Smiley face
Smiley face
Smiley face

کار بۆ زیندوکردنەوەی کەلتوری هەڵەبجە و شارەزوور دەکرێت

2018-04-14 19:38:35



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بۆ زیاتر گفتوگۆكردن لەبارەی بەرەوپێشچوونی ناوچەكە لەبواری گەشەپێدان و زیندووكردنەوەی كەلتور و فەرهەنگ، ڕێكخراوی گەشەپێدانی كەلتوری هەڵەبجە دیبەیتێكی بۆ چەند مامۆستایەكی زانكۆ و ئایینی و کەلتوریی سازكرد.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە مۆزەخانەی كەلتوری شاری هەڵەبجە، ڕێكخراوی گەشەپێدانی کەلتور، دیبەیتێكی بۆ گەشەپێدان و زیندووكردنەوەی کەلتور و فەرهەنگی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان ڕێكخست.

 

سەرەتای دیبەیتەكە، مامۆستا تاهیر بامۆكی، مامۆستای ئایینی، بابەتێكی بەناوی "تایبەتمەندی كەلتوری ناوچەكە بەراورد بە ناوچەكانی تر و چۆنیەتی پاراستن و گەشەپێدانی" پێشكەشكرد و وتی: کەلتوری ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە و شارەزوور دەوڵەمەندە لە شوێنە ئایینییە جیاوازەكانی وەك ئیسلام و كاكەیی و مەسیحی و جولەكە و تا ئێستاش ئاسەواریان لە ناوچە جیاوازەكان ماوە، وەكو خوێندنگە و خانەكانی بیارە و تەوێڵە و چەند پەرستگایەكی یارسانەكان لە هاوار.

 

 

بامۆكی، ئەوەشی ئەوەشی وت: ئەو شوێنانە بوونەتە شوێنی پێگەیاندنی دەیان و سەدان كەسایەتی ئایینی و نووسەری بەتوانای گەلەكەمان، هەر بۆیە دەبێت لەڕێگای ئەم ڕێكخراو و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارانەی ڕۆشنبیری و هونەری، كار بۆ پاراستن و گەشەپێدانیان بکەین.

 

پاشان نەریمان عەبدوڵا، مامۆستای مێژوو لە زانكۆی هەڵەبجە، وتی: کەلتوری هەڵەبجە كۆنە و دروستبوونی خودی شارەكە دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین، كە دەتوانین لە ئەو پارچە ئاسەوارە دۆزراوانەی گوندی بەكراوادا بیسەلمێنین كە تیمێكی شوێنەوارناسی ئەڵمانی كنە و پشكنینیان بۆ كردوە و هەڵەبجە خاوەنی کەلتوری تایبەتی خۆی بووە.

 

 

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، وتیشی: پێكەوەژیانی ئایینی نێوان مسوڵمان و جولەكە و كاكەییەكان و تێكەڵبوونی کەلتورە جیاوازەكانی سۆرانییەكان و هەورامییەكان لەناوچەكە، یەكێكی ترە لە کەلتورە جوانەكانی هەڵەبجە، كە تائێستاش خەڵكەكەی شانازی پێوەدەكەن، ئەمەش وایكردوە زۆربەی تاكەكانی ئەم ناوچەیە ببن بە كەسایەتی دیار و نووسەر و شاعیر و مێژوونووس.

 

لەدرێژەی دیبەیتەكەدا، ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەند و مۆزیسیان، باسی لە پەیوەندی هونەر و کەلتور و تایبەتمەندییەكانیان و چۆنییەتی پاراستنی كرد و ڕایگەیاند: ڕەنگدانەوەی هونەر لە بۆنە ئایینی و نیشتیمانییەكانی گەلەكەمان لەم ناوچەیە، سیمایەكی زۆر جوانی بەخشیوەتە کەلتوری كوردەواریی، كە بە وتنی سرودی نیشتیمانی ئەی ڕقیب و كوردستان و نەورۆز و سرودی ئایینی بۆ یادی پێغەمبەر (د.خ) و جەژنەكانی ڕەمەزان و قوربان، مێژوویەكی پرشنگداری هونەرییان نووسیوەتەوە.

 

 

وتیشی: هەورامان ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە لە پێشخستنی هونەر لە جلوربەرگ و گۆرانی و سیاوچەمانەی تایبەت بە هەورامییەكان.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin