Smiley face
Smiley face
Smiley face

سێ ژن خواردنەکانی باکور دەهێننە سلێمانی

2018-04-12 11:04:30



ڕۆژنیوز ـ سەمیرا شەهابی

 

سێ ژنی باكوری كوردستان بە دروستكردنی خواردن و شیرینی شەقامی بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانیان ڕازاوە كردووە و رێبواران ئاشنا بە خواردنەکانی باکور دەکەن.

 

لەمێژە كورد لەنێو ماڵی خۆیدا ئاوارە دەكرێت، هەندێك جار لە باشوری كوردستانەوە ئاوارەی ڕۆژهەڵات  دەكرێن و هەندێك جار لە باكورەوە بۆ ڕۆژئاوا و هەندێك جاریش لە ڕۆژئاواوە بەرەو باشووری كوردستان، لە ئێستاشدا بەهۆكاری جیاواز كوردان لە پارچە جیاوازەكانی كوردستانەوە ئاوارەی باشوری كوردستان بوون.

 

فەلەك و سونگول و فاتمە، سێ‌ ژنی باكوری كوردستان-ن كە بە هۆكاری سیاسیی ئاوارەی باشوری كوردستان بوون، بەڵام ئاوارەبوون نەیتوانیوە خەندە و خۆشیی سەر دەموچاویان و ئیرادەیان تێكبشكێنێت و هەریەکە و لەپشت عارەبانەکەیانەوە لەبەردەم باخی گشتیی لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی خواردن و شیرینی پێشكەشی ڕێبواران دەكەن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەكەن.

 

فەلەك كامیل، یەكێك لەو ژنانەیە و خواردنی پڵاوبە نۆك و مریشك دەفرۆشێت، چیرۆكی ئاوارەبوونی خۆی بۆ گێراینەوە و پێی وتین: بەهۆی فشارەكانی دەوڵەتی توركەوە چوار ساڵ لەمەوبەر ناچاربووین ڕوو بكەینە باشوری كوردستان، ئێستاش بۆ دابین كردنی بژێوی ژیان لە گەڵ ژنێكی هاوڕێم ڕۆژانە لە شەقام مەولەوی لە دوكانێك خواردنەكە ئامادە دەكەین و دواتر دێینە ئێرە دەیفرۆشین.

 

 

فەلەك دڵخۆش بوو بە كارەكەیی و دەیوت: دڵخۆشم كە كار دەكەم و بە ڕەنجی شانم دوو منداڵەكەم بە خێو دەكەم.

 

سونگول حاکیم، تەمەن ٢٨ سالە، ژنێكی سادە و دەم بە بزە بوو، سەرەتا كە چووینە لای وامانزانی قسە ناكات، ئەو دڵخۆش بوو بە بەسەركردنەوەمان و بەڵام لە سیمای ئارامیدا شەرم دەبیندرا، بۆیە زوو زوو لە هەوڵی ئەوە دابوو كە قسەكانی تەواو بكات.

 

 

سۆنگول وتی: بەیانیان لە كاتژمێر ١١ وە دێمە ئێرە و تا خۆرئاوا بوون كاردەكەم و شیرینیی دروست دەكەم، بەڵام هەویرەكە لە ماڵەوە ئامادە دەكەم، ماوەی سێ مانگە لێرم و ئەو پارەیەی دەستم دەكەوێت بەشی ژیانمان دەكات.

 

چەند هەنگاوێك لەولای سونگول، ژنێكی دیكە هەبوو بە ناوی فاتمە شوکری، كە جیاواز لە هاوڕێكانی لە ئەنتالیا مامۆستا بووە و فشارەكانی دەوڵەتی تورك وایکردووە، كە بێنە باشور و بەهۆی ئەوەی منداڵەکەی گورچیلەی نەخۆشە، زۆرترین ئەو پارەرەی پەیدای دەکات بە کڕینی دەرمان خەرجی دەکات.

 

 

كارەكردنی فاتمە جێگەی سەرنج بوو، چونكە لە هەرێمی كوردستان هیچ ژنێك نییە كاری فرۆشتن و ئامادەكردنی دۆنەر بكات، بەڵام فاتمە لەكارەكەی ڕازی بوو، هەروەها ئاماژەی بەوەدەكرد كە رێبواران و كڕیارەكان بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

 

ئەم سێ ژنە باكورییە، وەك دەیان كەسی تر بە هۆكاری سیاسی بوون و كوردبوون ناچاری پەنابەربوون، ئەوان وەك خۆیانیش وتیان، زۆر دڵخۆشن كە خەڵكی سلێمانی بە گەرمیی پێشوازییان لێدەكەن و دەستخۆشییان لێدەكەن كە وەك ژنێك لە سەر پێی خۆیان بۆ ژیان تێدەكۆشن و خاوەن كاری خۆیانن.

 

فاتمە و فەلەك و سۆنگول، داوایان لە ژنان دەكرد، كەكاربكەن و هێز و توانایان دەربخەن، پێیان وابوو ژنان دەتوانن هەموو كارێك بكەن و بە دەست و پەنجە و بەهرەكانیان ژیان ڕەنگینتر بكەن.​

 

 

لینکی ڤیدیۆ

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin