Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەوین، لە ژنێکی سادەوە بۆ ژنێکی خاوەن ئیرادە

2018-04-07 11:08:30



ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

وتەیەک هەیە کە دەڵێت "ئابوری سەربەخۆ سیاسەتی سەربەخۆ بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بۆ حزب و وڵات، بەڵکو بۆ کەسەکانیش ڕاستە، ئەوین ژنێکە لە ناو شاری سلێمانیدا و وەک خۆی دەڵێت، چەندە دژایەتیش کراوە، پەرەوەی بە کارەکەی داوە و پشتی بەخۆی بەستووە.

 

ئەوین محەمەد ئەمین، مامۆستایە، بەڵام بڕیاری داوە کە جگە لە پیشەی مامۆستایەتی، سەرچاوەیەکی دیکەی ئابوری سەربەخۆ بۆخۆی دەستەبەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش، نووسینگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردووەتەوە، لەوبارەیەوە وەک خۆشی دەڵێت، لەو بوارەدا ڕەنگێکی نوێی بە ژیانی بەخشیوە و توانیویەتی ببێتە ژنێکی خاوەن ئیرادە.

 

ئەوین جگە لەوەی کە مامۆستایە و خاوەنی ئەو نووسینگەیەشە، بەهرەی جیاوازی دیکەشی هەیە، شیعر دەنووسێت و کاری ئەکتەریشی کردووە، باس لەوە دەکەات، کە لە درامای گەردەلوولدا بەشداریی کردووە و ڕۆڵی دایکی کاوەی بینیوە، هەروەها لە فیلمەکانی 'ئۆمێدی شارێک'، 'شێرپەنجەی وڵاتەکەم' و زۆر درامای دیکە کاری نواندنی کردووە.

 

لەبارەی شێوازی دەستپێکردنی ئەو کارەی ئەوین بۆ ڕۆژنیوز، دەڵێت: من سەرەتا بە سەرمایەی ٢٠٠ هەزار دینار و هاوکاری هاوڕێیانم دەستم پێکرد، بە هۆی دەوڵەمەندبوونی ئیرادەم توانیومە بەردەوامبم و پەرە بە کارەکەم بدەم.

 

 

ئەوین ڕەخنەی لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنان بە گشتی هەیە و دەڵێت: ژنانی کۆمەڵگە لەبری پشتیوانیکردنی یەکتر، دێن دژایەتی هاوڕەگەزی خۆیان دەکەن و ڕێگە ناکەنەوە بۆ کەسێکی وەکو من کە خاوەن پڕۆژەیەکی وەهام، بۆ ئەوەی هەم لە لایەنی ئابووری و هەمیش لە لایەنی مەعنەوییەوە پێش بکەوم، تەنانەت دەچن کارەکانیان بۆ پیاوان دەبەن، بۆیە بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارییە و هەموو دەرگاکان لە بەردەمیاندا کراوەتەوە.

 

 

لەسەر خوێندن و بەکارهێنانی بڕوانامە، ئەوین جیاوازتر لە زۆر کەس بیردەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە دەخوێنین و بڕوانامە بە دەست دەهێنین، بەڵام مەرج نییە کە هەر لەو بوارەدا دابمەزرێین، بەڵکو وەک چرایەکە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگای ژیان بەکاری دەهێنین".

 

ئەوین نیگەران بوو لەوەی وەک ژنێک هاوکاری نەکراوەو سێ ساڵیشە بەردەوامە لە کارەکەی و، ئەوەشی وت:"سەرەتا لە بازاڕی سۆز کارم دەکرد، بەداخەوە وەک ژنێک منیان قبوڵ نەدەکرد و دژایەتیان دەکردم، ئەمەش تایبەت نییە بەوەی کە ژنم، ڕاستە بەشێکە لە ڕاستی ژیان کە بۆ بەرامبەر هەزم نابێت".

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin