Smiley face
Smiley face
Smiley face

چاودێران: به‌عس له‌ ئه‌نفالدا ژینگه‌شى وێران کرد

2018-04-12 09:40:23



ڕۆژنیوز - ئاشتى ئه‌حمه‌د 


چاودێرانى بوارى ژینگه‌ ده‌ڵێن، له‌ کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌نفالدا ڕژێمى به‌عس جگه‌ له‌ کۆمه‌ڵکوژیی، ژینگه‌شى له‌ناوبرد، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێمیش له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا نه‌یتوانیوه‌ بایه‌خ به‌ ژینگه‌ بدات.


ڕۆژى ١٤ى ئه‌م مانگه‌ ٣٠ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌نفالدا، که‌ له‌ ساڵى ١٩٨٨ به‌ هه‌شت قۆناغ ڕژێمى به‌عس ١٨٢ هه‌زار کوردى باشورى کوردستانى ئه‌نفال کرد.


د. هه‌ڵه‌ت ڕه‌شید پسپۆڕى جوگرافى و مامۆستا له‌ زانکۆى ڕاپه‌ڕین بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و وتى: له‌ پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنى خه‌ڵکه‌که‌ى و وێرانکردنى گونده‌کان، بێگومان ژینگه‌ش له‌گه‌ڵیدا له‌ناوبراوه‌، دیاره‌ له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نه‌یتوانى بایه‌خ به‌ ژینگه‌ بدات.

 


د.هه‌ڵه‌ت وتیشى: ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى پلان و هۆشیارى ژینگه‌یى له‌لاى حکومه‌ت نه‌ک لاى تاکه‌کان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌مى بووبێت یاخود له‌به‌رئه‌وه‌ بووبێت خه‌ڵکى نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌کان و پرۆسه‌ى کشتوکاڵ پێش نه‌که‌وێت، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بیانه‌وێت به‌روبووم هاورده‌ بکه‌ن و بازرگانییه‌که‌ش بکه‌وێته‌ ده‌ستى حزبه‌وه‌.


ئه‌و مامۆستاى زانکۆیه‌ پێیوایه‌، له‌ شاره‌کانیشدا حکومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ ڕێژه‌ى سه‌وزایى زیاد بکات و بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستى ستاندارد، له‌به‌ر بێ پلانى و گرنگى نه‌دان به‌ ژینگه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ى به‌ لاى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ گرنگ بووه‌ بابه‌تى داهاتوو و پاره‌ بووه‌.


له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆکى ڕێکخراوى ئاینده‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتى: پرۆسه‌ى جینۆسایدى کورد به‌ ناوى ئه‌نفال له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ کورد له‌ عێراقدا له‌ ڕووى جوگرافییه‌وه‌ بسڕێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى هیچ هاوڵاتییه‌ک نه‌توانێت له‌و ناوچانه‌دا ژیان بگوزه‌رێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ چۆڵکردنى گونده‌کان و قه‌ده‌غه‌کردنیان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ زیانێکى گه‌وره‌ى گه‌یاند به‌ ژینگه‌ى باشورى کوردستان له‌ ڕووى ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رى کێویى و پاوه‌ن و باخ و دارى سروشتى.

 


باسى له‌وه‌ش کرد: به‌ داخه‌وه‌ له‌ ٣٠ ساڵه‌ى یادکردنه‌وه‌ى جینۆسایدى ئه‌نفالدا حکومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى زانستى کار له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ کورد کراوه‌ بکات له‌ ڕووى له‌ناوچوونى خه‌ڵک و ژینگه‌وه‌، بێگومان له‌ناوبردنى ژینگه‌که‌ش هیچ که‌متر نییه‌ وه‌ک له‌ناوبردنى خه‌ڵکه‌که‌ى.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin