Smiley face
Smiley face
Smiley face

شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق

2018-04-15 09:13:00



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەرچووە، ڕێوشوێنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و شێوازی تۆمارکردنی لیستەکان و خۆکاندیدکردن دیاری کراوە، کە لەم ڕاپۆرتەدا بەشە گرنگەکانی یاساکە دەخینە ڕوو.

 

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣٢٨ کورسی پێکهات، کە ٨ کورسییان بۆ کەمینەکان بوو، چەند مانگێک لەمەوبەر بە بڕیارێکی بە بڕیارێکی ئەنجومەنەکە، کورسییەک بۆ کەمینەکان زیاد کرا و کرایە ٩ کورسی.

 

بڕیار وایە ڕۆژی 12/ئایار/2018 خولێکی نوێی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیش بەپێی یاسایی هەڵبژرادنەکانی عێراق دەبێت، هەروەها دەنگدانی تایبەت پێش 48 سەعات لەپیش وادەی هەڵبژاردن دەبێت کە لەم دەنگدانە تایبەتەدا هێزەکانی ناوخۆ و بەرگریی و زیندانی کراوەکان، نەخۆشی ناو نەخۆشخانەکان و ئەو کەسانەی کۆچبەر کراون، لەگەڵ پەنابەرەکانی تاراوگە دەنگ دەدەن.

 

لە ڕۆژی 15/4/2018 وە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و 24 کاتژمێر پیش دەستپێکردنی دەنگدان بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگیرێت.

 

یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ژمارەی 45 دەرچووە لە ساڵی 2013 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم یاسایە لەساڵی 2017 دا هەموار کراوەتەوە، جارێکی تر لەساڵی 2018 دا هەموار کرایەوە.

 

بەپێی ئەم یاسایە پێش تەواوبوونی خولی پێشوو دەبێت بەلایەنی کەمەوە پێش  45 ڕۆژ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ڕۆژی هەڵبژاردنیش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن دیاری دەکرێت، کە ئەمەش بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت و لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەنوسراو ڕۆژەکە ئاشکرا دەکرێت.

 

هەڵبژاردنەکان بۆ ڕکابەریکردنی لایەنەکانە لەسەر 320 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە هەڵبژاردنەکە بەشێوەی بازنەییە و ژمارەی کورسیەکانی هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی دیاری دەکرێت، کە بۆ هەر 100هەزار کەسێک کورسییەک دیاری دەکرێت، بێجگە لەوە نۆ کورسی بۆ کەمە نەتەوەکان دیاری کراوە، کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت بەسەریاندا، پێنج کورسی بۆ کریستیان-ەکانە لەپارێزگاکانی بەغدا موسڵ، دهۆک، هەولێر، کەرکوک، وەریدەگرن، واتا پێنج کاندید لەو پارێزگایانە بۆ خۆیان دیاری دەکەن، ئێزدی-یەکان یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا وەردەگرن، سائیبەی مەندایی، یەک کورسی لە بەغدا وەردەگر، هەر لە پارێزگای موسڵ شەبەک یەک کورسی وەردەگرێت.

 

کێ‌ دەتوانێت دەنگ بدات؟

 

بەپێی یاساکە، هەرکەس ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت و تەمەنی ١٨ساڵ بێت و کەسایەتییەکی کامڵی هەبێت (واتا باری دەرونی تەواوبێت) ناوی خۆی لە تۆماری دەنگدەران تۆمار کردبێت، دەتوانێت دەنگ بدات، هەروەها دەنگدان تەنها لەیەک ڕۆژدا بەڕێوە دەچێت، ئەو کەسەی دەچێت دەنگ بدات، دەتوانێت دەنگ بە لیستێک و کاندیدێک لەناو لیستەکەدا بدات، دەشتوانێت تەنها دەنگ بە لیستێک بدات و هیچ کاندیدێک دیاری نەکات.

 

کێ‌ دەتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؟

 

ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات پێوستە ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت، کەسایەتی پێگەیشتووی هەبێت (واتا باری دەرونی تەواو بێت)، پێویستە تەمەنی 30 ساڵ کەمتر نەبێت، دەبێت سزا نەدرابێت لەبەر ئەنجامدانی تاوان، پێویستە لەو کاتەی خۆی کاندید دەکات سەرباز نەبێت و ئەندامی دەزگای ئەمنی نەبێت، هەروەها پێویستە بڕوانامەی بەکالیۆریۆسی هەبێت یاخود بڕوانامەیەکی هاوتای ئەو، بەڵام بەپێی یاسا هەموار کراوەکە هەر لیستێک دەتوانێت 20% ی کاندیدەکانیان بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت.

 

کۆمیسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی کاندیدەکان دەنێرێت بۆ کۆمیسیۆنی نیشتیمانی یەکسانی و دەستپاکی بۆ ئەوەی بڕیار بدەن لەسەر دروستی کاندیدبوونی لەماوەی 15 ڕۆژدا.

 

تۆمارکردنی لیست

 

بەپێی یاساکە، سێ‌ جۆر لیست هەیە، لیستێک پێی دەوترێت لیستی تاکەکەس، کە یەک کەس دەتوانێت خۆی کاندید بکات و لیستێکی سەربەخۆی هەبێت، جۆرێکی تری لیست لیستی پارتە سیاسیەکانە، کە پارتە سیاسییەکان سەربەخۆ بەناوی خۆیانەوە لیست تۆمار دەکەن و لیستی ناوی کاندیدەکەیان پێشکەش دەکەن، جۆرێکی تری لیست، لیستی هاوبەشی چەند لایەن و قەوارەیەکی سیاسییە، کە پێکەوە لیستێک تۆمار دەکەن و بەهاوبەشی کاندیدەکانیان دیاریی دەکەن، لەهەموو لیستێک کە پێشکەش دەکرێت، نابێت ڕێژەی ژن 25% کەمتر بێت، مەرجە کە لیست پێشکەش دەکرێت لە ڕیزبەندیەکەدا لەدوای سێ‌ پیاو ژنێک هەبێت، دواتر بەگوێرەی ئەو دەنگەی هێناویانە ناوی کاندیدەکان لەناو لیستەکاندا ڕیزبەند دەکرێت، ئەگەر دوو کەس وەک یەک دەنگیان هێنابوو بە ڕاکێشانی ناو ڕیزبەندیەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە.

 

ئەو هەڵسوکەوتانەی کە قەدەغەن لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کاتی هەڵبژادندا

 

قەدەغەیە لە شوێنە حکومییەکان بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت، هەروەها نابێت شوێنە ئاینەکان و ڕەمزە دینیەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێندرێن، نابێت لۆگۆی فەرمی حکومەتی عێراق بەکاربهێندرێت، نابێت بەرپرسێکی حکومی ماڵی و پارەی دەوڵەت بەکار بهێنێت بۆ بانگەشە بۆ خۆی یان بۆ کەسی تر، نابێت هێزی ئەمنی و سەربازی بەکار بهێندرێت بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن یان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin