Smiley face
Smiley face
Smiley face

٥٠٣ کاندید لە هەرێمی کوردستان کێبڕکێ بۆ ٤٦ کورسی دەکەن

2018-04-15 13:27:23



ڕۆژنیوز - بڕیار محەمەد

 

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە هەموو ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن تەواوكراوە و ڕۆژی ١٢ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ٥٠٣ کاندید لە هەرێمی کوردستان، کێبڕکێ لەسەر ٤٦ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

 

کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ئۆفیسی هەرێمی کوردستانی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق لە شاری هەولێر، لەبارەی بەشداریکردنی ژن لە هەڵبژاردنەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بۆ مازن عەبدولقادر، سەرۆكی ئۆفیسی هەرێمی كوردستانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق و پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

 

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن، مازن عەبدولقادر ڕایگەیاند: ئێمە تەواوی ئامادەكارییەكانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی كوردستان تەواوکردووە.

 

 

ڕاشیگەیاند، کە لەمڕۆوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و داوا لەسەرجەم لایەن و لیستەکان دەکەین  ڕێنماییەکانی  بانگەشە بپارێزن و پێشێلکاری ئەنجام نەدەن.

 

هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بەخشان زەنگە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێم وتی: دەبوو حزبەكان كاندیدی زیاتر دیاریبكەن بۆ ئەوەی پێگەی ژن لە ناوەندەكانی بریار و پەرلەمان زیاتر بێت، تاوەكو بتوانن داوای مافە ڕەواكانی ئافرەتان بكەن.

 

 

هەروەها وتیشی: نابێت هیچ لایەنێكی سیاسیی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی  قسەی ناڕەواو تەشهیر بەرامبەر بە كاندیدی ژن قبوڵ بكات.

 

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، لە هەرێمی كوردستان ٣ ملیۆن و ١٤٤ هەزار دەنگدەر بوونیان هەیە، كە بەپێی یاسا ٢٥ قەوارە لە سنووری هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن و پێکهاتوون لە ١٩ حزب و ٤ هاوپەیمان و ٢ كاندیدی سەربەخۆ.

 

لە كۆی ئەو لیستانە، ٥٠٣ کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان کاندید کردووە، لەو ژمارەیەش ٣٥٧ كاندیدیان پیاون و ١٤٦ كاندیدیشیان ژنن، بەپێی ئەو بڕگە یاساییەی كە لە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دیاریكراوە، دەبێت نوێنەرایەتیی ئافرەتان لە پەرلەمان لەسەدا ٢٥ كەمتر نەبێت، هەموو ئەو كاندیدانەش لەسەر ٤٦ كورسی پەرلەمانیی بۆ هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی كوردستان كێبڕكێ دەكەن.

 

لەم هەڵبژاردنانەدا، پارێزگای هەولێر ١٦ كورسی و پارێزگای سلێمانی ١8 كورسی و پارێزگای دهۆك ١٢ كورسی بۆ دیاریکراوە، کە دوو كورسییان پشکی كەمینە ئایینییەكانە.

 

لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ١٧٣ بنكەی دابەشكردنی كارتی دەنگدان هەیە و تاوەكو ئێستا بنكەكان كراوەن، هەموو ئەوانەی كە لە ساڵی ٢٠١٤وە تۆماری بایومەترییان كردووە، دەتوانن كارتەكانیان وەربگرنەوە، ئەوانەی تریش لە ڕێگای كارتە كۆنەكانی ساڵی ٢٠١٤وە دەنگ دەدەن، بەڵام هیچ دەنگدەرێك بەبێ كارتی فەرمی دەنگدان مافی دەنگدانی نابێت.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin