما توركییانە بكەین و زیاتر گرنگی بە هونەر و درامای كوردیی بدەین.

 

تا دێت، ناڕەزایەتییەكان دژی پەخشكردنی دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان زیاتردەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێك لە شێوەكارانی شاری هەڵەبجە و شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز باسی ئەو كاریگەرییانە دەكەن.

 

ئاری عەلی، شیوەکارێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە، دەڵێت: پەخشكردنی دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان زیانێكی زۆریان بە هونەر و ئاستی هونەرمەندانی كورد لە باشوری كوردستان گەیاندووە، بۆیە داواكارین بواری زیاتر بدرێت بەهونەرمەندانی كورد بۆ پێشكەوتنی ئاستی هونەری ئێمە و پڕكردنەوەی ئەو كاریگەرییە خراپەی ئەو درامایانە بەكاری جوانتر و شایستەتر بە كۆمەڵگای كوردی.

 

شێوەكارێكی دیکەی هەڵەبجە، بەناوی ڕوخسار ڕەحمەت، نایشارێتەوە، کە دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان چوونەتە نێو ژیانی هاوڵاتیانی باشوری كوردستان و كاریگەری خراپیان لەسەر كەلتووری كۆمەڵگای کوردەواریی داناوە، دەشڵێت: دەبێت پەخشی ئەو درامایانە ڕابگیرێت و ئێمەی شێوەكار و هونەرمەندان بە هونەرەكانمان ئەو بۆشاییە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا بەباشتر پڕ بكەینەوە.

 

هەروەها سەردار حەمید-ی شێوەکار و دانیشتووی شارۆچكەی كەلار، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە جیا لە كاریگەری خراپی دراما توركییەكان، هونەری وڵاتانی تری ئەوروپیش زاڵبووە بەسەر كۆمەڵگای کوردیدا، باس لەوەش دەکات: خێزان و هاوڵاتی ئێمە بەدوورە لەو نەریت و ڕەفتارە نەشیاوانەی كە لە دراماكانەوە پەخش دەكرێت، بۆیە باشترین هەنگاو ئەوەیە هاوڵاتیان بایكۆتی ئەو دراما توركیانە بكەن و حكومەتیش هەوڵی ڕاگرتنیان بدات.

 

ڕێناز نامیق-یش شێوەكارێكی دیكەی شارۆچكەی كەلارە و دەڵێت: دراما دۆبلاژكراوە توركییەكان بەجۆرێك كاریگەریان داناوە، كە كەلتووری خۆمان لەبیرچووەتەوە، بۆیە دەبێت هەمووان بایكۆتی ئەو درامایانە بكەین و گرنگی زیاتر بە هونەر و هونەرمەندانی خۆمان بدەین.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin